رۆژی ١٠ ی خاکەلێوە ئەو ڕۆژەیە کە لەساڵی ١٣٢٦ی هەتاوی، پێشەوا قازی محەممەد سەرۆک کۆماری کوردستان و حەمە حسین خانی سەیفی قازی و ئەبولقاسمی سەیفی قازی لەدوای مەحکوم بوونیان بە ئێعدام لە دوو دادگای فەرمایشیدا ،بە دەستی رژیمی دژ بە کوردی پاشایەتی لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لە سێدارە دران. لەسێدارە دانی پێشەوا قازیی محەممەد لەو رۆژە دا خەسارەتێکی گەورەی لە بزووتنەوەی رزگاریخوازانەی نەتەوەکەمان دا و خەم و کۆستێکی مەزنیشی لە ناو دڵی هەموو تاکێکی....
خاوەن هەستی کورد دروست کرد. لە سێدارەدانی قازی محەممەد لەگەڵ ئەوەی تاوانێکی گەورە بوو بەرانبەر بە گەلی کورد و شەهادەتی ئەو رێبەر و کەسایەتیە دەگمەنەی کورد هەرگیز لەبیر دانیشتوانی کوردستان ناچێ، هاوکات کۆتایی هاتن بە ئەزموونی سەرکەوتووانەی کۆماری کوردستانیش بوو، ئەو کۆمارەی بۆ ماوەی 11 مانگ دەسەڵاتی ئیداریی و بەرێوەبەریی ناوچەکانی سەر بە کۆماری لە دەست دابوو و ببوو بە هیواو هومێدی هەموو کوردێکی ئازادیخواز لەسەرتاسەری کوردستاندا. ئەوەی جێگەی فەخر و شانازییە بۆ گشت کوردێک ئازایەتی و نەبەردی قازیی محەممەد لەماوەی دەسەڵاتی کۆمار و بە تایبەتیش لە کاتی مانەوەی لە سیاچاڵەکانی رژیمی شا بوو کە زۆر قارەمانانە لە بەرانبەر شکەنجەو هەرەشەی جەللادەکاندا وێستایەوەو بە مقاومەتی نەبەزانەی رێگەی نەدا تا وەک تاوانبارێک هەلسوکەوتی لەگەڵ بکەن، بەڵکو ئەو دوایین دەرفەتەشی بۆ مەحکووم کردنی قازیی و بێدادگاکانی رژیمی شا و داکۆکی کردن لە مافە رەواکانی گەلی کورد بەکار هێنا، بە جۆرێک کە رۆژنامەوانە خارجیەکانی ئامادە لە بیدادگاکانی تووشی سەرسوورمان کردبوو.بەڵی پێشەوای نەمر دوایین هەوڵ و تێکۆشانیشی بۆ خزمەت گەیاندن بەبزووتنەوەی رەوای کورد تەرخان کردو بە نووسینی وەسیەتنامەیێکی پڕ نێوەرۆک چەندین پەیام و رێنوێنی گرینگی بۆ گەلەکەی بە جێ هێشت ، کە لە ناویاندا دەتوانین ئاماژە بە پێداگریی لەسەر یەکریزیی و تەبایی نێوان رۆڵەکانی کوردستان بکەین کە پێشەوای نەمر بە شێوەییکی دیارو تایبەتەوە باسی لێوە دەکات. پێشەوا ئەرکی خۆی بە جێ گەیاندو و دەینی خۆی لەراست خاک و گەلەکەی تا دوا هەناسە بە جێهێنا و هەروەک خۆشی دەفەرمووێ خەباتی گەلی کورد بە کوشتن و لە سێدارەدانی قازی محەممەد کۆتایی پێنایە، ئەمرۆ دەبینین کە رۆڵەکانی کوردستان لەسەر تێکۆشان لە پێناو دەستەبەرکردنی مافەکانی کورد بەردەوامن و و بە خۆشیەوە بزووتنەوەکەمان بە تێپەراندنی قۆناغی گەلێک حەستەم و دژوار توانیوەیەتی پێگەیێکی شیاو وەدەست بهێنێ و مۆمی خەبات بە داگیرساویی بهێلیتەوە. هەر چەند پێویستە زیاتر لەوە هەوڵ بدرێ و لەگەڵ ئەوەش دا وەسیەتنامەی پێشەوا بکرێتە چۆڵەچرای رووناککەرەوەی رێی خەباتمان و ئەزموون و رێنوێنیەکانی کارییان پێ بکرێت. لە ساڵیادی لە سێدارەدان و شەهادەتی پێشەوا قازی محەممەد و هاورێیانی سڵاو و درود دەنێرین بۆ روحی پاکی ئەو شەهیدانە و سەرجەم شەهیدانی کوردستان و هیوادارین خوێنی پێشەوا و هەموو شەهیدانمان لە ئاکامی تێکۆشان و خەباتی رۆڵەکانی کورد بە ئاکام بگات و ئازادی ورزگاری و روخانی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی بێتە دی. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کومیتەی ناوەندی 10ی خاکەلێوەی 1394
9 ساڵ و 7 مانگ و 21 ڕۆژ و 23 کاتژمێر و 19 خولهک لهمهوپێش