ریبوار حسینیشۆرش و خەباتی رەوای گەلی کورد لە هەموو بەشەکانی کورستاندا،ئەگەرچی لە شێوە و قەوارە و شوێندا جیاوازی بەرچاویان هەبوە و هەیە، بەڵام لە ناوەرۆک دا بۆ ئاوات و ئامانجێکی دیار و چارەنوس ساز، کە ئەویش رزگاری لە ژێردەستی و ئازدای و ئاوەدانی نیشتمان و کۆتایی هێنان بە ئاوارەیی و دەربەدەری و ژێردەستی و ئاشتی و برایەتی و هاوکاری و پێکەوەژیانی بەرانبەر بووە. داوا و ئاواتی کورد بە درێژایی مێژوو گەیشتن بە ئازادی و رزگار بوون لە بن دەستی و دواکەوتوویی و پێشکەوتن بووە و لەم پێناوەدا گەلێک ماڵوێرانی و کۆمەڵکوژی و دەربەدەری و جینوسایدی بە خۆیەوە بینیوە، بەڵام هیچ کام لەو کارەسات و کوشت و بڕ و ماڵوێرانیانە، نەیانتوانیوە نەچۆکی پێ دادەن ونە لە داوخوازیە رەواکانی....
پاشگەزی وەکەن و دەستی پێ لە خەبات و تێکۆشان لە پێناو گەیشتن بە ئاوات و ئامانجی هەڵگرن. گەلی کوردستان هەموو میتۆدەکانی خەباتی رزگاریخوازی و نەتەوایەتی بەکار هێناوە، وەک خەباتی چکداری، خەباتی سیاسی، خەباتی روناکبیری، خەباتی مەدەنی و نافەرمانی، بەڵام لە بەرانبەردا دژمنانی ئازادی و پێکەوەژیان و پیشکەوتنی گەلانی ماف پێشێل کراو، بەتایبەت ئەو دژمن و داگیر کەرانەی کە گەلی کوردی خاوەن مێژوو و خاکی بەرینی کوردستانیان لە ئاکامی ململانێ و پاوانخوازی زلهێز و گەورە دەسەلاتەکانی جیهان بەسەردا دابەشکراوە، هەموو جاران بە بیانو و ناوی جۆراوجۆرەوە، سەرو ماڵ و ماف و ئازادی و نیشتمانمان، لەلایەن داگیرکەرانمانەوە، وێرانکراوە و بە تاڵان براوە. لە هەر کات و ساتێک دا کە خەباتی رەوای نەتەوەکەمان گەیشتۆتە قۆناغێک کە لە سەر کەوتن و بە ئاوات گەیشتن نزیک بوبێتەوە، دژمنان ترسیان رێ نیشتوە و بە بەلێن و درۆی گەورە، لە هەست و نیەت پاکی کورد کەڵکیان وەرگرتوە و بەناوی جێ بە جێ کردنی داواکارییەکان، کەف و کوڵی ئەوخەبات و تێکۆشانانەیان، نیشاندۆتەوە و دوای خۆ ئامادە کردن و هەستانەوە سەر لەنوێ شیر و تیری دژایەتیان لە گەلەکەمان سوەتەوە . لیرەدا بۆ رەوایی ئەم وتەیە قەول و بەڵێنەکانی گەورەترین دژمنی نەتەوەکەمان مستەفا کەمالی رەگەزپەرست و خوێن رێژ لە تورکیە وەبیر دێنینەوە کە لەو سەردەمەدا کوردەکان بۆ وەدەست هێنانی مافەرەواکانیان لە خەبات و تێکۆشانێکی بەرین و بە تەوژمدا بوون و ببوونە مایەی ترس و نیگەرانێکی جیدی و بۆ تورکیەی کەمالیی، ئەتا تورک بە بەلێنی ئەوەی کە دوای سەرکەوتنی بە سەر گریکەکاند هەموو ماف و ئازادیەکانی نەتەوەی کورد بەجێ دێنێ و کورد لەو بەشەی کوردستان دا دەکاتە خاوەن کیان و دەسەڵاتی سەربەخۆ و کوردان بۆ خۆیان دەتوانن بە سەر چارەنووس و کار و ژیانی خۆیاندا بڕیار بدەن و کۆتایی بە هەموو مەینەت و ماف پێشێلکراوەیەکانیان دێت، لەدژی ئەرمەنی و گریکەکان کوردی کردە هاوپەیمان و قەلغانی خۆی و دوای سەرکەوتنی بەسەریاندا، لە هەموو بەڵێنەکانی کە بە کوردی دابوون پاشگەز بوەوە و سەر لەنوێ دەستی کردەوە بە دژایەتی کورد و شۆرشی کوردستانی سەرکووت کرد. ئەم جۆرە بەڵێن و پاشگەزبوونەوانە لە مێژووی خەباتی گەلەکەماندا لە زۆر شوێن و قۆناغ دا دووپاتەبوونەوە کە ئەگەر بمانهەوێ بە وردی لەسەر هەر هەموویان هەڵوێستە بکەین و وەبیر خۆمانیان بهێنینەوە، برینان وەکولێنن و حەسرەت بە دڵاندا بێنن ، ئەگەرچی وەبیر هێنانەوە و شەن و کەوکردنەوەی هەمووی ئەوانە بۆ دەرس لێوەرگرتن پێویستن و ،جیا لەوەش ئاشنا بوونی نەوەی نوێیە بە رابردوی خەبات و تێکۆشانی گەلەکەمان و هەڵویستی دژمانانمان. وێڕای نەیاری و دژایەتی گەورەدەسەڵاتەکانی جیهان لە گەل ماف و ئازادیەکانی گەلی کورد، چوار دەسەڵات و نیزامی خوێن رێژ و دژی ئازادی و مافی مرۆڤ ( تورکیە، ئێران، عێراق و سوریە) کە گەڵی کوردو خاکی پیرۆزی کوردستانیان بەسەر دا دابەش کراوە وخستۆتە ژێر رکێفی خۆیانەوە، بە درێژایی مێژووی نەتەوەکەمان لە دوای دابەشبوونی کوردستان بەسەریاندا لە ئاکامی شەڕی پاوانخوازی و بەرژەوەندی زلهێزەکانی جیهانیەوە، گەورەترین و دڕندەترین دژمانی نەتەوەکەمان بوون و هەن. لەم چوار وڵاتەدا دوای هەر ئاڵو گۆڕ و داڕمان و نەمانی دەسەڵاتە زۆردار و خوێن رێژەکان، ئەوەی کە گۆڕانی بەخویەوە نەبینی و ئاشی ماف پیشێلکاری گەلانی بن دەست هەر لەسەر بستەو تەوەرەی پێشوو گەڕا و دەسەلات دوای دەسەڵات لەم وڵاتانەدا لە هەمبەر کورد و نیشتمانەکەی ،لە زاری کەتر تفیون و بە یەک زمان و زار قڕیون. لە ناو ئەو دەسەڵاتانەدا لە نیوسەدەی رابردوودا دو رژیمی ئێران و عیراق، وەک دەسەڵاتەکانی پەهلەوی و ئاخوندی لە ئێران و بەعس لە عێراق، ئەوەی بە هیچ یاساو عورفێکی ئینسانی و نێونەتەوەیی دژی ئەم گەلە جوڵاونەوە. رژیم و دەسەڵاتی بەعس بە سەرۆکایەتی دڕندەترین جینایەتکار و خوێن رێژی مێژووی مرۆڤایەتی، سەددام حوسێن و دار و دەستەکەی، لە قڕ کردنی کورد و وێران کردنی نیشتمانەکەی ، قێزەونترین کارەساتی مرۆییان ئەنجامدا، کە نمونەی هەرە بەرجاویان ئەنفال و شیمیای باران و بێ سەرو شوێن کردنی بارزانیەکان بوو. رژیمی ئاخوندیش وێرای دەیان جینایەت و ماڵوێرانی و ئیعدام و بێ بەش کردنی کورد لە هەر مافێکی نەتەوەیی و مرۆیی، فتوای جیهادی لە دژی دەر کرد .دوابەدوای ئاڵوگۆڕە ناوچەییەکان و دوای کۆتاییهاتن بە شەڕی ماڵوێرانکەری ئێران و عیراق کە بوە هۆی ماڵوێرانی و لە ناوچوون و کوژرانی بە ملیون کەس لە هەر دوو وڵات و زیانێکی بێ ئەژماری ماددی کە تائیستاش شوێنەوارەکانی بەرچاون، گەلی کورد لە کوردستانی بن دەستی دەسەڵاتی رژیمی بەعس لە ئاکامی سەرەرۆییەکانی سەددام حوسین و کەوتە بەر گورزی گەورەدەسەڵاتدارانی جیهانی، هەلی راپەڕین و شۆڕشێکی جەماوەری بۆ رەخساو دەم و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسی دڕندەی تێکەوە پێچاو بەڕیوەبەری و دەسەلاتی بەشێکی زۆری ناوچە کوردنیشەکانی لە سێ پارێزگای هەولێر و سلێمانی و دهۆکی بەدەستەوە گرت و پاشان لە ئاکامی هەڵبژاردن و راپرسێکدا پاڕلمان و بەڕیوەبەری بە ناوی دەسەلات و حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند و کورد لە دەوڵەت و دەسەلاتی ناوەندی لە عێراق دا هاوکات دەنگ و دەسەلاتی دووهەم بووە. هەر دوابەدوای دامەزراندن و هاتنە ئارای دەسەلاتی کوردی لە باشوری کوردستان، هەر دوو دەولەتی تورکیە و ئێران، کەوتنە پێشیلکاری و کەند و کۆسپ نانەوە بۆ ئەم دەسەڵاتە کە هیوای هەموو کوردانی کوردستانە لەهەر چوار قوڕنەی جێهان بە گشتی و کوردستان بەتایبەتی. سەرەتا بە تۆپ باران و بۆمب باران کردنی ناوچە سنوورییەکان بە بیانووی هێرش کردنە سەر بنکە و بارەگای هێزە کوردییە کانی نەیاری ئەم دوو وڵاتە، کە هەموو جاران دەبووە هۆی شەهید و بریندار بوونی گوندنشینانی سەر سنووری کوردی باشوور و سووتان و وێرانکردنی رەز و باغ و لە ناوجوونی مەڕو مالات و دارایی و بژیوی ژیانیان. رژیمی ئاخوندی ئێران هەر زۆر زوو بە کەڵک وەرگرتن لە دەستکورتی و هەژاری و کیشەو شەڕی نێوان لایەنەکانی باشوور لەلاێک و بێ دەربەستی و نزمی هەستی نەتەوایەتی کەسانی نەفس نزم و چڵکاو خۆر لە باشووری کوردستان لە لایەکی ترەوە، توانی ژمارەێکی زۆر لە کادر و پیشمەرگە و ئەندامانی هێز و لایەنە کوردییەکانی کوردستانی ئێران کە بنکە و بارەگاکانیان لە کوردستانی عێراق بوون، وەک سازمانی خەبات و حیزبی دیموکرات و کۆمەڵە و چەند لایەنی تر، بە شێوەی زۆر دڕندانە ترۆر بکات یان بیان رفێنێ و بێ سەرو شوێنیان بکات، کە بەداخەوە ئەم کردەوانەی دام و دەزگای ئیتلاعات و سپای پاسدارنی ئێران، لەم نێوەندەدا زیاتر لە ٣٠ ٠ کەس ترۆر یان فرێندران و بێ سەرو شوێن کران. رژیمی ئێران ناوچەکانی ژێردەسەڵاتی دەوڵەتی ناوەندی عیراق، کە لایەنە شیعە نەیارەکانی کوردو کوردستان کە ئێران لە دروستبوون و چالاک کردنیان دەوری سەرەکی و بەرچاوی هەبووە، بەتایبەت حیزبی الدعوە، ئێران راستەوخۆ خەت و نیشانی بۆ کێشاون لەبەرانبەر ئێران دا خاوەنی هیچ جۆرە قسە و دەسەڵاتێک نەبوون . نمونەی هەرە بەرچاویان کە مالکی بوو دەقا و دەق دەستور و فەرمانەکانی رژیمی ئاخوندی بەریوەدەبردوە. ئێران کە بۆ ماوەی هەشت ساڵ بۆ گەیشتن بە کەربەلا و لەوێوە بۆ قودس، خوێناوی ترین شەڕی لە گەل رژیمی ئەوکاتی عێراق کرد و نەیتوانی بە ئاواتەکانی کە گەیشتن بە کەربەلا و دامەزراندنی دەسەڵات و دەوڵەتێکی لەشیوەی دەسەڵات و دەولەتی ئاخوندی، لە عیراق بێ، بە گرتنەدەستی دەسەڵاتی زۆرینەی شیعەکانی عیراق هەموو کۆسپەکانی بۆ تەخت بوون و ئیتر بە راشکاوی و بە ئارەزووی خۆی لەو ناوەدا ئەسپی ئاژاوە گێری و دەست تێوەردان لە کارو باری ناوخۆی ئەو ولاتەو کۆسپ خستنە سەر رێی هاوپەیمانانی نیونەتەوەیی، ئەمریکا و هاوپەیمانە کانی بۆ هەستانەوە و سەقامگیر بوونەوەی عیراق. دوابەدوای کشانەوەی هێزە هاوپەیمانەکان لە عیراق و نەرم و نیانی سیاسەتەکانی، ئۆباما، سەرۆک کۆماری ولاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا لە هەمبەر ئێران و سات و سەوداکانی ولاتانی ئەوروپایی لە گەڵ رژیمی ئاخوندی ، وای کردوە کە رژیمی ئاخوندی زیاتر دەستی ئاواڵابێ و باشتر بە ئاوات و ئامانجەکانی خۆی لە ناوچەکەدا بگات کە هەناردەکردنی بە ناو ئینقلابی ئیسلامی بۆ ولاتانی دەرەوەی ئێران و خۆ نزیک کردنەوە لە حیزبوڵلای لوبنان و بەهاناوە چوونی بەشار ئەسەدی دیکتاتۆر و چاو زەق کردنەوە لە ئیسرائیل و عەرەبستانی سعودی و باقی نەیارەکانی بێ لە ناوچەکەدا.یەکێک لە ئامانجە دیار و بەرنامە بۆ دارێژراوەکانی رژیمی ئاخوندی، سەقامگیر نەبوون و دانەمەزراندنی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە بۆ ئەم مەبەستە زۆر زیرکانە و وردبینانە هەنگاوی هەڵگرتوە و بە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی عیراق و تا رادەێک تورکیەش لەم بارەوە هەنگاوی هەڵگرتوە. هەر دوابەدوای سەرهەڵدانی تاقمی ترۆریستی داعش و لە بنەوە هاندانیان بۆ هێرش کردنە سەر عیراق بە گشتی و هەریمی کوردستان بەتایبەتی، و بێ هەلویستی تورکیە لەهەمبەر ئەم تاقمە، هێزەکانی سپای قدسی سەر بە سپای پاسدارانی رژیمی ئیران بە سەرکردەیی ترۆریستی ناسراو بە قاسم سلیمانی، بە ناوی پارێزگاری لە دەولەتی عیراق و هەریمی کوردستان، بە لەشکرێکی زۆرەوە خۆی خزاندە سنورەکانی نێوان هێزی داعش و هێزی پیشمەرگە و سوپای عیراق و خۆی کردە دەمراست و بڕیار بەدەر لەو ناوچانەدا . بەداخەوە بەشێکی بەرچاو لە لایەنی دەسەڵاتی هەرێم لەم بارەو نەک هەر بێ هەڵویست بوون، بەڵکو سەرەرای ئەو هەموو خوین دان و فیداکاریەی هێزی پیشمەرگەی کوردستان، بۆ دیفاع لە خاک و کەرامەتی نەتەوەیی و دەستکەوتەکانی هەریم و پشتیوانی و هاوکاری مرۆیی و سیاسی و سەربازی ولاتانی ئوروپا و ئەمریکا و هاوپەیمانەکانیان ، زۆر لە بەرپرسە بالاکانی هەرێم کەوتنە تاریف و پێدا هەڵگوتن بە بەژن و باڵای پاسدار قاسم سلیمانی و دەوری هیزی سپای پاسدارن و تۆبخانەکانی ئەو هێزەیان بەرز نرخاند بە شیوەێک کە گۆیا ئەگەر پاسدار قاسم خان نەبوایە تا ئیستا هەم عیراق و هەم هەریمی کوردستان لە ژێردەستی تاقمی ترۆریستی داعش دا دەبوون. پوختە مەبەست ئەوەیە کە بوونی هێزی سپای پاسدارانی رژیمی ئاخوندی بۆ پشتگیری لە شیعەکان و دامەزراندنی هیزی میلیشای چەکداری بەناو حەشدی شەعبی، لە پێش هەموو شتێک دا خەتەری گەورەیە بۆ سەر کوردو دەستکەوتەکانی هەریمی کوردستان و دژایەتیە لەگەڵ هاوپەیمانی نیونەتەوەیی و گەلی کورد. ئێران و تورکیە و عیراق و سوریە، بە هەر قیمەتیک بۆیان بکرێ دەیانەوێت نەهێڵن کە حکومەتی هەریمی کوردستان پێ بگرێ ، بەتایبەت کە دەبینن و دەبیستن ولاتانی جیهان پستیوانی لە کورد دەکەن و دەیانەوەێت لە هەموو بارێکەوە وەک دەولەت و دەسەڵاتێکی جێگای متمانەی خۆیان مامەڵەی لەگەڵدا بکەن. لەوها هەل و مەرجێک دا سەرەکی ترین ئەرکی کورد بە گشتی و حکومەت و دەسەڵاتدارانی هەریمی کوردستان ئەوەیە کە هەست بەو خەتەرە بکەن و باوەڕ بە فرمێسکی تیمساحی ئەو داگیرکەرانە، بە تایبەت رژیمی ئاخوندی نەکەن. کورد دەبێ بزانێ کە دامەزراندنی حەشدی شەعبی ئەویش لە ژێر چاودێری و بەدەستوری ئیران، زۆر لە بوونی داعش بڤەترە و ەداهاتوودا شەریکی توند و خوێناوی لە بێنی کوردو ئەواندا بە هاندان و سەرپەرستی ئێران، چاوەڕوانمان دەکات.
9 ساڵ و 6 مانگ و 30 ڕۆژ و 21 کاتژمێر و 16 خولهک لهمهوپێش