جەعفەر بەهرامی
لەکۆمەڵگایەکدا کە بەردەوام قەیرانە ئابووری و کۆمەڵایەتیەکان ئێخەی خەڵکەکەی دەگرێ، خۆکوشتن یەکێک دەبێ لە دیارترین دیاردەکان. ئەوە ئەو کاتەیە کە مرۆڤەکان هیچ هیوایەک بۆ ئاڵوگۆڕ،یان داهاتوویەکی باشتر بۆ خۆیان نابینن و بە بن بەست دەگەن، خۆکوشتن بە تاکە چارەسەری دەبینن.
لەم ڕۆژانەدا بەردەوام لە راگەیەنەکان و دونیای مەجازی دا هەواڵ و راپۆرتی زۆر لەسەر خۆکوژی بڵاودەبێتەوە و گوێمان لێدەبێت، کەسانێک لەشارە جیاجیاکانی وڵات لە ژن، پیاو، پیر، لاو و منداڵ کە هەریەکەو بەشێوەیەک خۆیان دەکوژن. منداڵێکی یازدەساڵە بەحەبی متادۆن خۆی دەکوژێت، کەم ئەندامێک لەبەردەمی بونیاد شەهیدی رژیمدا خۆی دەسووتێنێت، موعەلیمێک لە بوشێهر خۆی هەڵدەواسێت، کرێکارێک لە ئەهواز لە بیرە نەوتێکدا خۆی دەخنکێنێت، ژنێک لە میترۆی تاران خۆی فڕێ دەداتە بەرقەتاری میترۆ و هەروەها لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا چەندین مێردمنداڵ لەشاری سەقز بەهۆی جیاجیا کۆتاییان بەژیانی خۆیان هێناوە. خۆکوشتن کۆتایی هێنانە بە ژیان بەبێ دەنگی بەڵام هۆ و هەنگاو و هاوارێکی بەرزە بۆ دەربڕینی بێزاری لە دۆخێکی خراپ و چەقبەستوو و قەیراناوی کە هیچ هیوایەکی بۆ تاکەکان نەهێشتووە.
لەساڵی 97 و لەکاتی پەرەسەندنی قەیرانە ئابووریەکان، یەکێک لە بەرپرسانی ڕژیم باسی لەوە کرد کە زیادبوونی خۆکوشتن لە ئێران زۆر مەترسیدارە، دەتوانین بڵێین کە ئاماری خۆکوژی لەم ڕۆژانەدا لە ئێران بەرێژەیەکی بەرچاو بەرز بۆتەوە.
بەپێی راپۆرتی پزیشکی دادوەری ڕژیمی ئێران لەساڵی ڕابردوودا سەرجەم ئەو کەسانەی دەستیان داوەتە خۆکوشتن 4627کەس بوون کە ئەم ژمارەیە بەنیسبەت ساڵی 95 (5) لەسەد زیادی کردووە. لەو رێژەیە 3262کەسیان پیاو بوون و 1365کەسیشیان ژن بوون. هەر بەپێی ئامارە ڕەسمیەکانی پزیشکی دادوەری ڕژیم، زۆرترین ئاماری خۆکوژی لەم مانگانەدا ڕوویانداوەØ› مانگی گەلاوێژ 466کەس، مانگی پووشپەڕ424، مانگی بانەمەڕ420کەس. بەپێی ڕاپۆرتی ساڵنامەی ئاماری پزیشکی دادوەری ڕژیم لەچاو ساڵی ڕابردوو ژمارەی خۆکوشتن لە چەند پارێزگای ئێران زیادی کردووە، کە ئامارەکان لەم پارێزگایانە بەم جۆرەیەØ› پارێزگای تاران796کەس، پارێزگای فارس348کەس، خوزستان306کەس، ئازەربایجان276کەس و کرماشان235کەس.
هەروەها ئەو پارێزگایانەی کە کەمترین ئاماری خۆکوشتن تیایاندا ڕوویداوە بریتین لە: خوراسانی باکوور 17کەس، سمنان18کەس. هەروەها لەسەر ئاستی پارێزگاکانی ئێران سنە لەڕووی خۆکوژی لەڕیزی 14دە هەمین پارێزگادایە، جێگری تەندروستی زانکۆی زانستی پزیشکی باسی لەوە کردووە کە لەباری ڕەگەزیەوە ژنان زۆرترین ئاماری خۆکوشتنیان هەبووە و لەباری تەمەنیشەوە زیاترین ئاماری خۆکوشتن لەنێوان 15بۆ 35بووە. هەر لەسەر ئەو بابەتە ناوبراو باسی لەوە کردووە کە 48 لەسەدی ئەو کەسانەی کە خۆیان کوشتووە سەڵتن و 50لەسەدی دیکە خێزاندارن. هەر بەپێی ئامارەکان ژماڕەی ئەوژنانەی خۆیان دەکوژن ژنی ماڵەوەن، لەم ژمارەیەش تەنیا 163کەسیان لەدەرەوە کاردەکەن. زۆبەی ئەو کەسانەش لەڕێگای حەب خواردنەوە کۆتایی بە ژیانی خۆیان دێنن.
ئەم ئامار و ژمارانە ئەگەر چی بەپێی بڵاوکراوەکانی رژیمی ئاخوندیە و ئامارەکانی دامودەزگاکانی رژیم هیچ کات ژمارە و رێژەی راست و دروست نادەن بەڵام بەو پێیەش بێ، ئاماری خۆکوژی لە ئێراندا زۆری پەرەسەندوە. هەروەک لە پێشدا ئیشارەمان پێدا، بەرزبوونەوەی ئاماری خۆکوژی لە ئێران دەگەرێتەوە بۆ پەرەسەندنی بێکار و هەژاری و برسیەتی کە ئەو دیاردانە و پەرەسەندنیان بەرنامەی هەڵە و ناکارامەیی دەسەڵاتی ئێرانە. دەسەڵاتێک خەڵکی بە هەژاری و برسیەتی هێشتووەتەوە بەڵام بە ملیاردها پووڵ و داهاتی ئەو خەڵکە هەژارە خەرجی هێزی سەرکوت، بەرنامەی چەک و چۆڵی سەربازی، پشتیوانی لە تاقم و دەستەی تیرۆریستی و دەستێوەردان لە کاروباری وەڵاتان دەکات.
بێ گوومان رژیمی ئاخوندی رژیمێکی دژی خەڵکی و نارەوا و نامەشروع و مەترسیدارە بۆ مرۆڤایەتی و تاکە رێگەی رزگاری و گەیشتن بە کەناری بەختەوەری و ئارامی خەڵکی ئێران لە روخانی دەسەڵاتی ئاخوندی و جێگیربوونی دەسەڵاتێکی خەڵک پەسەند و دیموکراتیک و دادپەروەرە.