پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

چەند سەرنجێک لەسەر وتووێژ و دیالۆگ لەگەڵ رژیمی ئێران!

چەند سەرنجێک لەسەر وتووێژ و دیالۆگ لەگەڵ رژیمی ئێران!

گەلی کورد بەدرێژایی مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی هەوڵی داوە بە شێوەی ئاشتیانە و بە رێگەی دیالۆگ بە تێکرای ماف و ئازادیەکانی بگات و ئەمەش باوەڕێکی نەگۆڕە کە باشت






گەلی کورد بەدرێژایی مێژووی خەباتی رزگاریخوازانەی هەوڵی داوە بە شێوەی ئاشتیانە و بە رێگەی دیالۆگ بە تێکرای ماف و ئازادیەکانی بگات و ئەمەش باوەڕێکی نەگۆڕە کە باشترین رێگە بۆ وەدیهاتنی ئاوات و ئارەزووەکان رێگەی ئاشتیانەیە. ئەوەش دەگەرێتەوە بۆ ئەوەی کە نەتەوەی کورد لە بنەڕەتدا بڕوای بە توندوتیژی و کوشتن و ماڵوێرانی نەبووە، هیچ کات کورد نەچووەتە سەر خاکی کەس و ئەوەندەشی نیشتمانەکەی پەلامار دراوە هەوڵی داوە لەگەڵ داگیرکەران بە دیالۆگ و وتووێژ بە چارەسەرێک بگات و ئەو تێگەیشتنەیان لا دروست بکات کە کوردیش مافی خۆیەتی لە سەر زێدی خۆی بە ئارامی بژی، بەڵام ئەگەر ئەو مافەی لێ زەوت کرابێ، دیفاعی لە خۆی و نیشتمانەکەی کردووە. نەتەوەی کورد وەک نەتەوەیەکی ژێر دەستەو خاک داگیرکراو، حەتا لە خەبات و بەرەنگاری دژ بە داگیرکەرانی خاکەکەی رێگەی دیفاعی رەوای هەڵبژاردووەو دووری کردووە لە پارچەکرداری توندوتیژو شەلم و کوێرم ناپارێزم. بەڵکوو رێگە دروست رەواکانی بۆ خەباتکردن دیاری کردووە و کاری لەسەر کردوون، چەکی بەشێوەیەکی دروست بەکار بردووەو لە خەبات و خۆراگری کورد دا پاراستنی خەڵکی مەدەنی و سڤیل گرینگی زۆری پێدراوە. لە دوای هاتنەسەرکاری دەسەڵاتی ئاخوندی لە ئێران، نەتەوەی کورد هەرزوو هەیئەتی نوێنەرایەتی بۆ وتووێژ و موزاکرە لەگەڵ دەسەڵاتی نوێ بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عزەدین، پێکهێنا. ئەو هەیئەتە چوونە تاران و قوم و لەگەڵ خومەینی و حکومەتی بازرگان چەندین کۆبوونەوەیان لەسەر پرسی کورد لە ئێران و داواکانی ئەو نەتەوەیە ئەنجام دا. بە هاتنی هەیئەتەکانی رژیمیش بۆ کوردستان پێشوازیان لێ کرا و هەوڵ درا کە بەو رێگەیە ویست و داواکانی کورد لە یاسای بنەرەتی ئێراندا بچەسپێندرێ. لە دوای ئەوەی وتووێژەکان بێ ئاکام بوون و رژیم شەری بەسەر کوردستاندا سەپاند و هێزە شۆرشگیڕەکان بۆ قوڵایی خاکی کوردستانی عێراق کشانەوە، رژیم لە مەسەلەی وتووێژ کەڵکی وەرگرت بۆ لەناوبردنی نەیار و دژبەرانی خۆی، بە پێچەوانەی کوردەوە رژیم مەبەستی لە بابەتی وتووێژ بۆ حەزفی فیزیکی رێبەران و سەرکردە کوردەکان بوو وە لەو کارەشدا سەرکەوتوو بوو وە توانی کەسانی کاریگەر و خاوەن ئەزمون لە بزوتنەوەی کوردستان لە رێگەی وتووێژەوە تیرۆر بکات. بۆیە لە دوای سەرگرتنی کردەوە تیرۆریستیەکانی رژیم بەناوی وتووێژەوە، رووی شەرەنگێزی و تاوانباریی رژیم زیاتر بۆ کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان دەرکەوت و خەڵکی کوردستان لەوە تێگەیشتن کە وتووێژ و موزاکرە لەگەڵ وەها رژیمێک جوێ لە زیان بۆ بزوتنەوەکەیان ناتوانێ‌ هیچ قازانجێکی هەبێ. سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران وەک یەکێک لە هێزە سیاسیە بە ئەزمونەکانی کوردستان، باوەڕی تەواوی بە چارەسەری ئاشتیانەی دۆزی رەوای نەتەوەی کورد لە کوردستانی ئێران هەیە، بەڵام بۆ ئێستا و لەگەڵ رژیمی ئێران وتووێژ بە سیاسەتێکی زیانبار دەزانێ‌ و پێی وایە ئەو رژیمە بە کردەوە قێزەونەکانی بەناوی وتووێژ ئەو راستیەی سەلماندووە کە نەک هەر بروای بە وتووێژ لەسەر پرسی کورد و ئازادی نیە بەڵکوو ئەو چەمکە وەک ئامرازێک بۆ لێدانی دژبەرانی بە کار دێنێ. هەر بۆیە سازمانی خەبات موخالیفی سەرسەختی وتووێژ و موزاکرەیە لەگەڵ رژیمی نگریس و شەرەنگێزی ئاخوندان و پێی وایە ئەو رژیمە جوێ لە روخان و لەناوچوون هیچ رێگەیەکی دیکەی نیە. لێرەو لەوێ خەڵکێک هەن کە لە دوای ئەو زیانانەی لە وتووێژ کردن لەگەڵ رژیم وێمان کەوتووە، هێنانە گۆڕێی وتووێژ لەگەڵ رژیمی ئێران بە هۆیەک بۆ راکێشانی رای گشتی دەرەوە بۆ پرسی کورد و بزوتنەوەی کوردستان دەزانن، بەڵام ئەم بیانووە تەواو نیە بەو دەلیلەی ئێمە لە دڵی ئوروپا و وەڵاتانی پێشکەوتوودا لەسەر مێزی وتووێژ و کافە و رێستورانتەکان لە دیارترین تێکۆشەرانمان بە دەستی تیرۆریستانی رژیمی ئاخوندی تیرۆر دەکران، بەڵام ئەو وەلاتانە لەبەر قازانجە ئابووری و سیاسیەکانیان کەیسەکانیان پەردەپۆش دەکرد و تیرۆریستەکانیشیان بەرێزەوە دەناردەوە بۆ ئێران. لەلایەکی دیکە رەد کردنەوەی وتووێژ لەگەڵ رژیمی ئێران نەک هەر خراپ نیە بەڵکوو لە وەڵاتانی رۆژئاوایی لایەنگری خۆی هەیە و هێزی زۆر گەورەی ئێرانی کە بانگەشەی روخانی دەسەڵاتی ئاخوندی دەکەن لە زۆربەی ناوەندە سیاسی و مرۆڤدۆستەکانی وەلاتانی رۆژئاوایی پێشوازیان لێ دەکرێ و توانیویانە لەسەر ئەو ئەساس و بنەمایە دیپلۆماسیەتێکی باش دامەزرێنن و پشتیوانی زۆر باشیش بۆ خۆیان کۆبکەنەوە. لە کۆتایی دا پێویستە ئیشارە بەوە بکرێ رەد کردنەوەی وتووێژ لەگەڵ رژیم بە مانای ئەوە نیە کە ئێمەی کورد دیالۆگ لەگەڵ هەموو کەس و بۆ هەمیشە کۆتایی پێدێنین، بەڵکوو لەگەڵ رژیمی ئاخوندی قسە و دیالۆگ بەبێ ئەنجام دەزانین و ئەو رژیمە ئامادە نیە گوێ لە هیچ داوا و ویستێکی نەتەوەی کورد و نەتەوە بندەستەکانی ئێران بگرێ، و تەنیا رێگەیەک رژیم پێی راهاتووە کوشتن و جینایەت و تۆقاندنە. بۆیە لەگەڵ وەها رژیمێکی خوێنرێژ و شەرەئنگێزدا تاکە رێگە رێگەی خەبات بۆ روخان و لەناوبردنی کۆی ئەو دەسەڵاتەیە.











 





 


 





5 ساڵ و 10 مانگ و 12 ڕۆژ و 11 کاتژمێر و 38 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

چەند سەرنجێک لەسەر وتووێژ و دیالۆگ لەگەڵ رژیمی ئێران!

چەند سەرنجێک لەسەر وتووێژ و دیالۆگ لەگەڵ رژیمی ئێران!



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن