مامۆستا، لەو ڕێبازەدا کە دیاری کردبوو قوربانیەکی زۆری پێشکەش کرد بەخوێنی ڕۆڵەکانی و هەروەها توانایی و لێهاتوی و بیرو ئەندێشە مەزن و نەتەوەییەکان توانی سازمانی خ
شیلان محەممەدی
بزوتنەوەی کورد بە درێژایی مێژووی بەرخودان و تێکۆشانی نەتەوەیی، لەڕەوتی خەباتی خۆی دا بە دەیان سەرکردە و ڕێبەری مەزن وزانای تێدا هەڵکەوتوون کە بەدرێژایی ژیانی خۆیان و بە دەریایەک لە ئەزموون و مەکتەبێک لە وانە و رێنوێنیان ئێمەیان گۆش داو پەروەردەیان کردین. هەر بەرهەمی ژیری و زانایی ئەوانە کە ڕێگای تێکۆشانمان بەردەوامە. ئەوانیش بۆ ئێمە بوونە پێشەوا و ڕابەر و سەرکردەمان و یادو ناویان هەمیشە بەزیندوویی دەمێنێتەوە لامان و بێگومان بە لێوەفێربوون و زیندوو هێشتنەوە و کردنە هێمای رێبەرانمان، خەبات و تێکۆشانی ئەمڕۆمان بەر ئەگرێ و سەرکەوتن مسۆگەر ئەبێ.
گەلی کورد، ماوەی چەندین سەدەیە لەخەبات و تێکۆشان نەوێستاوەتەوە و خەباتێکی هەمەلایەنەی لەهەموو بەشەکانی کوردستان پێش خستووە بەحوکمی بوونی سیستمی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان و سیاسەتی پاکتاوکردن و ئاسمیلای کورد، و زوڵم و زۆر و چەوساندنەوە بەردەوامەکان لەلایەن دەسەڵات و ڕژیمە دژە کوردەکانەوە، سەردەمانێکی سەخت بەسەر کورد دا تێپەریوە و بێگومان ئەگەر خەبات و تێکۆشانی گەلی کورد و رێبەرانی پێشەنگمان نەبوایە، ئاسەوارێک بەناوی نەتەوەی کورد و کێشەی کورد بوونی نەدەما.
یەکێک لەو ڕێبەرە بلیمەت و دەگمەنانەی نەتەوەکەمان کە بە پێشەنگایەتی وفیداکاریی خۆی توانی لەسەر ڕەوتی ڕوداوەکان و خەباتی میللەتەکەمان شوێندانەری بە جێ بێڵێ، جەنابی ماموستا سەیید جەلال حوسێنیە، کە بە سوێندی یاسایی لە کۆمەڵەی ژێکاف، مێژووی کاری سیاسی خۆی دەست پێکرد و لە سەرخستنی خەبات بۆ ڕووخانی ڕژیمی پاشایەتی، گەورەترین دەوری گێڕاو و لەپاشانیش بە دامەزراندنی ڕێکخراوی نەتەوەیی و نیشتمانی بەرەنگاریی ستەمی ئاخوندان بوویەوە.
مامۆستا سەیید جەلالەدین حوسێنی، ڕێبەری لێهاتوو و هەڵکەوتووی گەلی کورد و دامەزرێنەری سازمانی خەبات، هەر لەسەرەتاوە بەهۆی خۆشەویستی لەناو خەڵکدا، توانی دەسەڵاتی دیکتاتوری ئێران وەزاڵە بێنێت و خەباتی نەتەوەیی بۆ بەدەست هێنانی مافەکانی بەرەو پێشەوە ببات.
مامۆستا بەهەست کردن بە بۆشایی سیاسی ناو جوڵانەوەی رزگاریخوازیی کوردستان لەو سەردەمەدا، قوتابخانە و ڕێبازێکی دامەزراند کە بوو بە مەکۆی پەروەردەی تێکۆشەرانی ڕاستەقینەی نەتەوەکەمان و قارەمانترین ڕۆڵەکانی کوردستانی لەئامێز گرت و بە پەروەردەی رێبازیی کوردایەتی پەروەردەی کردن.
مامۆستا، لەو ڕێبازەدا کە دیاری کردبوو قوربانیەکی زۆری پێشکەش کرد بەخوێنی ڕۆڵەکانی و هەروەها توانایی و لێهاتوی و بیرو ئەندێشە مەزن و نەتەوەییەکان توانی سازمانی خەبات، لەڕۆژە سەخت و دژوارەکان ڕزگاربکا. ڕێبەرایەتی و ژیری وای کرد کە سازمانی خەبات و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات ببنە نموونەی شۆڕ٠شگێڕی و نیشتمان پەروەری .
نەمانی مامۆستای ڕێبەر بەجەستە، لەوانەیە خەسارەتێکی قەرەبوو نەکراوە بێ و ئەوەی دەتوانێ بەشێک لەو خەسارەتە کەم بکاتەوە، هەوڵ دان بۆ زیندوو هێشتنەوە و بەردەوامی دان و لێوەفێربوون لە ڕێباز و قوتابخانەی ئەو ڕێبەرە مەزنەیە کە پڕاوپرە لە وانەی کوردایەتی و موقاومەت و خۆنەویستی و فیداکاری.
رێباز و قوتابخانەی جەنابی مامۆستا شانازیەکی گەورەیە بۆ هەر کەسێک کە ڕێگای شۆڕش بگرێتە بەرو بیهەوێ لەپێناو ڕزگاری گەلی کورد دا، تێبکۆشێت، چونکە ڕێباز و قوتابخانەی مامۆستا، بەجۆرێکە کە قوتابی و درێژەپێدەرانی بەشێوازێکی وا پەروەردە دەکرێن کە خۆشی ژیانیان لە ئازادی و ڕزگاری گەلەکەیان و خەبات کردن لەو پێناوەدا بدۆزنەوە.
ئەوە دروشم و خەتی مامۆستا بوو کە بە بەردەوامی تاڵی و ئازارەکانی گەلەکەی پێش هەموو خۆشیەکانی خۆی بخات و لەپێناو حەسانەوە و خۆشی خەڵکەکەی بۆ دەقەیەکیش حەسانەوەی نەبێ.
ڕێبازی مامۆستا، ڕێبازێکی تایبەت و بێگەرد بوو هەر لە سەرەتای دروستبونیەوە و بێگومان تا گەیشتنی گەلی کورد و ڕزگاری کوردستانی ئێران لەبندەستی ئاخوندانی گەندەڵ، هەر بە پاکی و بێگەردی دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێ لەسەر بەردەوامی دان بە شانازی و دەسکەوتە پڕ بایەخەکان و تۆمارکردنی سەروەری.
ئێمە وەک قوتابی و درێژە پێدەرانی ڕێبازی جەنابی مامۆستا سەیید جەلالی حوسێنی، پێویستە و دەبێ بەردوام سەروەریەکانی ئەو ڕێبەرە مەزنە وەک ئەڵقەیەک لەگوێ بکەین و لەبیرمان نەچنەوە، و بیرو هزر و تێڕوانینەکانی ڕێبەری گەورەمان، بکەینە هەوێنی خەبات و تێکۆشانمان.
گەورەیی و جوامێری مامۆستا، و ئازایەتی و لەخۆبوردویی و فیداکاریەکانی، سازمانی خەباتی کوردستانی گەیاندە ئەو قۆناغەی ئێستا و کردیە یەکێک لە حیزبە سەربەرزەکانی مەیدان و خاوەن مێژوویەکی پڕ دەسکەوت و شانازی، بۆیە دەبێ ئێمە قوتابیانی ئەو ڕێبازە بتوانین بە پاراستن و زیندوو هێشتنەوە و بەردەوام بوون، نەهێڵین دەسکەوت و سەروەریەکانی مامۆستای گەورەمان بەفیڕۆ بڕوات و بیگەیەنینە قۆناغی کۆتایی و بەئامانجی بگەیەنین.
سڵاو درود بۆ ڕۆحی ڕێبەری مەزنی گەلەکەمان، مامۆستا سەیید جەلالەدین حوسێنی
بەردەوام و شەکاوەبێ ئاڵای بەرزی ڕێبازی پیرۆزی.