٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی کۆچی خۆری ڕۆژی ده‌رچوونی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینیه دژ به خه‌ڵکی ماف خواز‌و ئازادیخوازی کوردستان. خومەینی به ده‌رکردنی ئه‌و فه‌توا..
خه‌ڵکی ئاشتیخواز‌و ئازادیخوازی کوردستان!
٢٨ی گه‌لاوێژی ساڵی ١٣٥٨ی کۆچی خۆری ڕۆژی ده‌رچوونی فه‌رمانی جیهادی خومه‌ینیه دژ به خه‌ڵکی ماف خواز‌و ئازادیخوازی کوردستان. خومەینی به ده‌رکردنی ئه‌و فه‌توا دوژمنکارانه‌یە دژ به‌خه‌ڵکی کوردستان، ڕووی دزێوی بۆ هه‌موو لایه‌ک و بە تایبەت بۆ گەلی کورد ده‌رخست. خومەینی و ڕژیمەکەی ده‌یانزانی که خەڵکی کوردستانی ئێران ، خاوه‌ن ئیراده و هه‌ڵوێستی شۆڕشگێڕانه‌ن و بۆ هه‌ر ئه‌گه‌رێکی دژمنکارانەو نه‌خوازراو ،کە دژ به ویست و داخوازیه‌کانیان بکرێ بێ ده‌نگ نابن و چاوپۆشی له جینایه‌ت و سه‌ره‌ڕۆیه‌کانیان ناکەن. له‌ڕاستیدا ئامانجی سەرەکی ئەو دەسەڵاتە، سەرکوت و چەوسانەوەو جەنگ و ماڵوێرانی بوو، هه‌ر بۆیه‌ش ئەو فەرمانە بێ بەزییانەی که هێشتا ته‌مه‌نی له چه‌ند مانگ تێپه‌ڕی نه‌کردبوو،دژ بە گەلی کورد ڕاگەیاند. سەرەڕای پێداگری خەڵکی کوردستان و نۆێنەرانیان بۆ چارەسەری ئاشتیانەی کێشەکان و دابین کردنی ماف و داخوازیەکانیان لە لایەن دەسەلاتەوە، بەڵام خومەینی ویستی ئاشتیخوازی کوردی بە فه‌توای جیهادو ناردنی پاسدار‌و هێزی ئەرتەشی،تەیار بە چه‌ک و چۆڵی ڕێژیمی شای گۆڕبه‌گۆڕ دایەوە، و بۆ جارێکی تریش خه‌ڵکی کوردستانی ناچار به خه‌بات و به‌ربه‌ره‌کانی کرده‌وه. ئامانجی سه‌ره‌کی سه‌رانی ڕژیم سه‌رکوتکردنی ئازادیخوازان و قەڵاچۆ کردنی خەڵکی ئاشتیخواز‌و بێتاوانی کوردستان و نه‌هێشتنی ئه‌و ئارامی و ئازادی و ته‌باییه بوو، که‌له نێو کۆمه‌ڵانی خه‌ڵکی کوردستان و هێزه سیاسیه‌کان دا هه‌بوو.
خه‌ڵکی شۆڕشگێڕ و قاره‌مانی کوردستان، کە ڕۆڵێکی بێ وێنه‌یان له ڕوخانی ڕژیمی پاشایه‌تی له ئێران دا بینی و توانیان به‌شێوه‌یه‌کی ڕە‌ها هه‌موو پاشماوه‌کانی شا له کوردستان وەدەرنێن و له‌و ماوه که‌مه‌ش دا ئیدارەو بەڕێوە بەریی کوردستان بە شێوەی شیاو لە لایەن کەسانی باوەرپێکراو هێزەسیاسیەکان به‌ڕێوه ده‌چوو. کۆمه‌ڵگەی کوردستان که‌تینووی ئازادی بوون، هه‌ر زوو به‌ره‌و ئامانجی بوژانه‌وه‌و ساڕێژکردنه‌وه‌ی ئه‌و خه‌ساره‌ت و زیان و زامه‌ی که له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانی ڕژیمی پاشایه‌تیه‌وه لێی درابوو هه‌نگاویان نا. خه‌ڵکی کوردستان ئازادانه چالاکیان ده‌ستپێکردو بە دامه‌زرانی ناوه‌ندی مه‌ده‌نی و په‌روه‌رده‌یی و به‌گشتی به‌ڕێوه‌بردنی کاروباری شار‌و گونده‌کاندا بە شێوەێکی شارستانیانەو شیاوی کوردستان، هه‌نگاویان نا، به‌لام به‌داخه‌وه به‌رهه‌می شۆڕشی دژی حکومەتی شا له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتداره ئاخونده‌کانه‌وه قۆرغ کرا و خرایه ژێر ڕکێفی ئه‌وانه‌وه. هه‌ڕەشه و پلانی شه‌ڕانگێزانه‌ی ئاخونده‌کان و به‌هێز کردنی تاقم و گروپی سه‌ر به‌و رژیمه لە سەرانسەری ئێران وای کرد که هه‌رچی هێزو لایه‌نی سیاسی دیموکراتخواز و خه‌ڵکی تینووی ئازادی له ئێران به بیانوی جیاوازه زیندانی بکرێن و توشی ئه‌شکه‌نجه و تیرۆر ببنه‌وه. هێرشی بەکرێگیراوانی دەسەلات بۆسه‌ر خه‌ڵکی شاری سنه، که به پلانگێڕی و به‌شێوه‌یه‌کی زۆر جینایه‌ت کارانه لاوان و خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی شاری سنه و چەندین شاری دیکەیان شه‌ڵاڵی خوێن کرد‌و کە لە ئاکامیشدا له ٢٨ی گه‌لاوێژی ١٣٥٨دا به ده‌رکردنی فه‌توای خومه‌ینی درێژه‌ی به‌و سیاسه‌ته نه‌گریسه‌ی خۆی دا.
هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستان ولایه‌نه سیاسیه‌کانی کوردستان، به‌تایبه‌ت هێزی پێشمه‌رگه‌ی سازمانی خه‌بات بە ناچاری دیفاعیان لە بەرانبەر هێزی بەکرێگیراو داگیرکەردا دەست پێکردو زۆر ئازایانه جه‌نگان و ڕووبه‌ڕوی له‌شکرکێشی ڕژیمی ئاخوندی وه‌ستانه‌وه‌و له زۆر شوێن سوپای ڕژیمیان توشی شکست کرد.
هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
جێگای وەبیر هێنانەوەیە که چارەسەری بنەڕەتی بۆ گەیشتن بە ئامانجەکان و بۆپارێزگاری له نیشتمان و ئازادی ووڵات، هه‌وڵدانه بۆ ڕۆخان و له‌ناوبردنی ڕژیمی ئاخوندی. پێویسته هه‌موو لایه‌ک ئه‌و ڕاستیه بزانن که ته‌نها به‌ڕوخان و له‌ناوچوونی ئه‌م ڕژیمه خه‌ڵکی ئێران و کوردستان ده‌توانن به ئامانجه‌کانیان بگه‌ن. نارەزایەتییەکانی ئەم چه‌ند ساڵەی ڕابردوو، له‌لایه‌ن خه‌ڵکی وه‌زاڵه‌هاتووی ئێران و کوردستان، که له دۆخێکی خراپی ئابووری و چه‌وسانه‌وه و ژێرده‌ستی دا ده‌ژین و تووشی نه‌هامه‌تی و زیندان و سێداره ده‌بنه‌وه، دەرخەری ئەم راستییەن کە ئه‌م ڕژیمه له‌سه‌ر لێواری ڕوخان نزیکه و بەرەنگار بوونەوە لە بەرانبەر نیزام و ده‌سه‌لاتی ناعه‌داله‌ت، ڕوو لە هەڵکشانە و دۆستایه‌تی و به‌ڕە‌سمی ناسینی ئه‌م ڕژیمه بۆته جێگای شه‌رمه‌زاری، لەم هەلومەرجە چارەنووس سازەدا، پێویستە خەباتی یەکانگیر بە مەبەستی کۆتایی هاتنی دەسەڵاتی ئاخوندەکان پەیڕەو بکرێ. جێگه‌ی خۆیه‌تی که له‌م ڕۆژە‌دا درود و سڵاو بنێرین بۆ شه‌هیدانی قوربانیانی ده‌ستی ئه‌م ڕژیمه نه‌گریسه و یادی ئه‌و کۆمه‌ڵکوژیانه بکه‌ینه‌وه که به‌سە‌ر گه‌له‌که‌مان دا هاتون وه‌ک کۆمه‌ڵکوژی کانی مام سید ،قاڕنێ ،قه‌ڵاتان، صوفیان و ئیندرقاش و زۆر ڕووداوی تاڵی دیکه که به ده‌ستی جه‌لاده‌کانی ئه‌م ڕژیمه به‌سه‌ر گه‌له‌که‌مان دا هاتوه.
سڵاو بۆ ڕۆحی پاکی شه‌هیدانی گه‌له‌که‌مان، به‌تایبه‌تی شه‌هیدانی سورخه‌لاتی سازمانی خه‌بات. سه‌رکه‌وێ خه‌باتی ڕە‌وای گه‌له‌که‌مان، بروخێ ڕژیمی ئاخوندی له ئێران
سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران 28 ی گەلاوێژی 1399 کۆچی خۆرى