پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتی بە بۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتی بە بۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
بابەشێخ حوسەینی

دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە ٥ی خەرمانای ساڵی ١٣٥٩کۆچی خۆری لە هەموو لایەک پیرۆز بێ‌.

جەماوەری ستەملێکراوی کوردستان!

کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان!

هاوباوەڕانی ڕێبازی سازمانی خەبات!

دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە ٥ی خەرمانای ساڵی ١٣٥٩کۆچی خۆری لە هەموو لایەک پیرۆز بێ‌. لە گەڵ دەربڕینی پیرۆزبایم بە هاونیشتمانیانی خاوەن ئیرادەو هەموو تێکۆشەرانی ڕیبازی سازمان، بە پێویستی دەزانم کە بە بۆنەی ئەم یادە بە شکۆیەوە پێتان ڕابگەینم کە هۆگرانی ڕێبازی کوردایەتی و ڕێبازی ئازادیخوازی لە ڕیزەکانی سازمانی خەباتدا، بە بۆنی هەر جۆرە کەندوکۆسپێک و سەرەڕای بەرنامەو پیلانی دژمنکارانەو ترۆریستی و پڕوپاگەندەی ژەهراوی، بەردەوام دەبن لە تێکۆشان لە پێناو ئازادی و رزگاری گەلی کورد و لە گۆڕنانی حکومەتی ملهوڕی ئاخوندی. بەڵێ‌ بریاری ئێمە، تێکۆشانی شێلگیرانەیە لە پێناو ئازادی تێکرایی، لە پێناو ئازادی  بیروباوەڕ و دابین کردنی حکومەتی دیموکڕاتێک وپاڕڵمانی غەیرە مەزهەبی و غەیرە فکری کە خاوەنی قانونی ئەساسی پێشکەوتووبێ‌. بڕیار و تێکۆشانی ئێمه‌‌‌ بۆ دابین کردنی مافی ئافرەت، مافی منداڵان، مافی تاک،  مافی هەموو زیندەورێک و پارێزگاری ژینگەی و لێرەواڕی کوردستانە. دڵنیاین کە هاونیشتمانیانی کوردستان لەم ئەرکە پیرۆزانەدا هاوکارمان دەبن و لە ڕاستای بەرەو پێشچوونی سازمانی خەبات پشتگیرو پشتیوانی سەرەکی و هەمیشەییمان دەبن. گومانمان نیە کە ئامانجە پیرۆزو بەرزەکانی گەلی کوردو تێکڕای گەلانی ئێران دێنە دیی و ئاسەوارێک لە ستەم و بێدادی نامێنێ‌.

 هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!

هۆگرانی ڕێبازی سازمانی خەبات! بێگومان لە هەلومەرجێکی گەلێک حەستەمدا بوو کە سازمانی خەبات دامەزرا، وە ئەگەر ئەو کات بتواندرایەو هەلومەج لە بار بوایە، دەبوو بە ساختارێکی شیاوترو باشترو تەنانەت بە تێ‌ پەڕینی چەند مانگ درەنگتر سازمان دابمەزرایە. بەڵام هەلومەرجەکە بە ڕادەیک حەستەم و چارەنووس ساز بوو کە بە بڕیارێکی ژیرانەو پێویست سازمانی خەبات لە لایەن مامۆستا سەید جەلال حوسەینی و چەند مامۆستای تێکۆشەری ئایینی و کەسایەتی نیشتمان پەروەر دامەزرا. کە دەڵێم بڕیارێکی ژیرانەو پێویست بوو،بە پشت بەستن بە فاکت و بەڵگەی مێژوویی لە جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کوردو هێزەسیاسیەکانی گۆرەپانی جوڵانەوە، کە هەر کام لەو هێزانە نۆێنەرایەتی بیروبۆچونێکیان دەکرد، هۆکاری دامەزرانی سازمانی خەبات بوون، وە هەروەها پشت بەستن بە زەرورەتی بوونی  تەشکیلاتێکی نەتەوەیی و نیشتمانی کە کورد بە تێکڕاو لەو سەردەمەداو، و بە تایبەت کوردی موسڵمانانی تێکۆشەرو شۆڕشگێڕ بتوانن کاری تێدا بکەن و لە ڕەوتی تێکۆشان بۆ گەیشتنی کورد بە مافەکانی، دەور بگێڕن. لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی و هێرشی پاسدارەکانی بۆ کوردستان، بە داخەوە سەرهەڵدانی ناکۆکیه‌‌‌کان زیاتر لە ڕابردو پەرەیان سەندو هەروەها سەرهەڵدانی گروپی فکری جودا جودا لە کوردستان، کە هەر کام بە بەراوردو بۆچونی فکری تایبەت بە خۆیان کاریان دەکردو زیاتر کارو چالاکیەکانیان لە چوارچێوەی خزمەت بە تەشکیلات و گروپەکان و فکرو بیروباوەڕەکان بوو. لەو هەلومەرج و سەردەمەدا، سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، کە ئەو کات لە چوارچێوەی تەشکیلاتێکی نەتەوەیی و ئیسلامی بوو، دامەزرا تا نوێنه‌‌‌رایه‌‌‌تی ڕەوتی نەتەوەیی و نیشتمانی و جوڵانەوەیه‌‌‌کی خۆماڵیانەو دوور لە بیرو باوەڕی بێگانە بکاو لە پێناو ڕزگاری و بەختەوەری گەلی کورد تێ بکۆشێ‌. بێگومان دامەزراندنی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، ویستێکی گرینگ و مێژوویی بوو، وە هیچ کات ئامانج لە پێکهێنانی، هەوڵ بۆ سڕینەوەی هیچ لایەنێکی کوردستانی وناکۆکی و دژایەتی فیزیکی لە گەڵ هیچ لایەنێک نەبوو. تەنانەت چەند مانگ دوای پێکهاتن و دامەزرانی سازمانی خەبات، لە سەر ئەو باسە گرینگە ڕاوێژو کرا، کە ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسی کوردستان بتوانێ‌ ئامانج و بەرنامەکانی سازمانی خەبات لە خۆیدا بگونجێنێ‌، سازمانی خەبات ئامادە دەبێ‌ لە گەڵ ئەو لایەنە یەک بگرێ‌ و یا لە پێوەند بە کاری سیاسی و تەشکیلاتی و تێکۆشانی سیاسی و پێشمەرگانە بە هاوبەشی کار بکەن. لە کۆبونەوەێک لە دێی نستانی شاری ڕەبەت کە پێم وایە لە بەهاری ساڵی ١٣٦٠  کۆچی خۆری، کە بە بەشداری نوێنه‌‌‌رانی سازمانی خەبات و نوێنه‌‌‌رانی حیزبی دیموکڕات بەسترا، ئەو هەوڵە دڵسۆزانەی سازمانی خەبات ئاکامی نەبوو بە هەڵە بەراورد بۆ ئامانجی سازمانی خەبات کراو و بە شێوەی دروست وەڵامی نەدرایەوە. ئاشکرایە کە سازمانی خەبات لە ماوەی ٤٠  ساڵ تێکۆشان و چالاکی بێ‌ ووچانی سیاسی و پێشمەرگانەدا خاوەن سەروەری و شانازی گەورەیە. سازمانی خەبات هەموکات هەوڵیداوە وەک هێزێکی بەرپرس و خاون پڕنسیپ درێژە بەکارو چالاکی بدات. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران نوێنه‌‌‌رایه‌‌‌تی ڕەوتی فکری  نەتەوەیی و نیشتمانیەو خاوەن بەرنامەی پێشکەوتوو سەردەمیانەی ئەو تۆیە کە هەر تاکێکی کورد بە هەر ڕوانگەو بیرکردنەوەیه‌‌‌ک دەتوانێ کاری تێدا بکا و تێبکۆشێ. سیاسەتی ئوسوڵی دروستی سازمانی خەبات وای کردوە جێگەی متمانەی خەڵک بێ‌ و تەنانەت دژمن و نەیارانیش ناتوانن خاڵی لاوازی سیاسی و ڕەش لە سەر لاپەرە زێڕینەکانی بدۆزنەوە. بەو هومێدەین لە داهاتوی نزیکدا تێکۆشەرانی ڕێبازی سازمانی خەبات بە پشتیوانی جەماوەری دڵسۆزی کوردستان لە خزمەتی زیاتر بە نیشتمان و دەستەبەر کرانی ئازادیی و بەختەوەریی لە نیشتمانی ئازاد ئەرکی ئاوەدانی نیشتمان و ئاسودەیی تێکڕای هاونیشتمانیان لە ئەستۆ بگرن. جێگەی خۆیەتی هەموان  شانازیەکان و ئەرک و تێکۆشانە بە نرخەکانی سازمانی خەبات کە گەلێکن و بەرهەمی بەرخودانی جەماوەری کوردستان و  سیاسەتی دروست وژیرانەی هاوباوەڕانی سازمان و بەرهەمی خوێنی شەهیدان و تێکۆشانی پێشمەرگە قارەمانەکانە بە گرینگ بزانین کە بە کورتی ئاماژە بە ژمارەیەک لەو سەروەری و بڕیارە دروستانە دەکەم. ١.تێکۆشانی بێ‌ ووچان لە پێناو ڕزگاری و بەختەوەری گەلی کورد و ئازادی کوردستان، چاوپۆشی لە بەشێکی بەرچاو لە ویستە تەشکیلاتیەکان کە هێندێک جار سازمانی خەباتی گەیاندۆتە لێواری لە ناوچوون.

 ٢. خۆ بە دوور گرتن لە شەڕی براکوژی و هەوڵی بێ‌ ووچان لە پێناو ئاشتی و تەبایی و یەکگرتوویی ڕیشەدارو بە کردەوە لە نێوان هێزەسیاسیەکانی کوردستان، کە هێندێک جار ئەو سیاسەتە دروستەی سازمان بۆ زیان گەیاندن بە سازمان، بەکار هێندراوە.

 ٣.تێکۆشانی سەربەخۆ و بێ‌ ترس لە هەر حکومەت و دەسەڵاتێک و شۆڕشی پاک و کەم هەڵه.

 ٤.چالاکی نیزامی و قاره‌‌‌مانیه‌‌‌تی کەم وێنەی هێزی پێشمەرگەکانی کوردستان لە سازمانی خەبات کە هێزی خومەینی بە چۆکدا هێناوە.

٥. دووری کردن لە دروشمی بێ‌ بنەما، وە شۆڕش و تێکۆشان لە چوارچێوەی خزمەت بە گەل و نیشتمان.

 ٦. بڕیاری ژیرانەو دروستی سیاسی بۆ پەسەندکردنی سیاسەتی ڕەد کردنەوەی هەر جۆرە ووت وێژێک لە گەڵ دەسەلاتی ئاخوندی و کار بۆ ڕوخانی ئەو دەسەلاتە دیکتاتۆرە.

 ٧. بڕیاڕی کاری هاوبەش و دامەزراندنی پێوەندی دۆستانە لە گەڵ هێزە شۆڕشگێڕە ئێرانیەکانی نزیک لە گەلی کورد کە گەڵاڵەی پەسەند کراویان هەیە بۆ دابین بوونی مافی گەلی کورد لە ئێراندا، بە دیاری کراوی هاوپەیمانی سازمانی خەبات و سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران،لە بڕیارە دروستەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانە.

 ٨.دۆستایەتی لە گەل هێزولایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان و هاوکاری هەمەلایەن بەو هێزانەو بە تایبەت خەڵکی کوردستانی عێراق و هێزە سیاسیەکان.

لە کۆتاییدا بە ناوی سکرتێری گشتی و سەرکردایەتی و تێکڕای هاوباوەڕانم لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات، بە بۆنەی ٥ی خەرمانان ٤٠  مین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات  پیرۆزبایی بە هاونیشتمانیانی کوردستان ڕادەگەینم  پێداگری و بڕیاری نەگۆڕمان لە خزمەت بە گەلی کوردو درێژەدان بە شۆرشی ڕەوا لە پێناو ئازادی گەلی کورد و ئازادی کوردستان و ڕوخانی ڕژیمی ستەمگەری ئاخوندی دووپات دەکەمەوه‌‌‌.

 سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران سکرتێری گشتی

 ٤ی خەرمانانی ١٣٩٩ کۆچی خۆری ٢٥ ئاگۆستی ٢٠ ٢٠  زایینی


4 ساڵ و 2 مانگ و 25 ڕۆژ و 7 کاتژمێر و 51 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی سکرتێری گشتی بە بۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتی بە بۆنەی چلەمین ساڵڕۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن