هاوباوەڕانی تێکۆشەر!
هاو باوەڕانی تێکۆشەر!
خەڵکی خەباتکاری کوردستان!
ئافرەتانی چاونەترس و خۆڕاگر و ماف ویست!
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، وێڕای پیرۆزبایی ئەم ڕۆژە شکۆدارە لەکۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، سڵاو ودرود دەنێرێت بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و گشت هۆگرانی ئازادی و تێکڕای ئەندامان و پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات و ئەم یادو وبۆنە مەزنەیان لێ پیرۆز دەکات.
٤۰ ساڵ لەمەوبەر لە وەها ڕۆژێک دا سازمان دەمەزرا، کە بووە قەڵایەک لە دژی خوێن ڕێژان و داگیرکەران لە ناو نیشتمانی داخراو و ماف پێشێلکراو . بووە مەتەرێزێکی خۆپاراستن لە شەڕگەی نێوان داگیرکەری خوێنڕێژ و خاوەن ماف. سەنگەرێک کە لە ماوەی ئەم ٤۰ ساڵەدا نەک چۆڵ نەکراوە، بگرە ڕۆژ لە دوای ڕۆژ قایم و خۆڕاگرتر لە پێشوو، خەباتکارانی ڕاستەقینەی نەتەوە و نیشتمان، لە ڕاستەڕێی گەیشتن بە ئاوات و ئامانج دا لەم سەنگەر و مەتەرێزەوە ئەرکی پاراستن و بەرەو پێشبردنی خەباتی ڕەوای نەتەوایەتی و نیشتمانیان لە پێناو گەیشتن بە ماف و ئازادیەکانی تاک و کۆمەڵی کۆمەڵگای کوردەواری بە هەموو چین و توێژەکانیەوە بەڕێوە بردووە.
لە سۆنگەی ئەم سەنگەرە قایمەوە ئافرەتی خەباتکار و داکۆکیکار لە ماف و ئازادیەکانیان بۆ گەیشتن بە ئاوات و ئامانج، شان بە شانی ڕەگەزی بەرانبەر ئەرکی سەرشانی خۆیان بە جێ هێناوە و لە هیچ چەشنە فیداکاری و ماندوو بوونێک دڵسارد و ناهومێد نەبوون و خۆڕاگرانە لە دژی پێشێلکاری و نا بەرابەری و دیاردە ناڕەوا و دواکەوتووەکاندا فیداکاریان کردووە و لە خەبات دابوون.
هاووڵاتیانی تێکۆشەر!
ئافرەتانی شۆڕشگێڕ و نەسرەوتووی کوردستان!
ئەمساڵ لە کاتێک دا یادی ٤۰ ساڵەی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران دەکەینەوە، کە لە لایەک بە هۆی پەتاو بەڵای کۆڕۆناوە مرۆڤایەتی بە گشتی و کۆمەڵگای کوردەوای بەتایبەتی تووشی نەهامەتی و بێ دەرەتانی و قەیرانی جۆراو جۆر بوونەوە و لەلایەکی تریشەوە توندوتیژی و بێ مافی بەرۆکی بە ئافرەتانی کوردستان گرتوە،
ڕژیمی دژی مرۆڤ و دژی ئاشتی و ئاوەدانی ئاخوندی لە ئێران، سەرەڕای هەموو ئەو قەیرانانە، لە ماڵوێرانی و ئیعدام و کوشت و بڕ و بەتاڵان بردنی ماڵ و سامانی هاووڵاتیان، نەک دەست هەڵناگرێ بگرە لە مەودایەکی فراوانتردا پەرەی پێداون. لێرەدا بە هەلی دەزانین کە لەوەها کاتێکدا، داوا لە ئافرەتانی ئێران و کوردستان بە تایبەتی بکەین کە دەنگ هەڵبڕن و چیدیکە زوڵم ستەم و نادادی قبوڵ نەکەن و هەڵوێست و ناڕەزایەتی لە بەرانبەر پێشێلکاریەکان و دەستدرێژیەکان بۆ سەر ئافرەتان، بدەنە دەرو بەجۆرێک هاندەری وەدەنگ هاتوان بن و پیشتیوانی یەکدی بن، تاکو بەو شێوە دەسەڵاتی ئاخوندی بەرەو زبڵدانی مێژوو پاڵ پێوە بنێین.
ئێمە لە ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران، بۆ بەرپەرچ دانەوەی ئەو ناڕەواییانە و بۆ ڕزگاری لەو بێ بەشی و نەهامەتیانە، داوا لە تێکڕای کۆمەڵانی خەڵکی ئێران بە گشتی و کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بە تایبەتی دەکەین کە بە هەستی بەرپرسیاریەتیەوە بەرەو یەک بوون و یەکڕیزی زیاتر هەنگاو هەڵگرن. داوا لە ئافرەتان، کچان و ژنانی بەرێز دەکەین کە لەم پێناوەدا زیاتر لەخەمی نەتەوەو نیشتمان و داهاتووێکی شیاو بن و لە هیچ فیداکاری و خۆ پێگەیاندن و بەرەوپێشچوونێک کۆتایی نەکەین.
هەر بەم بۆنەوە داوا لە تێکڕای خەمخۆرانی ماف و ئازادیەکانی ئافرەتان دەکەین کە بە بێ دوو دڵی و سڵ کردنەوە لە داب و نەریتە کۆن و بەربەستەکانی ڕێگای بەردەم دەرکەوتنی ئافرەتان، وەک مرۆڤ و خاوەن ماف و ئازادی و ئەرک و بەرپرسیارەتی لە ژیانی کۆمەڵایەتی، سیاسی، فەرهەنگی و خەباتکاری دا هاوکار و پشتیوانمان بن.
دڵنیابن بە هەوڵ و تێکۆشانی تێکڕاییمان باشتر و زووتر بە ئاوات و ئامانج و مافە ڕەواکانمان دەگەین و لە کاروانی بەختەوەری مرۆڤایەتی دوا ناکەوین.
پیرۆز بێ ٥ی خەرمانان یادی 40مین ساڵرۆژی دامەزراندنی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران.
بڕوخێ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستان
٥ی خەرمانانی ۱۳۹۹ی کۆچی خۆری.