شه‌ممه‌ 

3 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەرواران

یادی سەرواران

سەروەری گەل: شەهید ئیبراهیم عەزیزی (برایم خوڕیاوایی)

سەروەری گەل: شەهید ئیبراهیم عەزیزی (برایم خوڕیاوایی)
ئەی شەهید ئیبراهیم، تا دژمن زۆرتر هێزی لە کوردستان خزێنێ و تا مۆڵگەکانی سەرکوتکردن زیاتر بێت، تا خەڵکی کوردستان چاویان بەرایی نەیێ کە دژمنی داگیرکەر ببینن و لە بینینیان تارماییان بەسەر چاودا بکشێ، تا خەڵکی کوردستان چاوە چاویان بێت کە پێشمەرگەی قارەمان ببینن و چاویان بە دیمەنی ڕوون کەنەوە، تا گۆڕستانی شەهیدان مات و کڕ بێت، دەنگی هاوەڵانی لێ نایەت، تا هەڵاڵە برایمی سەرگۆڕی تۆ و هاوەڵانت چاویان خێل بوو ملیان دەقی گرت، ئەوەندە چاوەڕێی برا قارەمانەکانتان بوون کە جێژنی هەڵاڵەی گۆڕی شەهیدانتان لەگەڵ بگرن. بەهاری زەنوێری کوردستان ڕۆیی و هەڵاڵەی سەر گۆڕی شەهیدانی سوور خەڵاتی خەبات لە داخی بێ کەسی، وشک بون و فرمێسکی هاوسەنگەرێکی بەسەردا نەباری کە وەک ئاوی ژیان درێژە به ژیانیان بدا، تا دایکی شەهید، هەموو هەینیەک لە گۆڕستانی شەهیدان چاوە چاویانە کە شێوەی جوانەمەرگیان لە دیمەنی هاوسەنگەرەکانیان دا ببینن، بەڵام بە هەناسەی سارد بگەڕێنەوە، تا دەبینن کە دیمەنی پڕ لە حەماسەی مەردانەی ئێوە لە خاکی نیشتمان دا بەندەو بەشتان لە قارەمانی کردن و هەڵمەت بردن بڕاوە، تا دەبینن خۆ بوێر و خۆ دۆڕێن، دەیانەوێ دێڕی خوێنی ئێوە لەسەر شەقامی خەبات بلێسنەوە، دێڕ دێڕی کێشراو بە خوێنی ئێوە بلێسنەوەو شوێنەوارتان کوێرکەنەوە. ئێوە بە سەربەرزی ڕزگار بوون و تازە پڕیشکەی تاوان و ناپاکی بە داوێنتان، هەڵناپڕژێ، تازە نە ئاش بە تاڵتان دەبێ و پاش بە تاڵتان دەبێ. تا بیر دێتەوە قسەکەی کە دەتگوت، هەر گیانێک بە سازمانی خەبات قەرزدارم، دەبینین کە قەرزەکەت داوە، تا ئەوانە دەبینین و بیر دەهێنینەوە، ئەی شەهیدی بەرزی سەربەرز، دڵمان پڕەگڕو کڵاوڕێژە لە ژان و داخ و پڕە لە ئۆف و ئاخ، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دا، دڵشادین بە ژیانی سەربەرزیتان و مەرگی پڕ لە شانازیتان. ئەی شەهیدی نەمر، تۆ نەمردوی و نامری، چونکە دڵت بە خوێنی نەتەوە پەرەستی گەرمەو دڵت لە شەرەف پارێزی سارد نەبۆتەوە، ئەی شەهیدی ڕوو سور، ئەی بێچوە شێری سوور، ئێمە سورین لەسەر ڕێبازت، ژیانی تۆو هاوەڵانت، ڕێبازی ژیان و بەڵگەی ئیمانە، ئەی شەهید، باوەڕی ئێوە چۆڵەچرای ڕێبوارانی ڕێی ئازادیە و بیری ئێوە دەست مایەی شادیە، نە ئێوە لە بیری شۆڕشگێڕان دەچن و نە شۆڕشگێڕان لە بیری ئێوە دەچن، هەتا لە کاروانی شەهیدانی سورخەڵاتی کوردستان دەڕوانین، کاروانێکی نەپساوە دەبینن، سەرێ لەبن کۆشکی ستەمکارانی و داگیرکەرانەوە دێ و لەلای دوامین کەلاوەی ڕوخاوی کۆشکی ستەمگەری دەبڕێتەوە.
لەناو ئەو کاروانە دورودرێژەدا، دیمەنی شەهیدە سوور خەڵاتەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لەگەڵ دیمەنی بەهەشتی شەهیدان دەکاڵێتەوە، ڕوناکی باوەڕیان دڵی کردونە چرای کوردستان، چاوی گەشیان دڵی فریشتەی پێ گەش دەبێتەوە، بەسەر بەرزی ژیان و بەسەر بەرزی لە ژیان دەرچون، لە ناو هێندێکیان دەبینین، کە کڵاوی پەرێز پاکیان بەلاتیری سەریانەوە ناوە، کەسی و زێڕینیان، بەسەر سەرەوە ناوە و پرسیاریان لەسەر نەماوە.
دەتوانین ئەمڕۆ بۆ وێنە، شەهید ئیبراهیم عەزیزی بهێنینە ناو کۆڕی باسەوە، شەهید برایم خوڕیاوایی بە بیستنی ناوی، پاسدار هەناوی دەکەوت، زراوی جاشی پێ دەتۆقی. بە تەنیا بەهێزێک و لەگەڵ هاوەڵان بە هەزار دەژمێردرا، پێشەنگی هێرش بوو، دوامین کەسی پاشەکشە بوو، مەرگ دڵی نەدەهات قوتی بدات، چونکە بازاڕی مەرگی گەرم داهێنابوو، یان نەیدەوێرا تخونی بکەوێ، چونکە شەهید برایم مەرگی لێ دەبارێ، شەهید برایم فریشتەی ئازادی بۆ قەڵای ئازادی بوو، شەهید برایم خوڕیاوایی کە تەمەنی لاوی خۆی لە شۆڕشی ڕەوای کوردستان، جەنگی داسەپاودا بە فیداکاری و لێبردوویی دوای هێنا. لە سەرەتای شۆڕشی کوردستان لە ساڵی 1358دا تێکەڵ بەکاری شۆڕش بوو،دواتر پێوەندی لەگەڵ سازمانی خەبات ی کوردستان گرت، لە 15 پانزەی خاکەلێوە 1360 دا بە فەرمی هاتەناو ڕیزی سازمانەوە. لە هاوینی 1360 دا لەبەر دەست تەنگی خێزانیان و بژێوی ژیانیان لە پێشمەرگایەتی دانیشت. بەڵام لەگەڵ سازمانی هەر لە پەیوەندیدا بوو، لە بەهاری 1362هاتەوە ناو ڕیزەکانی سازمانی خەبات و پێشمەرگایەتی و بێ پسانەوە لە خەباتی بێ وچاندا بەشداری دەکرد. شەهید برایم لە ساڵی 1363 دا کرا بە سەرلکی شەهیدانی بۆیەن لە هێزی شەهید سەید خەلیل. لە ساڵی 1364دا، کرا بە بەرپرسی ڕێکخراوی نهێنی سەر بە کومیتەی
شارستانی بانە، لە ساڵی 1365 دا کرا بە بەرپرسی ڕێکخراوی حەوتەوانان سەر بە مەڵبەندی سێ. 
شەهید برایم کە ورەی دڵی پێشمەرگەو خەڵک بوو، لە ساڵی 1342 دا لە بنەماڵەیەکی وەرزێر لە دایک بوو لە دێی خوڕیاوای بانە، هەر لەوێ چوە بەر خوێندن و چەند ساڵێک خوێندی، پاشان لەبەر نەداری، دەستی لە خوێندن هەڵگرت. شەهید برایم، لە ڕۆژی هەینی 14ی خەرمانانی 1365 لە شەڕێکی خوێناوی دا لەگەڵ جاش پاسدار و بەسیج دا، کە لە کوێستانی کوڕ و کچانی نێوان نجنێی ژوورو سیوچ و سەدبار کرا و زیانێکی زۆر بە دژمن گەیشت، بە گوللـەی دوژمنانی ئازادی پێکرا و گیانی پڕ لە ئیمانی فڕی بۆ کۆڕی شەهیدان و تەرمی پیرۆزی بە شانی برا پێشمەرگەکان و خەڵکی بە شەرەف و کورد پەروەری ناوچەکه هێندرایەوە دێی بێلوێ و لە گۆڕستانی ئەوێ بە خاک سپێردرا.
هەزار سڵاو لە گیانی پاکی شەهید برایم وهاوەڵانی


4 ساڵ و 2 مانگ و 19 ڕۆژ و 4 کاتژمێر و 32 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەرواران

یادی سەرواران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن