سەروەری گەل شەهید خەلیل پاشایی
سەروەری گەل شەهید خەلیل پاشایی
کاروانی شەهیدانی سورخەڵاتی کوردستان، کاروانێکی دوور و درێژ و نەپساوەیە، نەسەری دیارەو نەبنی. لەوەتی ستەم لەسەر گەلی کورد هەیەو تا ستەم دوایی دێ، درێژەی هەیەو دەبێت. ئەو کاروانە، لە کۆتای شۆڕشگێڕان پێک دێ، داخوازانی ڕێبازی شەهادەت و گیان لەسەردەستانی قارەمان، قامکی ئامادەیی هەڵدێنن کە بەرەو مەیدانی ئازایەتی و شەهادەت بکەونەڕێ، ڕیزەکانی شۆڕش پاڵاوتە دەبێت بەوە کە ڕێبازی شەهادەت، لە ئوردوگای شۆڕشەوە سەرەتای دادەمەزرێ، ئەوی لەو ئوردوگایەدا بمێنێتەوە، ڕەنگە ڕۆژێ لە ڕۆژان بەرگەی بەختەوەری و سەربەرزی و شانازی شەهادەتی بەناوەوە بێت و ئەو ڕێگایە بگرێ کە پەسەندی پارێزەرانی نەتەوە و نیشتمان و داد پەروەریە.ڕێگەی شەهادەت ڕێگەی پاکان و چاکانە، ئەوی ئەو ڕێگەیەی گرتەبەر بەرگەی بەختەوەری بەناوەوە دەرچوە، بەرگی سەربەرزی و شانازی شەهادەت دەکاتە بەر، ڕێبوارانی ئەو ڕێگەیە، دڵسۆزانی گەل و نیشتمانن، پشتیوانی عەدالەت و دادن، ئەوانە بە گیانی خۆیان، ژیانی گەل دەپارێزن و بە خوێنی خۆیان سەنەدی پارێزگاری لە ئازادی کوردستان دەنوسن، ئەوانەن کە چش لە گیان و ژیانی خۆیان دەکەن و ئامادەنین کە چش لە ژیانی گەل و نیشتمان بکەن، ئەوانە گیانی ئازادی و دروشمی شادین، لە دڵۆپە خوێنیان، هەڵاڵە شین دەبێ و ڕێبازی شۆڕش ڕەنگین دەبێت، پێت وایە کێ دەبینی کە ئەو ڕێبازە ئاوەدان ڕاگرێ و تەرمی خوێناوی و مەیدانی جەنگ خوێناوی بکات، جگە لە ڕۆڵە بەنرخەکانی کوردستان، کە نرخی خۆیان بە خوێنی شەهادەت و بەڵێنی خۆیان بە ڕەشادەت دەبەنە سەر و داری ئازادی و ڕزگاری گەل دەهێننە بەر. نەچی پێت وابێ، کەس وەک ڕۆڵەی هەژار لەو ڕێگەدا شارەزابێ و بۆ گیان بەختکردن لێبردوو ئازابێ، وەرە بڕوانین ئەو کاروانە بێ وچانە، بڕوانە هەژاری لێو بەبار لە سەرووی هەموانەوە، وەرە بۆ وێنەیەک لە هەزاران ڕۆڵەی نەدارو هەژاران ، ڕۆڵەی قارەمان و بە ئیمان، شەهید خەلیلی پاشایی، لە پێشانگای شانازی و سەربەرزی دا بە گەلی شەهید پەروەری کورد نیشان دەین، کە کێ بێ بەشترە لە کوردستان دا، زۆرتر هەستی پاراستنی کوردستانی لە دڵ دایە.شەهید خەلیل پاشایی لە بنەماڵەیەکی هەژار و زەحمەتکێش ،لە ساڵی 1347 لە شاری بانە لە دایک بوە، 6 شەش ساڵە بوە کە باوکی کۆچی دوایی کرد، دایکی کوێر و هەژاری، خەلیلی نایە بەر خوێندن، شەهید خەلیلی پاشایی کوڕێکی بەهۆش بوو، هاوینان، کاتی داخرانی قوتابخانە و ڕۆژانی پشوو کاری دەکرد، بەو شێوە تا دووی ڕاهنمایی خوێندی، پاشان وەک هەموو مێرمنداڵ و لاوی کوردستان، هەستی بە ستەم دەکرد، خۆی لە بیرەوەری خۆیدا نوسیویەتی کە بیرم لەوە دەکردەوە، بۆ کورد کە خاوەنی زمانی تایبەتی خۆیەتی، دەبێ بە زمانی ئەم و ئەو بنوسێ و دەرس بە زمانێک بخوێنێ کە نایزانێ و تێی ناگات. هەموو جارێک ئەو هەستە دڵی شەهید خەلیلی ڕادەچڵەکاند، تا لە 1ی پوشپەڕی 1363 دا هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە و دوای ڕاهێنان و بارهێنان، چوە هێزی شەهید سەید خەلیل و درێژەی دا بە کاری شۆڕش.شەهید خەلیلی پاشایی پێشمەرگەیەکی دڵسۆز و ئازاو لێهاتوو بوو، فەرمان وەرگر و ڕێک و پێک بوو، دڵی لەلای موتالەعە و فێربون بوو.شەهید خەلیل پاشایی شۆڕشی نەدەدا بە پاشایی، سەربەستی و ئازادی گەلی کورد ئامانجی بوو، شەهید خەلیل، بەهۆی خراپی باری دارایی خێزانەکەی، لە پوشپەڕی 1365 دا چۆوە ناو شاری بانە، لەوێش بەردەوام کاری بۆسازمان دەکرد، تا لە 3ی خەرماناندا لە لای دژمن ئاشکرا بوو، دیسان هاتە دەرو جاشێکی لەگەڵ خۆی هێنا دەرەوە، لە شەوی 5ی خەرمانانی 1365 دا، بە بۆنەی جێژنی دامەزرانی سازمانی خەبات ، ڕێنوێنی پێشمەرگەکانی دەکرد بۆ ناو شاری بانە و زەربەتێکی گورچک بریان لە جاشە خۆفرۆشەکان دا، لە پوشپەڕی 1366 دا بوو بە بەرپرسی تەداروکاتی مەڵبەندی 3ی سازمان و ئەندامی هەیئەتی ئیجرایی، تا لە دوا نیوە شەوی 21ی خەرمانانی ساڵی 1366 دا لە کاتی گەڕانەوە بۆ بنکەکانیان، دوای ئەوە کە لە کەمینی دژمنی دژی کورد کەوتن و لە باسکی چەپەوە بریندار بوو، پاشان کەوتنە مەیدانی مینەوە، ئەو قارەمانە و دوو هەڤاڵی لە چەمی زاخە لە کوردستاندا، گیانی پڕ لە ئیمانیان فڕی بۆ کۆڕی شەهیدانی سورخەڵاتی سازمانی خەبات ی کوردستان.تەرمی پیرۆزیان هێنراوە گۆڕستانی سلێمان بەگی بانەو لە نزیک میری دادگەر سلێمان بەگی ئیختیار دینی چونە باوەشی گەرمی نیشتمانەوەهەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهید خەلیل پاشایی و هەڤاڵانیبژی کورد و کوردستان