خەبات مێدیا: لە دوای چالاک کردنەوەی میکانیزمی ماشەو لەدرێژەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ڕژیمی ئاخوندی، ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر زیاتر لە 30کەس و دامەزراوەی پێوەند
خەبات مێدیا: لە دوای چالاک کردنەوەی میکانیزمی ماشەو لەدرێژەی گەمارۆکانی ئەمریکا بۆسەر ڕژیمی ئاخوندی، ئەمریکا گەمارۆی خستە سەر زیاتر لە 30کەس و دامەزراوەی پێوەندیدار بە بەرنامە ناوکەیی و نیزامیەکەی ڕژیم.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ڕۆژی دوشەممە 31ی خەرمانان، گەمارۆی نوێی لەدژی وەزارەتی بەرگری و باقی بەشەکانی دیکە کە پەیوندیان لەگەڵ بەرنامەی ناوکەیی و نیزامی ڕژیمی ئێران هەیە، وەگەڕ خستەوە تا هەڵوێستی وڵاتەکەی لەپێوەند بە گەڕانەوەی هەموو گەمارۆکانی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەدژی تاران، لە چوارچێوەی چالاک کردنەوەی میکانیزمی ماشە" بەهێزتر بکاتەوە.
وردەکاریەکانی ئەم گەمارۆ نوێیانە، لە کۆنفڕانسێکی هەواڵی بە بەشداری مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوە" مارک ئەسپەر" وەزیری بەرگری، ئێستیڤن مەنوچین" وەزیری خەزێنەداری، ویلبۆر ڕاس" وەزیری بازرگانی، کیلی کرافت" نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکان لە ڕێکخراوی نەتەوەکان و ڕابێرت ئۆبراین" ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی کۆشکی سپی، ڕاگەێیندرا.
وەگەڕخستنەوەی گەمارۆی نوێ لە دژی وەزارەتی بەرگری ڕژیم، هەندێک لەزانایانی ڕێکخراوی وزەی ناوکەیی ڕژیم، و سەرۆک کۆماری ڤێنزۆئێلا کە بەهاوکاری کردن لەگەڵ ڕژیمی ئێران تاوانبارە، لەگرنگترین بەشەکانی ئەم کۆنفڕانسە بوو.
هەروەها ڕابێرت ئۆبراین، ڕاوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی سەرۆک کۆماری ئەمریکا ڕایگەیاند کە دەوڵەتی ئەمریکا گەمارۆی نوێ لەسەر 26کەس ڕادەگەیەنێ و جێبەجێی دەکات. ئێستیڤن مەنۆچین، وەزیری خەزێنەداری ئەمریکا، پێداگری کردەوە لە وەگەڕ خستنەوەی گەمارۆ لەسەر ئەو کۆمپانیایانە کە مەوادی سەرەتایی بۆ بەرهەم هێنانی موشەکی بالستیک دروست دەکەن، وەکو کۆمپانیای شەهید هیممەت" و حاج عەلی مۆدەت".
ویلبر ڕاس وەزیری بازرگانی وتی، پێنج زانای ڕژیم کە لە تاقیگەکانی ڕێکخراوی وزەی ناوکەیی کاردەکەن بە لیستی گەمارۆکان زیادکراون. هەروەها وتی ئەو کەسانە لە بەرنامەی ناوکەیی ڕژیم ڕۆڵێکی گرنگیان هەیە.
مارک ئێسپەر" وەزیری بەرگری، لەو کۆنفرانسەدا وتی، ئەمریکا ئامەدەی وڵامدانەوەی هەرشێوە دەستدرێژیەکی ڕژیمی ئێرانە، و هەروەها جێبەجێ کردنی گەمارۆ نوێیەکانی وەک پەیامێکی ڕوون بۆ کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی زانی و لەدرێژەدا وتی کە دەبێ حکومەتەکان لەهەر کردەوەێیک کە دەبێتە هۆی ئاژاوەگێڕی لەناوچەکە، خۆیان دوور بگرن.
وەزیری بەرگری ئەمریکا هەروەها بە ئاماژە بە ڕێکەوتنی ئیمارات و بەحرەین لەگەڵ ئیسراییل وتی: ڕژیمی ئاخوندی ئێران دەبێ لەم هەل و دەرفەتە بۆ دووری کردن لە کردەوە تیرۆریستیەکان لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست کەڵک وەربگرێ، و ئەوکاتەی ڕێکەوتنی ناوکەیی لەگەڵ ڕژیمی ئێران واژۆ کرا، ڕژیمی ئێران گەیشتبوە کۆتایی، بەڵام بە ڕێکەوتنی ناوکەیی ملیاردها دۆلار و سەرچاوەی ئابوری بۆ بەرەو پێشبردنی کرەوە تیرۆریستیەکان، کەوتە دەستی ڕژیمی ئێران.
ناوبراو لەدرێژە دا وتی: گەمارۆکانی دەوڵەتی ئەمریکا دەسپێڕاگەیشتنی ڕژیمی ئێران بەو سەرچاوە ئابوریانە سنورداردەکاتەوە، و دەبێتە هۆی ئەوەی ڕژیمی ئێران کەمتر یارمەتی چەکدارانی حیزبوڵا و حوسیەکانی یەمەن بکات و ئەمە هەنگاوێکە بۆ سەقامگیری لەناوچەکە دا.
لەبەشێکی دیکە لەم کۆبونەوەیە، مایک پەمپێئۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتی: لەوڵاتانی فەڕانسە، ئاڵمان و بریتانیا، چاوەڕێ دەکەین ئەو گەمارۆیانە کە پاش چالاک کردنی میکانیزمی ماشە، دیاری کراوە، جێبەجێ بکرێ، و ئاماژەی بەوەکرد کە ئەم دەوڵاتانە بە شێوەی تایبەتی بە ئەمریکا دەڵێن کە نایانهەوێ گەمارۆکان لەسەر ئێران هەڵبوەشێتەوە و هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ دوبارەکردنەوەی گەمارۆی چەک و چۆڵ، یارمەتیدەری ئاسایشی ئوروپایە.