هەر لایەنێکی سیاسی بەشدار لە گۆڕەپانی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کوردستان و شۆرش دژ بە دەسەڵاتی ئێران، پێ وایە تەواو یا بەشێکی زۆر لە ڕوانگەی خۆی لە پێوەند بە
هەر لایەنێکی سیاسی بەشدار لە گۆڕەپانی جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کوردستان و شۆرش دژ بە دەسەڵاتی ئێران، پێ وایە تەواو یا بەشێکی زۆر لە ڕوانگەی خۆی لە پێوەند بە بابەتە سیاسیەکان و کۆی کارکردو بڕیاڕەکانی دروستە، کە ئەوە شتێکی سروشتیەو ناکرێ نکۆڵی لێ بکرێ. بەڵام ئەگەر هەر لایەنێکی سیاسی وا بیری کردەوە کە هەموو وەک ئەو دەبێ کار بکەن و بیربکەنەوە کارێکی ناسروشتیەو لە گەڵ بنەماکانی فرەڕەهەندی و فرەچەشنی یەک ناگرنەوە. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە کۆن تا ئێستا نیشانی داوە کە خاوەن بەرنامەی شیاو و کوردستانیانەی دوور لە دەنگەدەنگی بێ کردەوەیەو بۆ تەواوی پرسە نیشتمانی، نەتەوەیی، سیاسی و تەشکیلاتی خاوەن بەرنامەو باگراوەندی سەربەرزانەی مێژووییە. سەبارەت بە پرسی نەتەوەیی، سازمانی خەبات باوەڕی وایە کە کورد لە کوردستانی ئێران دەبێ بە تێکرای مافە نەتەویی و سیاسیەکانی لە چوارچێوەی جوغرافیای سیاسی و مێژوویی بگات.
بیگومان گەیشتن بەو ئامانجانە بە خەباتی یەکانگیر و هەمەلایەنە وەدی دێ، ئەویش لە لەچوارچێوەی بنەماو بەرنامەو سیاسەت و بەراوردی دروست و بە رەچاوکردنی هەلومەرجی جیهانی، ناوچەیی، ئێران و کوردستان و بە دوور لە دروشمی زریقەو بریقەدار کە ئەو دروشمانەی کە نەک کاریان پێ ناکرێ بەڵکوو دەبنە هۆی شێواندنی بنەماکانی خەباتی مافخوازانەی گەلەکەمان و ئاڵۆزکردنی دۆخەکە. بۆ گەیشتن بەئامانجەکان، بێ ئەملاوئەولا دەبێ بە شێوەی سەرەکی پشت بە خەبات و تێکۆشانی تێکرایی جەماوەری کوردستان بە هەموو چین و تۆێژێک و بە بێ بژارکردن هەڵاواردنی ئەو چین و ئەو دەستەیە ببەستین. بەشداری چالاکانەی ئافرەتانی کوردستان لە جوڵانەوەی مافخوازانە وەک یەکێک لە هۆکان و زەمانەت بۆ سەرکەوتنی شۆڕشی گەلی کوردو ئاوەدانی و پێشکەوتنی سیاسی و زانستی و کۆمەڵایەتیەو سازمانی خەبات زۆر بە جیددی پێداگری لە سەر ئەو ئەسڵە دەکات کە دەبێ ئافرەتانی کوردستان بەرێوەبەرو پێشەنگی تێکۆشان بن بۆ گەیاندنی دانیشتوانی کوردستان بە ئازادی و بەختەوەریی.
سازمانی خەبات لە ماوەی چل ساڵ کارو تێکۆشانی خۆیدا بە کردەوە دەری خستوە چەندە دڵسۆزانە لە پێناو ئامانجەکانی گەل و نیشتمان فیداکاری کردوە. مێژووی چل ساڵ کارو تێکۆشانی سازمانی خەبات ئەو راستیەی سەلماندوە کە پێویستە خەمخۆرانی گەل و نیشتمان ئەو تەشکیلاتە نەتەوەیی و نیشتمانیە ئاوەدانتر بکەن. تەشکیلاتێک کە کەس ناتوانێ گومان لە سەر دڵسۆزی و پاکی و سەداقەت و راستگۆیی بکات. تەنانەت نەیارانی سازمانی خەبات ناتوانن بەڵگەیەک لە سەر دەست تێکەڵ کردنی رێبەرانی سازمان لە گەڵ حکومەت و دەسەڵاتەکانی دژمن بە کورد بدۆزنەوە، ناتوانن بڵێن کە سازمانی خەبات ئەم، یا ئەو ڕۆڵەی کوردەی بە دوژمنانی کورد بە کوشت داوە، ناتوانن بڵێن سازمانی خەبات لە گەڵ ئەم یا ئەو حکومەتی دژ بە کورد پیلانی دژ بەم یا ئەو رێبەرو تێکۆشەری کورد گێراوە. تەنانەت لە کاتی ئەو غەدرو ناڕەواییەی لە ڕابردوو بەرانبەر سازمانی خەبات ئەنجامدرا هیچ کات رێبەری سازمانی خەبات بۆ کورت کردنی دەستی غەدر پەنای نەبردۆتە بەر کاری ئەوتۆ کە زیان بە ئامانجەکانی گەل و خودی سازمان بگەێنێ و لە رێگەی ڕاست و ئوسوڵی، دوری بخاتەوە. ئەوانەی پشتێنیان بۆ لە بەین بردنی سازمانی خەبات بەستبوو، هەموو کارێکیان دەکرد کە ئەم کاروانە پڕ لەسەروەریە لەرێگە لابدا. پاک و جوان و بێگەردە سازمانی خەبات، بەڵام بە ناڕەوا بە غوددەی سەرتانیان ناو دەبرد و هێزیان لە دژ بە کاردەهێنا. تێکۆشەرانی رێبازی سازمانی خەبات لە مەیدانی نەبەردیدا لە بەرانبەر دژمن وەک هەڵۆی بەرزەفڕو وەک بەوری بەیان هەڵمەت بەر بوون و دژمن خۆی لە بەر هێزی بە هێزیان نەدەگرت و بەکرێگیراوان یا تەسلیم دەبوون و یا لە مەیدان هەڵدەهاتن. ئەو بەکرێگیراوانەی تەسلیم دەبوون هیچ بێ ڕێزێکیان پێ نەدەکرا و تا کۆتایی ماوەی ئەسارەتیان ئەوپەڕی رێزیان لێ دەگیراو تەنانەت ئیمکاناتیان وەک پێشمەرگە بوو و حقوقی مانگانەیان هەبوو. ئەسیرەکان دوای ئازاد بوونیان ئەو یارمەتی ماددیەی مانگانەی کۆیان کردبۆوەو لە گەڵ خۆیان دەبردەوە. هیچ کات ئەسیرە جەنگیەکانی دژمن بە نەیارانی کورد نەفرۆشران و یا بە نەیارانی کورد بە کوشت نەدەدران. لە مەیدانی کاری سیاسی و بەگژداهاتنەوەی دەسەلاتی ئاخوندی، سازمانی خەبات پەرچەمداری شۆڕشی لێبڕاوانە لە گەڵ ئەو رژیمە بووەو باوەڕی وایە ڕوخانی ئەو حکومەتە تاکە چارەسەرەو کۆتایی بە ئازارو مەینەتیەکان دێنێ، سازمانی خەبات ئەو رژیمە بە دوژمنی سەرەکی ئاشتی دەزانێ. هەموو ئاگادارن ئەو حکومەتە دیکتاتۆرە لە سەرەتای بە دەسەڵات گەیشتنیەوە تا ئەمڕۆ هەموو پێوەرو بنەما ئەخلاقی و ئینسانیەکانی پێشێلکردوەو لە وەڵامی هەر داوایەکی ئاشاتیخوازانەی میللەتی کورد سەرکوت و ترۆرو هەڕەشەی بەکار هێناوە.
هێندێک جار گۆیمان لەو قسانە دەبێ کە وتووێژ یەکێک لە ئوسوڵەکانی کاری سیاسیە، لە گەڵ باوەر بوون بە و ڕاستیە کە وتووێژ لە گەڵ لایەنی نەیار یەکێک لە بنەماکانی کاری سیاسیە، بەڵام شکی تێدا نیە کە وتووێژ لە گەڵ دەسەڵات یا ناوەندێکی شەرعی و قانونی دەکرێ نەک دەسەڵات و حکومەتێکی نامەشروع و تا سەر ئێسقان مەزهەبی و دڕندەو دیکتاتۆر،ئایا لە نێوان رێکخراوی داعش و دەسەڵاتی ئاخوندەکان چ جیاوازیەک هەیە؟ بێگومان تەنیا جیاوازی لە نێواندا ئەوەیە کە ئاخوندەکان سەرمایەو داهاتێکیان بە دەستەوەیەو بە فێل و درۆ و بە ناوی هەڵبژاردنی ساختە، خۆڵیان کردۆتە چاوی زۆر کەس و بەو بە ناو دێموکراسیە ساختەیە، هەزار جار زیاتر داریان داوە بە ڕۆحی خەڵکداو ناوچەکەو جیهانیان تووش کێشەی زۆر گەورە کردوە. سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بەو بەراوردە دروستە، پێشڕەوی تێکۆشانی کاریگەرو جیددی لە بەرانبەر حکومەتی دیکتاتۆری ئێرانەو بێگومان رێبوارانی رێبازی سازمانی خەبات ڕوو سوور و سەربەرزن چونکە تەشکیلاتەکەیان مێژوویێکی خاوێنی هەیەو هیچ کات لە بەرەی گەل لای نەداوەو هیچ کات نەبۆتە داردەستی دژمنانی کورد و دژمنانی ئازادی. مێژووی پڕ لە قوربانی و فیداکاری سازمانی خەبات ئەو پەیامە بە هۆگرانی رێبازی سازمانی خەبات و تێکرای هاونیشتمانانی کوردستان دەدا کە پێویستە بۆ گەیشتن بە ئامانجی لە مێژینەی گەل و بۆ رزگاری نیشتمان و ئاسوودەیی دانیشتوانی، سازمانی خەبات بە هێزتر بکەن و ئەو تەشکیلاتە خاوەن پڕنسیپ و بەرنامە دروست و سەردەمیانەو نەتەویی ونیشتمانیە بەرەو سەرکەوتنی زیاتر رێنوێنی بکەن.