شه‌ممه‌ 

3 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

یادی سەروەران

یادی سەروەران

سەروەری گەل حامید قادری ناسراو بە ( حامیدبڵەسەنی) و (عومەر فەرەجی)

سەروەری گەل حامید قادری ناسراو بە ( حامیدبڵەسەنی) و (عومەر فەرەجی)

لە کوردستان نیشتمانی کورد خۆشەویستان خۆ فیداکردن باوی هەیە و قارەمانی و قارەمانەتی ناوی هەیە. لەو ئاسمانی پڕ تەم و غەمەدا کە شەبەقی خوێنی شەهیدان تاوی هەیە و دوژمنی نابەکار بە هەموو بار پیلان دەگێڕێ و خۆفرۆش و دژمن بەگەلیش هەن، سەرکەوتن بۆ ئەوانە دەبێ کە ئاڵای بژی کوردستان بەرزدەکەنەوە و سەر شۆڕی بۆ ئەوانەیە کە خۆ لەگەل جیا دەکەنەوە. بەرەی ڕاستی کە وێستگەی ئاشتی گەلانە و لە فەرهەنگی ژیانیدا بە سەدان جار وشەی کوردستان و فیداکاری مانا دەکرێ سەرە ئەنجام بەرەی بێ ورەیی و ناپاکی و ستەم کە ویست و خواستی دەست درێژی بۆ هەموو مافەکانی ژێر چەپۆکانە و لە تۆماری ڕەشی ژیانیدا تاوان وەک پاوان دەبیندرێ، سیایی هەڵە و تاوان و لە خۆبایی بوون و ڕوو ڕەشی لەبەر ڕەشی نازاندرێ و سەری لێ دەرناکرێ ،تێک دەرووخێن و هیوای بەشخوراوانی جیهان گوڵ دەکا، ئیتر داگیرکەر لە شان و پیلی زەحمەتکێشان دەترسێ و سڵ دەکا. لە کوردستان ڕووبار بە خوێنی لاوان دەخوسێن و خەتەکانی دەوران دەوری کوردستان بە خوێن دەکشێن. گۆمی خوێن، خوێن ڕێژان دەخنکێنێ و گڕی جەرگی سووتاوی دایکان، تاوانباران دەسووتێنێ و چەکی تۆڵەی لاوەکانی کوردستان هەروا بەگڕ لە دەست تۆڵە ئەستێناندا دەمێنێ و ناوی پێشمەرگەی کوردستان هەروا بەرز و بەڕێز دەبێ و ناوی جاشی خۆفرۆش لە دەفتەری ژیان و ئینساندا ڕەش دەبێتەوە و نامێنێ. ئەوانەی ئەمڕۆ لە نیشتمانی ئێمە، کە گوڵی هیوا بە سەرکەوتنی شۆڕشی کوردستان لە پشکۆتن دایە و زەرەری ڕۆژی سەربەخۆیی لە سایەی ڕەنجی خەباتگێرانی کوردستان لە ئەنگوتن دایە، هەموو بوون و نەبوونیان لە پێناو دەسەڵاتی پڕ لە تاوانی ڕژێم دایە. ئەوانەی چەکی خۆفرۆشیان لەشان کردووە و بەرەو چیا و شاخ و ڕەهۆڵەکان بۆ سەر شوێنی حەسانەوە و کاری پێشمەرگە کوێر کێشان ئەکەن، دەبێ بزانین هەر ڕۆژێک دێت شۆڕش بە سزای خۆیانیان لە گەڵدا دەکات. ئەوانە دەبێ بزانن چی ئەکەن و لەگەڵ چ هێزێکن و لە بەرانبەر چ هێزێکدان. دەبێ بزانن هێزی پێشمەرگەی کوردستان بێ بڕانەوەیە و لەو دەستانەی کە کوردی پێ دەکوژرێن و کوردستانی پێ وێران دەرکرێ هەرگیز نابوورن و خۆش نابن. ئەو دەستانە کە ئاڵای بژی کورد و کوردستانی پێ بەرز دەکرێتەوە قایمترو بە هێزتر لە هەموو دەستێکی ناپاکی جاش و بەکرێگیراوانی ناوخۆیە و تێکیان دەشکێنن.
ڕۆژی 18ی ڕەزبەری 1365 دەستەیەک لە پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات بۆ چالاکی و ئەرکی پێشمەرگەیی چوو بوون بۆ ناوچەی بانە. لە درێژەی ئەو گەڕانەدا ڕێیان دەکەوێتە نزیک گوندی بڵەسەن و شەو دەمێننەوە. جاش و خۆفرۆشەکان پێیان دەزانن و بە هاوکاری جاشەکان کە بە سەر چاوەی هەموو خەیانەت و جینایەتێک دەناسرێن دژمن بۆیان دەچێ و دەورەیان دەگرن. کاتێک پێشمەرگەکان پێیان دەزانن هەوڵ ئەدەن خۆیان بگەیەنە بەرزاییەکان. دوژمن بە هێزی زۆرەوە لە هەموو لاوە تەقەیان لێ دەکا و پێشمەرگەکان بە توندی بەگژیاندا دەچن و دژمنی زۆردار دەدەنە بەر ئاگری چەکەکانیان. بەڵام بەداخی گرانەوە هەر زوو چەند پێشمەرگە بریندار دەبن و ناتوانن بگەنە بەرزاییەکان. دوژمنی داگیرکەر گەمارۆکە توندتر دەکا. بریندارەکان پاش نیو ساعەت شەڕو خۆڕاگری لە ساعەت 1ی دوای نیوەڕۆدا شەهید دەبن. ئەو پێشمەرگانەی کە بۆ هەمیشە لە دڵماندا زیندوو دەمێننەوە بریتی بوون لە:
شەهید حامید قادری کوڕی مەحموود فەرەج قادر خەڵکی بڵەسەن کە ساڵی 1361هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانەوە و وەک زۆربەی لاوەکانی کوردستان ئەرکی پیرۆزی پێشمەرگایەتی وەئەستۆگرت. چالاکانە لە هەموو مەیدانەکانی سیاسی و نیزامی خەبات تێدەکۆشا. شەهید حامید لە هێز و پەلەکاندا زۆربەی کارەکانی تەداروکاتی جێ بەجێ ئەکرد. ساڵی 1364 بوو بە ئەندامی کومیتەی سەروە مەڵبەندی یەک تا لە ڕۆژی 18ی ڕەزبەری 1365دا ئەو گیانەی کە بە گەل و نیشتمان دەیندار بوو پێشکەشی کرد.

دووهەم: شەهید عومەر فەرەجی کوڕی خالید فەرەج خەڵکی بڵەسەن قارەمانی مەیدانی شەڕو تێکۆشان ساڵی 1341 لە دایک بووە. هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی شۆڕشی ئەمجارەوە هاتە ناو ڕیزی شۆڕش و چەکی شەرەفی کردە شان. ئازایەتی لە تایبەتمەندیەکانی شەهید عومەر بوو. لە شەڕەکانی لاجان و پیرانشار و سەردەشت و بانەدا بەو پەڕی لە خۆبردوویەوە بەشداری کرد. لە بەهاری 1362هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات. هەڵسووڕاوانە ئەرکی پێشمەرگایەتی جێ بەجێ دەکرد. لە ماوەی 3ساڵ پێشمەرگایەتیدا زیاتر لە 3 جار بریندار بوو، بەڵام جار بە جار ئازاتر بە گژ دوژمنیدا دەچۆوە و پەلاماری شێرانەی دەبرد. خوێنی شەهیدانی گوندی بڵەسەن شەهید حامید قادری و شەهید ڕەحمان و شەهید عومەر و باوەڕی ڕزگاریخوازیمان پتەوتر دەکا و ڕێگای سەربەستیمان چاکتر بۆ ڕاست و ڕوون دەکا.

هەزاران سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی ڕێگای گەیشتن بە مافی گەل


4 ساڵ و 1 مانگ و 12 ڕۆژ و 5 کاتژمێر و 52 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

یادی سەروەران

یادی سەروەران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن