پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

پێشمەرگە هێمای بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی

پێشمەرگە هێمای بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی

کامیل نورانی فەرد

کامیل نورانی فەرد
لە یادی 10 ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات
ڕەمزی مانەوەی هەر نەتەوەیێک، بوونی هێزیکی بەرگریکارە تا لە سەردەم و کاتی پێویست بەرەنگاری مەترسیەکان و ڕووبەڕووی ئەو تەعدا و ناحەقیانە ببێتەوە کە دەکرێتە سەر نەتەوەکەی. 
لەناو نەتەوەی کورد، ئەو هێزە پارێزەرە نازناوی پێشمەرگەی" پێ بەخشراوە و بە واتای ئەوە کە گیان و ڕۆحی خۆی فیدای میللەت و نیشتمان دەکات. دەور و بایەخی هێزی پێشمەرگە بە درێژایی مێژووی بەرەنگاربوونەوەو خەباتی نەتەوەکەمان لە بەرانبەر دژمنان، وای کردووە کە ناوی پێشمەرگە لە ڕیزی یەکەمین بایەخ و بەها نەتەوەییەکاندا بێ و جێگەی لەناو دڵی تاک بە تاکی هەر کوردێکی نیشتمانپەروەردا بێ. 
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران یەکێک لەو هێزە تێکۆشەرانەیە کە لەسەرەتای تێکۆشانی خۆی، هێزێکی نەتەوەیی و گیان لەسەر دەستی پێکهێنا و لە ژێر ناوی هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات خستیە خزمەت جوڵانەوەی مافخوازانەی گەلی کوردو، بۆ بەرەوپێشبردنی دۆزی ڕەوای گەلەکەمان لە کوردستانی ئێران و لەماوەی مێژووی 4 دەیەی خەبات و تێکۆشانی، بە دەیان داستانی پڕسەروەری و حەماسەی کەم وێنەی لەسەر دەستی ئەو پێشمەرگە چاونەترس و قارەمانانە پێکهێناوە و باشترین ڕۆڵەکانی نەتەوەکەمانی پێشکەش بە بارەگای بەرزی شەهیدانی کوردستان کردووە. وەک ڕێزێک بۆ خەبات و زەحمەتی هێزی پێشمەرگە، ڕۆژێک دیاری کراوە کە تێیدا ڕێز لە پێشمەرگە و خەبات و تێکۆشانی دەگیرێ‌ و ئەو ڕۆژە رۆژی 10ی خەزەڵوەرە، کە تێیدا حەماسەیەکی کەم وێنەی پێشمەرگانە تۆمار کراوە. 
ڕۆژی 10ی خەزەڵوەر، هەم لە ئاستی نێوخۆیی و سازمانی دا بایەخێکی تایبەتی هەیە و هەمیش لە ئاستی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران گرینگی تایبەتی خۆی هەیە. 
ڕۆژی 10ی خەزەڵوەری 1358، ئەو ڕۆژەیە کە هێزی پێشمەرگە بە ڕێبەری مامۆستای نەمر مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینی دامەزرێنەری سازمانی خەبات، بەرەنگاری هێزی زۆر و پۆشتەی دژمن بوونەوە و وانەیێکی گەورەیان بە ڕژیمی تازە بەدەسەڵات گەیشتووی ئاخوندی دا. ئەو هێزەی کە هاتبوون کۆتایی بە مانەوەی پێشمەرگە لە شارەکانی کوردستان بێنن و لەزمانی خۆیانەوە غائیلەی کوردستان کۆتا پێ بێنن، لە شەڕێکی قارەمانانە دا لە جادەی هەژدە دۆڵانی نێوان سەردەشت و بانە ڕوبەڕووی هێڵی پۆڵایینی بەرەنگاری پێشمەرگە دەبنەوە و خەسارەتێکی گەورەیان لێ دەکەوێ‌ و ئەو ئەرکە شوومەی پێیان سپێردرابوو، لە گۆر دەنرێ‌. 
لە ئاستی سازمانی دا بایەخی ئەو ڕۆژە لەوەدایە کە ئەو حەماسەتە مەزنە بوو بەهۆی گرێدانی دوو مێژووی پێش پێکهاتن و دوای پێکهاتنی سازمانی خەبات و ئەو قۆناغەی کردە قۆناغێکی گرینگ و لێکدانەبڕاوی سازمانی خەبات، و هەروەها ئەو شانازییە گەورەیەی بە هێزی پێشمەرگەی سازمانی خەبات بەخشی کە داستانێکی وەها گەورە بە پشت بەستن بە ئیمان و ئیرادەی نەتەوەییانەوە تۆمار بکات، و وەک لاپەریێکی زێڕینی نەتەوەیی لە مێژووی خۆڕاگری نەتەوەیی بە هەرمانی بمێنێتەوە و هەروەها ژیر و لێزانی مامۆستای نەمرمانی دەرخست کە توانی لەو ماوە کەمە دا بە سیاسەتێکی حەکیمانە هێزێکی وەها کارکوشتە و مونەزەم پێک بێنێ. لە ئاستی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەش دا بایەخی ئەو رۆژە لەوەدایە کە خومەینی ناچار کرد ئاگر بڕ٠ لەگەڵ خەڵکی کوردستان ڕابگەێنێ‌، گەورەیی قەبارەی زیانەکە لە دژمن ئاستێکدا بوو کە خومەینی پەیامێکی دەنگی بڵاو کردەوە و وتی خەڵکی کوردستان من دەنگی ئێوەم بیست. 
ڕۆژی 10ی خەزەڵوەر، پیشاندەری سیمای ڕاستەقینەی هێزی پێشمەرگە بوو، ئەو هێزە گیان لەسەر دەستەی کە گەورەترین قارەمانەتی و لەخۆبردوویی لەخۆی پیشان دا و نەیهێشت پیلانی چەپەڵی ڕژیمی ئاخوندی و شەخسی خومەینی سەرکەوتوو بێ و ورە و پێگەی جوڵانەوەی کوردی بەرز کردەوە.
ئەوەی جێگەی بایەخە پەرەسەندنی ئەو ئیرادە و ئیمان و باوەڕە لەناو هەموو جومگەکانی کۆمەڵگا و بەرپرسیارکردنی تاک بە تاکی کۆمەلگا بۆ بردنە پێشەوەی خەباتێکی سەرانسەری و لەخۆ بردووانەیە، بۆیە بۆ ئامانجێکی لەم چەشنە پێویستمان بە سەرلەنوێ پێناسە کردنەوەی پێشمەرگەیە و پێویستە لەو قاوخە بەرتەسکەی دەرباوێن. 
لەڕاستی دا ئەوەی ئەمڕۆش دەیبینین هەنگاو نان بەرەو ئەو مەسیرەیە و ئەو ناوە بەڕادەیێک گشتگیر و پیرۆزە کە لە هەموو ڕەهەندەکانی تریش کەڵک لەناوی پێشمەگە وەردەگیرێ و بە کەسێک ئامادەی خۆفیداکردن بێ لە پێناو گەل، نازناوی پێشمەرگەی پێ دەبەخشرێ، هەر وەک بینیمان لەدوا نمونە دا لە دوای هاتنی کۆرۆنا نازناوی پێشمەرگەی سپی پۆشیان بە دکتۆر و کادری دەرمانی بەخشی و لەرێگەی ئەو نازناوە لوتکەی ڕێز و پێزانینی گەل بەخشرایە پزیشکە فیداکارەکان. 
ئەگەر لە یەکەم وێنا بۆ پێشمەرگە مرۆڤێکی چەکدار و تەیار بە فکری ئازادی و هەوڵدان بۆ نیشتمانمان دێتە بەرچاو کە لەدەرەوەی کۆمەڵگای خۆی نیشتەجێیە، پێویستە ئەو وێنایە بگۆڕدرێ بۆ مرۆڤێکی وریای سیاسی کە لە پێناو ئازادی و بەختەوەری کۆمەڵگاکەی لە تێکۆشان دایە جیاواز لەوەی کە لە چ شوێنێک و لەکام بەشی کۆمەڵگا تێدەکۆشێ و چالاکی هەیە. 
بە گەشەسەندنێکی لەو چەشنە بێگومان هێز و پۆتانسیەلێکی زیاتر لەدەوری خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی کۆدەبێتەوە و بەرپرسیارەتیەکان دابەش دەبێ بەسەر هەموو تاکەکانی کۆمەڵگا. 
بەو پێناسە نوێیە دەکرێ‌ دکتۆرێک، ژینگە پارێزێک و فێرکارێکی زمانی کوردی و هتد .. پێشمەرگە بێ و پێشمەرگە ئاسا لە پێناو بەختەوەری کۆمەڵگاکەی تێبکۆشی.
پیرۆزبێ 10 ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات.


4 ساڵ و 25 ڕۆژ و 22 کاتژمێر و 7 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پێشمەرگە هێمای بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی

پێشمەرگە هێمای بزاڤی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن