عەلی بەهرامی
عەلی بەهرامی
10ی خەزەڵوەرەو رۆژی سەرهەڵدان، بەرگری لە دژمن و دیفاع لە نیشتمانە.
ڕۆژی پێشمەرگەی هەزار دەستان و ڕۆڵەی باوەر و ئیمانە! ئەو پێشمەرگەی بۆ سەربەستی خاک و خەڵکی کوردستان گیان لەسەر دەست، سینگی کردۆتە مەتەرێزی شەرەف و خۆڕاگری. ئەو پێشمەرگەی بست بە بستی خاکی کوردستان دەپارێزێ و بەبێ ئازادی نیشتمان ئۆقرە ناگرێ.
10ی خەزەڵوەرەو سەرەتای هەڵوەرینی سوپای داگیرکەر و پەڕپەربوون و هەڵوەرینی ستوونی پاسداری دژە کورد، خۆفرۆش و هەرچی نەیار بە کورد و کوردستانە.
دیسان خەزەڵوەرە، ئەو خەزەڵوەرەی بۆ پێشمەرگەی سازمانی خەبات، بەهار و وەرزی نوێی هەستانەوەو ڕابوون دژ بە دژمنانی کورد و کوردستانە.
10ی خەزەڵوەرەو ڕۆژی گرتنەبەری رێبازی هەشت ئەستێرەی درەوشاوەی ئاسمانی ساماڵی نیشتمانی کوردانە، ئەو ئەستێرانەی لە 10ی خەزەڵوەری 58دا بەرەو ئاسمان و بەهەشتی شەهیدانی کورد و کوردستان ڕاخوشین و ڕێ و رێبازی کوردبوون و کوردایەتیان بۆ نەوەکانی دوای خۆیان بە دیاری هێنا.
ئێمەیش لەم رۆژە پیرۆز و پڕ٠ حەماسەتەدا پشت ئەستوور بە ڕابردووی پاک و بێ گەردی سازمانی خەبات، بەهیممەتی بەرزی لاوانی فیداکاری کوردستان، دەرسی شۆرشگێڕی دەخوێنین و بانگی سەربەرزی ژیان بە گوێی تاک بە تاکی دانیشتوانی زێدی پیرۆز دەڵێینەوەو بەڵێن بە خوێنی گەشی شەهیدانی سوورخەڵاتی رێبازی خەبات دەدەینەوە کە تا سەر و سەرکەوتن بێ پسانەوە، سەنگەری شەهیدان ئاوەدان و ئاوەدانتر بکەینەوە.