پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

پەیامی سکرتێری گشتی بەبۆنەی 10ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

پەیامی سکرتێری گشتی بەبۆنەی 10ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

هاونیشتمانیانی کوردستان!

هاونیشتمانیانی کوردستان!
تێکۆشەران و خەباتکارانی شۆڕشگێر!
پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان!
لە دوای فەرمانی جیهادی خومەینی بۆ سەر خەڵکی کوردستان و هێرشی هێزی بەکریگیراوی پاسدارو هێزەکانی دیکەی ڕژیمی ئاخوندی بۆ سەر شارو گوندو شەهیدو بریندارکردنی هاونیشتمانیان و سوتانی ماڵ و جێگەی ژیانی دانیشتوانی کوردستان و ناچار کردنی خەڵکی کوردستان بۆ دیفاع لە خۆیان، لە هەمانکاتی هێرشی دژمن،هێزی پێشمەرگەی کوردستان پێکهات و کوڕان و کچانی خۆێن گەرم و زۆربەی ئەوانەی دەیانتوانی چەکی دیفاع لە نیشتمان و دانیشتوانانی هەڵگرن هاتنە ڕیزی پێشمەرگەوەو توانیان زەربەتی قورس لە هێزی پاسدارانی پارێزەری دەسەڵاتی دیکتاتۆری و جینایەتکار بدەن.
هێزی پێشمەرگەی نەبەزو قارەمانی کوردستان، ئەو پێشمەرگە گیانبازو خۆنەویستانەی کە لە ساڵی 1359 ی کۆچی خۆری لە ڕیزەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، کە بە پێکهاتنی سازمان لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات سازماندران، شەڕێکی چارەنووس سازو کەم وێنەیان لە دژی هێزی قودسی ڕژیم لە 10ی خەزەڵوەری 1358 کۆچی خۆری بەڕێوەبرد. لەو جەنگەدا کە لە سەر لە بەیانی تا تاریکان و بە، بەرینایی نزیک بە 20 کیلومیتر، لە پێچەکانی هەژدە دۆڵانی جادەی سەردەشت بانە، تا ناو شاری بانە ڕویدا، زۆربەی هێزی دژمن و دەیان ئۆتۆمبیل و چەک و تەقەمەنیان لە ناوچوون. بە داخەوە لەو جەنگەدا 8 پێشمەرگەی قارەمانی سازمانی خەبات شەهید بوون و گیانی پاکیان فیدای ئازادی و ڕزگاری گەل و نیشتمان کرد. هەر بە دوای شکستی ڕژیم لەو جەنگەدا، خومەینی بە خەڵکی کوردستان ڕاگەیاند کە دەنگی ئێوەم بیست و بە ناچاری ئاگربڕی ڕاگەیاندو داوای ووت وێژی کرد.
ئەگەرچی خومەینی و ڕژیمە دیکتاتۆرەکەی بە فێڵ وبە مەبەستی کات کڕین و خۆ سازدانەوە بۆ دەست پێکردنەوەی دەورێکی نۆی لە جەنگ، ئاگربەستیان راگەیاند، ئەوە بوو دوایەش هێرشیان بۆ سەر کوردستان بەربڵاوتر دەست پێکردەوە. بەڵام سەرەڕای هێرشی بەربڵاوی دژمن و داگیرکردنی کوردستان، داستانی 10ی خەزەڵوەرو سەرکەوتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان وەک دەستکەوتێکی گەورە لە بزافی ڕزگاریخوازی گەلی کورد لە کوردستانی ئێراندا بە درەوشایەوەیی مایەوە.
ئەمرۆ لەم یادەدا جارێکی دیکە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ڕایدەگەێنێ‌ کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات بڕیاریان بڕیاڕی تێکۆشان و گیانبازیە لە پێناو ئازادی گەل و ڕزگاری کوردستان و شۆرشی ڕەوا لە بەرانبەر ڕژیمی دیکتاتۆری ویلایەتی فقیە.
سازمانی خەبات هێزێکی نیشتمانی و نەتەوەییەو، لە گەڵ خەڵکی کوردستانەو بۆ ئازادی کورد تێدەکۆشێ‌، سازمانی خەبات ریشەی لە ناخی کوردستان داکوتاوەو هەروەک چیا، هەروەک لێڕەوارەکان و جەنگەڵەکان، هەروەک ڕوبارو، وەک هەناسەیە، سازمانی خەبات داری هەزار ڕیشەیە، خۆێنی شەهیدو ڕێبازی شەهیدان وکەس و کاری شەهیدان و هاونیشتمانیانی پاک و نیشتمان پەروەر پشتیوانین. ئەو کەسەی گەرەکیە لە ڕێبازی سازمانی خەبات حاڵی بێ‌، ئاوڕێکی کورت لە مێژووی خاوێن وبێگەردی، لەسیاسەت و کردەوەو هەڵۆێستە نیشتمانەکانی، لە نەبەزی و نەترسی لە بڕیاڕی نەتەوەیی و لێبڕاوی پێشمەرگەو لە کاروانی لە خۆێندا شەڵاڵی شەهیدانی و دەیان کارکردو هەڵۆێستی نەتەوەیی و شۆڕشگێڕانەی بڕوانێ‌، لە جەستەی برینداری تێکۆشەرانی، لە پەیمان و بەڵێن و وەفاداری، لە تەبایی و دوریی کردن لە ناوچەگەرایی و دەستە بەندی، و لە زۆر دیاردەی کەم وێنەی دیکەی بڕوانێ‌، جا ئەو کات بۆی دەردەکەوێ‌ کە سازمانی خەبات ڕەسەنترین تەشکیلات و سازمانی تێکۆشەرە.
کادرو پێشمەرگەو ئەندامەکانی لە هەر کۆڕێکدا،سەربەرزانەو بێ‌ سڵەمینەوە ئامادە دەبن و دڵخۆش دەبن کە لە ڕێزی سازمانێکی سیاسی و نەتەوەیی و تێکۆشەردان کە خاڵێکی لاوازی سیاسی لە ماوەی 41 ساڵ کارو تێکۆشانیدا نیە. بەڵێ‌ سازمانی خەبات داری هەزار ڕیشەیە، وەک چیا سەرکەشەکان بە قوڵایی کوردستاندا ریشەی داکوتاوەو لە قوڵایی دڵی هەموو ئەوانەدایە کە سازمانی خەبات و پێشمەرگە پاک و دڵسۆزەکانی بە باشی دەناسن. بێگومان یەکێک لە پێناسەکانی سازمانی خەبات قارەمانی و نەبەردی 10 ی خەزەڵوەرو داستانە حەماسی و کەم وێنەکانی لە ڕوبەڕوبونەوە لە بەرانبەر هێزە بەکرێگیراوەکانی ڕژیمی ئاخوندیە. 
هۆگرانی ڕێگەی ئازادی!
هاوڕییانی سازمانی خەبات !
لە کاتێکدا یادی 10ی خەزەڵوەر بەرز ڕادەگرین کە بە داخەوە لە کوردستان و ئێران و لە سەرانسەری جیهاندا، نەخۆشی کۆڕۆنا زیاتر لە یەک ملۆێن مرۆفی کوشتوەو زیانێکی گەورەی بە ئابوری جیهان گەیاندوەو دەیان کێشەی کۆمەڵایەتی بە داوی خۆیدا هێناوە. ئاشکرایە ڕژیمی ئاخوندی هیچ هەنگاوێکی بەرچاوی بۆ هاوکاری خەڵک لە ئیران و کوردستان هەڵنەگرتوەو تەنانەت هەوڵیداوە لە کۆرۆنا، وەک قەیرانێک بۆ بەردەوامی دەسەڵات و شاردنەوەی کێشە بەربڵاوە، سیاسی و ئابوریەکان و پەرەپیدانی جینایەت و چەوسانەوەی خەلکی وەزاڵە هاتوی ئێران کەڵکی لێوەرگرێ‌.هەر وەک دەرکەوت دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی بەرپرس بوون لە بڵاوبونەوەی کۆڕۆنا هەروەها بەرپرس بوون لە شاردنەوەی، لە ماوە چەند مانگ تێ‌ پەڕین بە سەر بڵاو بونەوەی لە ئێراندا، کە ئەوە دەرخەری کەمتەرخەمی و دژمنایەتیانە لە گەڵ خەڵکی ئێران.بە بۆنەی کۆچی هاونیشتمانی کوردستان و ئێران بە هۆی نەخۆشی کۆڕۆنا، سەرەخۆشی بە خانەوادەکانیان و خەڵکی کوردستان ڕادەگەینین و لە غەم و پەژارەیاندا خۆمان بە شەریکیان دەزانین.
بێگومان ئاخوندە جینایەتکارەکانی دەسەڵاتدار لە ئێران بەرپرسن لە بڵاو بونەوەو پەرەسەندنی مەینەتی و کێشەی هەمەچەشنە بۆ خەڵکی ئێران، سیاسەتی شەڕخوازانەو ئاژاوەگێڕی لە ووڵاتانی جیهان و پشتیوانی لە ترۆر و تاقمەو دەستە ترۆریستیەکان و هەوڵ بۆ پەرەپێدانی چەکی هێرش بەرو دروست کردنی بۆمبێ‌ ئەتۆمی،ناردنی ئینقلابی خومەینی بۆ ووڵاتانی ناوچەکە، دزی و گەندەڵی دەسەلاتداران و دزینی سەرمایەی خەڵکی ئێران و دەیان کردەوەی دژی خەڵکی دیکە دەرخەری دژایەتی دەسەڵاتە لە گەڵ خەڵک.
سازمانی خەبات پێ‌ وایە دەسەڵاتی دیکتاتۆری ویلایەتی فقیه لە ماوەی 41 ساڵ دەسەڵاتیدا، ئەوەی بە باشی دەرخستوەو سەلماندویەتی کە بە هیچ شێوێک ئاڵوگۆڕی بە قازانجی خەڵکی ئێران و کوردستان لێ‌ ڕەچاو ناکرێ‌ و ئەو ڕژیمە هەر لە ڕۆژانی سەرەتای دەسەڵاتدارییەوە لە تەپڵی شەڕیداوەو دژی ئاشتی و ڕێگەی ئاشتیخوازانە بووە، هەر بۆیە سازمانی خەبات پێ‌ وایە هەر جۆرە هەوڵێک بۆ ووت وێژ لە گەڵ ئەو دەسەڵاتە دڕندەیە بە زیان بۆ خەڵکی کوردو جوڵانەوەی شۆڕگێڕانەی تەواو دەبێ‌ و لە بەرانبەریشدا ڕژیم لە شانۆکاری بە ناو ووت وێژ بە قازانجی دەسەڵاتی نامەشروعی کەڵک وەردەگرێ‌.
لەم یادە پیرۆزەدا داوا لە هێزەسیاسیەکانی کوردستانی ئێران دەکەم لە پێناو یەکخستنی هێزو تواناکان، بە جیددی هەوڵ بۆ کاری هاوبەش، لە سەر سێ‌ بنەمای خەبات و شۆڕش لە پێناو گەیشتنی گەلی کورد بە مافەکانی لە چوارچێوەی ئێران، ڕەد کردنەوەی ووت وێژ لە گەڵ دەسەڵاتی ئاخوندی لە چوارچێوەی کاری هاوبەشماندا، پێداگری لە سەر سیستم و دەسەڵاتی پاڕڵمانی و دیموکڕات کە مافی تێکڕای چین وتۆێژەکانی کۆمەڵگەی کوردەواری تێدا ڕەچاو بکرێ‌ و هیچ ئایین و باوەڕو مەزهەبێک لە بڕیاردان و ئیدارە کردنی ووڵات دەخیل نەبێ‌.
جارێکی دیکە دووپاتی دەکەمەوە کە سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران لە پێناو ئازادی و بەختەوەری خەڵکی کوردستان و خەڵکی ئێران و پەرەپێدانی هاوکاری و هاودەنگی تێکڕایی لە ئێراندا، پێداگری لە سەر هاوپەیمانی لە گەڵ سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران و شورای میلی مقاومەتی ئێران وەک ئالترناتیوی داهاتوو بۆ دەسەڵات لە ئێران دەکاتەوە کە زیاتر لە 25 ساڵە بێ‌ پسانەوە بەردەوامە.
بە پێویستی دەزانم لە بۆنەدا ئەو بڕیاو هەڵۆێستەی سازمانی خەبات دووپات بکەمەوە کە هەر جۆرە هەوڵێکی کوڕی شای جینایەتکار بۆ نزیکی لە لایەنە سیاسیەکان بە فریوکاری دەزانین و باوەڕمان وایە کە کوڕی شاو دەستو پێوەندەکانی، پێگەیان لە ئێراندا نیەو ناتوانن کاریک بە قازانجی خەڵکی ئێران و خەڵکی کوردستان بکەن،ئەوان دژمنی خەڵکی کوردن و سازمانی خەبات هەوڵەکانی کوڕی شا بە گاڵتەجاری و بێ‌ بنەما دەزانێ‌.
لە کۆتاییدا پێ٠Žداگری دەکەینەوە کە بە هاوکاری و هاودەنگی و بە کاری هاوبەش و بە پشتیوانی خەڵکی ئێران ڕژیمی ملهوری ئاخوندی لە ناو دەچێ‌ و خەڵکی کورد و خەڵکی ئێران بە تێکڕا، لە چوارچێوەی حکومەتی دیموکڕاتی و نیشتمانی بە سەقامگیر و بە ئازادی ریشەدار شاد دەبێ‌.
لە گەڵ پیرۆزبایی دوبارە بە بۆنەی 10 ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی
بابەشێخ حوسەینی
10ی خەزەڵوەری 1399 ی کۆچی خۆری


4 ساڵ و 21 ڕۆژ و 9 کاتژمێر و 52 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامی سکرتێری گشتی بەبۆنەی 10ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات

پەیامی سکرتێری گشتی بەبۆنەی 10ی خەزەڵوەر، ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن