سەوەری گەل شەهید کەریم کانی بەردی
سەوەری گەل شەهید کەریم کانی بەردی
کوردی بێناز و چارە ڕەش لە وەڵاتی خۆیان بێگانەن و زاڵمی چەوسێنەر دەیان بەڵای بۆ دروست کردوون. کاتێک کە چارەنووسی گەلێک کەوتە دەست دوژمنانی خوێنیەوە، وەک گەڵای خەزەڵوەر بەدەم بای دەسەڵاتی بێبەزەیی دەسەڵاتی داگیر کەرەوە بە ڕەنگ زەردی پەرت و بڵاوبونەوەو چارە نووسیان بەدەست خۆیانەوە نەبوو، کوا باوک و دایکی نازشکاو دەتوانن نازی جگەر گۆشەکانیان بکێشن؟
هەموو بنەماڵەیەک هەناسە ساردە و لە ژیان دڵ ساردە. کوا گوڵی گەشاوەی کۆرپە و نەمامی گەش و زەنوێری مێر منداڵ لە باخچۆڵەو باغی هیچ خێزانێک دا دەبینی، تا دڵت بە بێ دایک و بابان بسووتێ و بێخەمبێ لە ڕاست خاوەن دایک بابان؟لە کوردەواری خۆمان دا کە بۆ پیرۆزانەی منداڵ دەچوون دەگوترا بەنازی دایک و باوک گەورە بێت. ئەو قسەیە قسەی کۆنە، هی ئەو ڕۆژگارانەیە کە لە کوردەواری دا تەنیا هەتیوی بێ کەس بێ ناز بوو، دەنا هەموو کەس بەرز وبەڕێز دەژیا و نازی دەبوو لە لای دایک و باوب و کەس وکارو عەشرەت و خزم و ئاومال. قسەی ئەو دەمەیە کەناز لە کوردەواری دا نازی دەبورد و ناز بێناز نەببوو. نازدار خۆشەویست بوو و ناز هەڵگر بە دەسەڵات و بەزەیی و خەم خۆر بوو. نازدار خۆشی و ئاوری دەدی، پێی وابوو نازی دەبێ و نازهەڵگریش دەیهەویست لە دەسەڵات و بەزەیی خۆی بەشی چاوەڕوانان بداو لەو خێر و بێرەی کە بە دەستیەوەیەتی خۆشەویستی بەهرە بەرێ.
بەڵام ئێستێ کێ لە کوردەواری دا بەرزە و کێ لە خۆشیدایە و کێ دەسەڵاتی هەیە و کێ دڵی کراوەیەو کێ ناوی ناز و نازداری لە بیرماوە، تا ناز بکاو ناز هەڵگرێ؟ هەموو کەس بێنازە و هەموو کەس بێ باب و دایکە و هەموو کەس بێ کەس و کارە و هەموو کەس دەست بە سەرە و دەر بە دەر و ڕووت و هەژارە و هەموو کەس کۆیلە و دیلی دەستی بێگانەیە، تەنیا شتێک کە لە دڵی خەڵکی کوردەواری دا ڕیشەی داکوتاوە هەر دێ و زیاتر ڕیشە دادەکوتێ ئەویش قینە لە ڕژیمی دیکتاتۆر، قینە لەوەی کە نە ژیانی بە دەست کوردەوە هێشتوە نە نیشتمان، قینە لەو دوژمنەی کە لە لاوە دێ چارە ڕەشی بۆ کورد دەهێنێ و چارەنووسی لە دەست دەستێنێ. گیان و ویژدانی لێدەکڕێ بە داهاتی خاک و نیشتمانەکەی. ئەو قینە بۆتە ڕێگە و بەرنامە و ئامانج. ئەو قینە لە زانکۆی بێدادی داگیرکەران دا فێر دەبێ کە لە هەموو شار و دێ و گەڕەک و دەشت و دەرێک دا نەدارە و زانکۆیەکی تێکڕایی بە پیرو جوان و ژن وپیاو و منداڵ و مێر منداڵ و باوک و دایکدار و بێ باب و دایکەکان لەو زانکۆیە دا دەرس دەخوێنن. دەرسی هێرش بردن دەرسی چش لە ژیان کردن، جا لەو زانکۆیە دا بێ باب و دایکەکان چاکتر ئامۆژگاری هەڵدەگرن کە کەسێکیان نیە جار جار دڵیان بداتەوە و دەردی داگیر کەرانیان هەر نەبێ بۆ ماوەیەکی کەمیش لە بیر باتەوە. بۆ کوڕانی کوردەواری بۆتە دەریای قین و شەپۆل دەدات. هێندێ جاش و خۆفرۆش نەبێ کە تۆیان گۆڕیوە و ناویان جاشەو کە هەتا چاوەڕوانی تێ گەیشتنی مرۆڤیان لێناکرێ، دەنا هەموو خەڵکی کوردەواری تێکڕا دەرسی قین و تۆڵە لە دوژمن و داگیر کەرانیان وەر گرتووە، بەتایبەت بێ کەسەکان و بێ داک و بابەکان کە پەڵە لە ئامۆژگاریان نەکەوتوە، بۆیە لە ناو ئەو بێنازانەدا کە بە نازی دایک و بابی ناز شکاو گەورە نەبوون، شێرە کوڕانێک دەبینین کە ئاوری شۆڕشیان بە ئاوری قین و ئاوردووی لەشی بێ داشدار و بێ نازیان هەل دەکەن و بە کڵپە و بڵێسە ڕادەگرن، بۆ وێنە لاوی بێوێنە کەریم خدری ڕادەنوێنین. ئەو لاوە لێهاتووە کە بێنازی دایک و باب و لە ماڵی خزمانی دوور و نزیک بەبێ نازی، ژیانی منداڵی و مێر منداڵی بردەسەر، لێهاتوو لە کڵ دەرهاتوو بوو. ڕۆڵەیەکی دەست هەڵێن و دوژمن تۆقێن بوو. شەهید کەریم خدری بزەی شادمانی و هیوا هەمیشە لەسەر لێوی بوو، بە ڕووخۆش و دڵ دامەزراوی، خۆشی و شادی دەخستە دڵی هاوەڵان و دڵ دامەزراوتری دەکردن. شەهید کەریم خدری کوڕی خلە حاجی لە ساڵی ١٣٤٥ لە دێی کانی بەردی ناوچەی بانە لە دایک بوو، کە باوک و دایکیان بەرەو جیهانی نەدیار بارگەیان پێچاوە و بێداشدار مایەوە، لە ماڵی هێندێ لە خزمان ژیانی منداڵی بردە سەر. شەهید کەریم خدری لە تەمەنی ١٦ ساڵی دا واتە پاییزی ١٣٦١ هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتەوە. بۆ ماوەیەکی کەم خۆی لەناو هاوەڵان دا دیاری کرد و لێهاتوویی و دەست هەڵێنی خۆی دیاری کرد. شەهید کەریم خدری لە هەموو چالاکیەکانی لکی شەهیدانی دەشتە تاڵ لە ساڵەکانی ٦٢و ٦٣ دا بەو پەڕی قارەمانیەوە بەشداریکرد تا لە بەیانی ڕۆژی ٢١ی خەزەڵوەری ١٣٦٣ لە کاتێک دا کە لەگەڵ دەستەیەک لە هەواڵانی دەچوون بۆ دانانی کەمین لە کانی گاکرە، مینێکی دوژمن لەژێر پێی دا تەقیەوە ، بە داخێکی گرانەوە لاقێکی پەڕی و چەند برینێکی سەختی دیکەی هەڵگرت و دەرمان و تیمار چارەی نەکرد. بەداخەوە دوا نیوەڕۆی ئەو ڕۆژە لە دێی مووسەک گیانی پڕ لە ئیمانی فڕی بۆ کۆڕی شەهیدانی سوورخەڵاتی کوردستان و تەرمی پیرۆزی لە گۆڕستانی مووسەک خرایە باوشی نیشتمانەوە.
هەزاران سڵاو لە گیانی پڕ ئیمانی شەهید کەریم خدری و هەواڵانی .