وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی، دەڵێت کە دەبێ وڵاتەکەی لە ئەگەری ڕوودانی وتووێژ
وەزیری دەرەوەی عەرەبستانی سعودی، دەڵێت کە دەبێ وڵاتەکەی لە ئەگەری ڕوودانی وتووێژ لەنێوان دەوڵەتی نوێی ئامریکا و ڕژیمی ئاخوندی، بە مەبەستی بەدەستهێنانی ڕێکەوتنێکی نوێی وزەی ناوکەیی، بەشداربێ. فەیسەڵ بن فەرحان ئاڵ سعوود، ڕۆژی یەک شەممە 2ی سەرماوەز، لە وتووێژێک دا لەگەڵ تەلەفیزیۆنی (سی ئێن بی سی)ئامریکا وتی: ئێمەش دەبێت لەوتووێژەکانی نێوان ئامریکا وڕژیمی ئێران لەسەر ڕێکەوتنی وزەی ناوکەییدا بەشداربین، هەروەها باسی لەوەش کرد کە وتووێژەکان تەنها لەبارەی بەرنامە ناوکەییەکەی ڕژیمی ئێران نەبێت، بەڵکو دەبێت چالاکیە شەڕەنگێزیەکانیشی لەناوچەکە دا بگرێتەوە. ڕێکەوتنی ناوکەیی ناسراو بە( بەرجام) کەلە نێوان ڕژیمی ئاخوندی ئێران وشەش وڵاتی زلهێزی جیهان کە بریتین لە ئامریکا، بریتانیا، فەڕانسە، ئاڵمان، ڕووسیەو چین، لەساڵی 1394 پەسەند کرا بەمەبەستی چارەسەرکردنی بەرنامە ناوکەییەکەی ڕژیمی ئێران، بەڵام ئامریکا لە 7ی بانەمەڕ، لەو ڕێککەوتنە هاتە دەرەوە وکۆمەڵێک سزای بەسەر ڕژیمی ئێراندا سەپاند. دۆناڵد تڕامپ بەرجامی وەکوو خراپترین ڕێکەوتنی مێژوویی لەناوچەکە لەقەڵەمدا وڕایگەیاند کە خوازیاری ڕێکەوتنێکی باشترو چڕوپڕتر لەگەڵ ئەو ڕژیمەن کەبەرنامە موشەکیەکەی ڕژیم وچالاکیە ناوچەییەکانیشی بگرێتەوە، بەڵام بەرپرسانی ڕژیمی ئاخوندی ئەم داوایەیان ڕەت کردەوە.