سیامەند
سیامەند
نزیک نیوەڕۆ بوو، پێکەوە لە سەر بانیژەی ماڵەکەی قسەمان دەکرد،لەو بانیژەوە پەیژەێک داندارابوو کە بەسەریدا سەردەکەوتن بۆسەر بانی سەرەوەیان، زیاتر بە سەر ئەو پەیژە(پەینجەیە)دا هاتوچۆیان بەرەو مەیدانی ناو دێ(گوند) و بەردەم مزگەوت دەکرد.ئەگەرچی لەو ناوچەیە کەمتر باو بوو پیاوەکان شەدە لە سەر بنێن بەڵام ئەو شەدەێکی گەورەی لە سەر نابوو. مامە حاجی زوو زوو چاوی لە پەیژەکە دەکرد وەک بیهەوێ حاڵیم بکا کە کاری بە پەلەی هەیە، چەند جارێکیش تماشای سەعاتە بەرباخەڵەکەی کرد تا تێم بگەێنە پەلەیەتی و کاری هەیە.چونکە زۆری حەز لە قسەی خۆش و باس و خواس بوو سەرنجم بۆ ئەوە نەچوو پەلەیەتی. زۆر جار کە دادەنیشتین و مجلیس و کۆڕی گەرم دەکرد و بە دەم پێچانەوەی توتن و پەرەو جغەرە کێشان و قانگدانی دیوەخانەکە بە دووکەڵی جگەرەکەی، قسەی خۆشی دەگێڕایەوەو پێدەکەنی و دەکەوتە سەر گازی پشت.لەو کاتەدا کە گەرمی قسە کردن بووم لە گەڵیدا، هەستم بە تاڵوکەیی و پەلەپەلیەکەی کرد،بەڵام تازە کار لە کار ترازابوو، هەر کە قاچی(پای،لاقی)خستە سەر یەکەم پێ پلەی پەیژەکە،گۆێمان لە دەنگی بانگی نیوەڕۆ بوو،مامە حاجی بە بیستنی دەنگی بانگ توڕەو بوو، لە خۆیەوە کەوتە جنێودان.لە سەر بانیژەکەوە چاوم لە مام حاجی دەکرد کە چۆن پەلە دەکاو بە سەر پەیزەکەدا سەردەکەوێ.
زانیم مام حاجی تورەیەو شتێک ڕویداوە، هەر بۆیە منیش بە دوایدا سەرکەوتم بۆ سەر بانی پشتەوەو مەیدانی ناو گوندەکە، مام حاجی لە پێش من گەیشتە بەردەم مزگەوتەکە، لەو کەسە نزیک بۆوە کە بانگی دەگوت، کابرای فەقیر دوایین ووشەی بانگەکەی لە زار(دەمی) هاتە دەر،یەکسەر مام حاجی کەوتە جنێو هەڕەشە کردن، پێ ووت بە چ حەقێک بانگی ووتوە لە کاتێکدا بانگدان کاری ئەو نیە. لە دوورەوە چاوم لێ دەکرد و ڕوداوەکەم پێ سەیر بوو. من بۆ نان خواردن لە ماڵی مام حاجی بووم کاتێک هاتەوە لێک پرسی بۆ لە گەڵ ئەو کابرایە شەڕت کرد، لە وەڵامدا ووتی بانگ ووتن ئەرکی منەو ئەو کەسە نابێ بانگ بدات. لە کوڕەکان و کەس و کاریم پرسی مەوزوع چیە لە وەڵامدا ووتیان حاجی باوکمان لە گەڵ ئەو کابرایە ماوەی چەند ساڵە کێ بەرکێ یانە لە سەر بانگ ووتن. روداوەکەم هەم بۆ سەیر بوو هەمیش پرسیار هەڵگرو سەرنج ڕاکێش بوو کە هیچ کات لە بیرم ناچێ.
بە داخەوە هێندێک کوردایەتی تەنیا بە مافی خۆیان دەزانن، وەک مافی بانگ ووتنی دێ(ورچەک)، خۆیان بە خاوەنی سەرەکی و پێشڕەو دەزانن وپێ یان وایە ئەوانی دیکە دەبێ ناو دەنگیان نەبێ و تەنانەت قوربانی و فیداکاری و گیانبازیشیان ومێژووی تێکۆشانیان نابینن. بێگومان لە وەها هەلومەرجێکدا زیانمەندی سەرەکی میللەت و نیشتمانی داگیرکراو دەبێ. داوایە دەست لەو ووشە بێ بنەمایەی کە دەڵەن تاکە ڕێبەری جوڵانەوەو تاکە سواری مەیدانن هەڵگرن.