خەبات مێدیا:
خەبات مێدیا: ڕوحوڵڵا زەم، دامەزرێنەرو بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی (ئامەدنیوز) لەدار درا.
سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەممە ڕێکەوتی 22ی سەرماوەز، ڕوحوڵڵا زەم، دامەزرێنەر و بەڕێوەبەری کاناڵی تێلێگرامی ئامەد نیوز، لەلایەن ڕژیمی ئاخوندیەوە لەدار درا.
ڕوحوڵڵا زەم، نیشتەجێی فەڕانسە بوو، سپای پاسداران ڕێکەوتی 22ی ڕەزبەری ساڵی پار، هەواڵی دەسبەسەرکردن وناردنەوەی ناوبراوی بۆ ئێران ڕاگەیاند، شایانی باسە کە ڕوحوڵڵا زەم، لەعێڕاقەوە نێردراوەتەوە بۆ ئێران وسەرچاوەیەکی ئاگادار لە وڵاتی عێراق بە بی بی سی فارسی ڕاگەیاندبوو کە دەزگای ئیتلاعاتی عێڕاق هاوکات لەگەڵ هاتنی ئەو فڕۆکەیەی کە ڕوحوڵڵای زەمی تێدابوو بۆ بەغداد، ناوبراویان دەستبەسەر کردووە.
هەروەها ئەو سەرچاوەیە بە بی بی سی، وتووە کە ناوبراو ڕۆژێک پێشتر لەلایەن دەزگای ئیتلاعاتی عێڕاقەوە دەستبەسەر دەکرێت وپاشان بەپێی ڕێکەوتننامەی ڕادەستکردنەوەی تاوانباران، ڕادەستی ڕژیمی ئێران دەکرێتەوە.