خەبات مێدیا: ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک خوازیاری دەسپێکردنی بەپەلە و گشتگیری پێکوتەی خەڵک لەهەموو ئێران
خەبات مێدیا: ئەنجومەنی پیشەیی مامۆستایانی کوردستان- مەریوان، بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک خوازیاری دەسپێکردنی بەپەلە و گشتگیری پێکوتەی خەڵک لەهەموو ئێران بوون.
لەو ڕاگەیەندراوە دا وێڕای ئاماژە بە هەوڵی فیداکارانەی پەرەستاران، پزیشکان وکادری نەخۆشخانەکان، ڕەخنەی لە بڵاوکردنەوەی ئامارە ناڕاست و درووستکراوەکانی ڕۆژانەی دەسەڵات، و لێنەهاتوویی سیستەمی تەندرووستی دەسەڵات بۆکۆنتڕۆڵکردنی ئەم نەخۆشیە، گرت.
ئەو کەسانەی ئەم ڕاگەیەندراوەیان واژۆ کردووە، باس لە هەلومەرجی قەیراناوی تووشبووان و قوربانیانی کۆڕۆنا دەکەن کە بەشێک لە خوێندکاران ومامۆستایان وخانەنشینان لەخۆ دەگرێت و نووسیویانە: لەم دۆخە ئەستەمەدا و لەکاتێک دا کە زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە، پڕۆسەی لێدانی پێکوتەی کۆڕۆنایان دەست پێکردووە، لە وڵاتی ئێمە بەبێ بوونی هیچ بەڵگە و پێوەرێکی زانستی و دروست، پێکوتەی پەسەندکراوی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی ڕەدکراوەتەو و بەڵێنی ئامادەبوونی پێکوتە لەمانگەکانی داهاتوو دا دراوە.
لەدرێژەی ئەو ڕاگەێندراوەدا هاتووە: لەماوەی زیاتر لە ساڵێک لە تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا، هەزاران کەس لە هاووڵاتیانمان بوونەتە قوربانی ئەم نەخۆشیە کە لەنێویاندا ژمارەیەک لە قوتابیان، مامۆستایان، مامۆستایانی خانەنشین دەبینرێن، و هاوکات لێنەهاتوویی سیستماتیک و سیاسەتی هەڵەی ئابووری و گەمارۆکان و گەندەڵی گشتگیر، پشتی خەڵکی شکاندووە.
ئەمە لەکاتێدایە کە پێشتر بڕیاردەرانی وەزارەتی تەندرووستی، سیاسەتەکانی خۆی لەگەڵ سیاسەتەکانی ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی بەراورد دەکرد، لەئێستادا تەنانەت بە ئەرکی خۆیانی نازانن کە وەڵامێکی ڕوون بدەن بەخەڵک لە بەرانبەر چۆنیەتی سڕینەوەی پێکوتەی پەسەندکراوی ئەم ڕێکخراوە کە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان کەڵکی لێ وەردەگرن.
داخستنی قوتابخانەکان، وێڕای هەوڵی مامۆستایان لە ڕێگای پەروەردەی ئۆنلاین وهەروەها بەردەوامی دووری خوێندکاران، هێندەی دیکە دۆخەکەی نالەبار کردووە، کە بێگومان لەم دۆخە دا و لەگەڵ تەشەنەسەندنی کۆڕۆنا، و تاکاتی دەسپێکردنی لێدانی پێکوتە، پەروەردەی ئۆنلاین باشترین ڕێگایە و دەبێ هەروا بەردەوام بین.
پێویستە بڕیاردەرانی دەسەڵات، سەرنجی ئەوە بدەن کەبەردەوامی ئەم دۆخە قوربانیانی کۆڕۆنا زیاتر دەکات و فشاری ئابووری و دەروونی لەسەر کرێکاران و مامۆستایان زۆرتر دەکات و دەبێ وەکوو ئەم ماوەیە چاوەڕوانی بەرزبوونەوەی ڕێژەی توندوتیژی کۆمەڵایەتی،کوشتنی بنەماڵەیی، خۆکوژی کرێکاران،و لاوان ومێرمنداڵان بین.
ئێمە وەکوو پێکهاتەیەکی پیشەیی ودامەزراوەیەکی مەدەنی، بە ئەرکی خۆمانی دەزانین کە هۆشیاری بە بڕیاردەرانی دەسەڵات بدەین کە دەرئەنجامی دواخستنی پڕۆسەی لێدانی پێکوتەی بەپەلە و گشتگیر لە ئەستۆی ئەوانە، و پشنیار دەکەین کە هاوکات لەگەڵ ڕێکخراوی تەندرووستی جیهانی، پڕۆسەی لێدانی پێکوتەی بەپەلە و گشتگیر جێبەجێ بکەن هەربەو جۆرەی کە لەزۆربەی وڵاتانی جیهان جێبەجێ دەکرێ.