دوڕسا مەهیب
دوڕسا مەهیب
بەپێی وتەی ڕاگەیاندن و میدیا خۆماڵی و ناوچەیی و تەنانەت جیهانیەکانیش لەماوەی یەک مانگی ڕابردوودا نزیک بە سەد کەس لە کوڕان و کچانی شارو گوندەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە تۆمەتی بەهانەی دیارو نادیار گیراون و ڕەوانەی چاڵەڕەشەکانی ڕژیمی ئیسلامی ئێران کراون . ڕوون و ئاشکرایە کە بەبێ گومان گرتن و بێ سەرو شوێن کردن و ئەشکەنجەو کوشتن بەدرێژایی چل ساڵی ڕابردوو بەشێک نا، بەڵکوو هەموو ناوەرۆک و بنەما سەرەکیەکەی ڕژیمی ئیسلامی ئێرانی پێک هێناوە ، بەڵام ئەم شەپۆلی گرتن و دەستبەسەرکردنە نوێیەی کە لەم دوایانەدا لەلایەن ئەو رژیمەوە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان سەری هەڵداوە ، هەڵگری قسەکردن و لێکدانەوەو لێکۆڵینەوەیەکی فرە ڕەهەندترەو گشتگیرترو هەمەلایەنەترە ، یەکەم ئەوەی جیاوازی ئەم شەپۆلە نوێیەی توندو تیژی بەدژی خەڵکی کوردستان لەگەڵ ساڵەکانی پێشووتر ئەوەیە کە سەردەمانێک کە دەڤەرو باژێرەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەبیانووی بوونی پێشمەرگە و مافخوازانی سەرجەم پارت و لایەنە کوردیەکانەوە کەوتبوە بەر شاڵاوو پەلاماری ئەو ڕژیمە، بۆئەو کات لەڕواڵەت دا ئەوەیان دەکردە هۆکارو بەڵگەو بیانوو بۆ گرتنی گەنج و لاوانی ئەم ناوچەیە ، دوهەم ئەوەی کە جیاوازی گرتن و ڕاوەدوونانی کورو کچانی کوردی ئەم خولە لەگەڵ سەردەمانی پێشووتر ئەوەیە کە ئەو کاتانە زۆرتر بەتاوانی کوردخوازی و ئەندامەتی و لایەنگری لە پارت و لایەنە دژبەرو نەیارەکانی چالاک لەنێوخۆی ڕۆژهەڵات دەستبەسەر دەکران تا تۆمەتی وەک سیخوری بۆ ئەمریکاو زایونیزم و تێکدانی ئاسایشی وڵات و کردەوەی بەوتەی ئەوان ڕەشەکوژانەو تیرۆریستی ، سێهەم ڕژیمی ئیسلامی ئێستا جیا لە سەردەمانی پێشوو جەردەیی و پارەکێشانەوەو باج وەرگرتن و لەوەش گرینگتر تیرۆری جیابیرو توێژەرو زانایانی سیکۆلارو دیموکراتخواز و مافپارێز، بەبیانووی سیخوڕی و هەواڵگری و ئاسایشی لە ڕووپۆش و کاوێری دوژمنایەتی لەگەڵ سیستم و دەسەڵاتە ملهورو زۆردارانەکەی دا بەدیار دەخا ، هەر بۆیە لەکاتێکدا کە ڕژیم لەئاستی نێودەوڵەتی دا بەوپەڕی تواناوە ئابڵۆقەو گەمارۆ دراوەو لەئاستی ناوچەیی و نێوخۆیش دا ڕووبەڕووی قەیرانێکی بێ وێنەو دەگمەنە، زۆر سەیر نیە کە بەگرتنی خەڵکی بێ دەسەڵات و سڤیل کە زۆربەیان تەنیا داواکاریان بژیوی ژیانی ڕۆژانەیانە، بتوانێ بیری کۆمەڵگە چەواشە بکا بەئاراستەی توندو تیژی و ترساندن و تۆقاندن .
بەپێی ئاماری ڕاگەیاندراو لەلایەن ڕێکخراوی چاودێری مافی مرؤڤەوە ساڵی ١٣٩٩ی کۆچی خۆری پڕ قەڵاچۆترین و گرتن و ئەشکەنجەکردن و هەڵواسین و لەداردان ترین ساڵ بووە لەلایەن ڕژیمی دڕندەکارو دژی مرۆڤی ئیسلامی زاڵ بەسەر ئێران دا ، ئەم ڕێژە بەرچاوەی درندەکاریش بێ گومان نیشاندەری داماوی ڕۆژ لە ڕۆژ زۆرترو زیاتری ئەو سیستمە گەندەڵەو هەنگاونان و سەرەوژێر بوونەوە هەرەس هێنان بەرەو زبڵدانی مێژووە.
ئەم شەپۆلی نوێی گرتن و ڕاوەدوونانەی خەڵکی کوردستانی ئیڕان لەلایەن ئەو ڕژیمە دڕندەوە دەکرێ ئاماژەیەکیش بێ بۆ دڵەڕاوکەی رژیم لە هەڵوێستی بوێرانەی ئەمڕۆژانەی خەڵک دژ بە هێزە سەرکوتکەرەکانی و هاوکات تێگەیشتنی زۆرتری جەماوەر لە ناوەرۆک و ئیدئۆلۆژی هیلالی شیعەو هەناردەکردنی بەوتەی خۆیان میرات و ڕێچکەی خومەینی و خامەنەیی بەناوی هەناردەکردنی ڕاپەڕینی شیعەی ویلایەتی فەقیهی .
ئەگەرچی لەساڵانی پێشووتردا بەشێوەیەکی فۆڕمالیتەو ڕواڵەتیش بێ پرۆسەی دادگەری و ئاگادارکردنەوە لە تۆمەت و دادگایی کردنی ئاشکراو لەوانەش گرینگتر مافی خاوەنداریەتی پارێزەری دڵخواز بۆ هەر تۆمەتبار یان بەناو تاوانبارێک لەئارادا بوو، بەڵام ئێستا سیستمی لۆمپێنی و بەتایبەت مافیای سپای پاسداران زۆر ملهوڕانەو بێ منەت و بەبێ هیچ گرینگی دانێک بە بیروڕای گشتی و داواکاری چالاکانی کۆمەڵایەتی هێچ وڵامێک نادەنەوەو تەنانەت بەو یاسای تاوان و سزایەی کە وەک دەڵێن چونکە لەلایەن خۆیانەوە پەسەندکراوەو بەپێی قوڕئان و بنەماکانی ئیسلامی لە سیستەمی ویلایەتی فەقیه دا داڕێژراوە ، کار ناکەن، هەرئەوەشە کە زۆر بەدەگمەن ڕێ دەکەوێ کە هێزە هەواڵگری و سیخوڕیەکانی ڕژیمی ئاخوندی نێوو بیوگڕافی ئەو کەسانە ئاشکرا بکەن کە گرتویانن و هاوکات هیچ مۆڵەت و دەرفەتێکیشیان بۆ ناڕەخسێنن تاکوو تەنانەت لەگەڵ بنەماڵەو خێزانەکەشیان پەیوەندی بگرن و بارودۆخی دەرونی و جەستەیی خۆیانیان پێ ڕابگەیەنن .
ئاشکرایە کە گرتنی تەنانەت تاکەکەسێکیش لێکەوتەو دەرەنجامی سایکۆلۆژی و جەستەیی لەسەر باوک و دایک و ژن و منداڵ و خزم و کەس و کارو دۆست و هاوڕێ و دواجار سەرجەم کۆمەڵگەی ئەو کەسە دەبێ و هەر لە ژیان و دۆخی تاکەکەسی ناوبراودا کورت و بەربەست ناکرێتەوە ، ئەوەیە کە لەڕاستی دا گرتنی کەس یان کەسانێک دەبێتە گرتن و بەندکردنی بەشێکی کۆمەڵگە و لە بەردەوامی خۆی دا بەرە بەرە تەشەنا دەکا بۆ نێو وردە دەمارەکانی جەماوەری تەنانەت بەدور لە هەرچەشنە چالاکیەکی ڕامیاری و ناڕازیانە. کوردوتەنی هەر ناشزانن سیاسەت بەری چ دارێکەو لەکام زەوی دەڕوێ...
بەکورتی و بەکوردی ڕژیمی گەندەڵی ئیسلامی ئێستا کە لە پەلەقاژەی سەرە مەرگ دایە دەیهەوێ بە ڕاوەدوونان و گرتن و کوشتنی خەڵکی کوردستان بیری کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و نێوخۆیی لە کۆتایی هاتنی تەمەنی مافیایی و فاشیستی خۆی چەواشە بکاو بە خەیاڵی خاوی جەماوەری بوێری کوردستان چاوترسێن بکا کە نەبنە کەندووکۆسپی سەر ڕێگەی و بەمجۆرە بەخەیاڵی خاوی بەر بە ڕووخان و لەنێوچوونەکەی بگڕێ.
لەوەها دۆخێک دا کۆمەڵگەی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەت بنەماڵەو کەس و کاری گیراوان و ئەشکەنجەدراوان و لەوانیش گرینگتر گیانبەختکردوانی دەستی ئەو ڕژیمە کۆنەپەرەست و سەدە نێوەڕاستیە دەبێ بزانن و تەنانەت دڵنیاش بن کە ئەم شەپۆلی نوێی ڕاوەدوونان و گرتنەی گەنج و لاوانی وڵاتە داگیرکراوەکەیان نیشاندەری بەدیارکەوتنی ئەو زەخت و گوشارە لەڕادەبەدەرەیە کە جیهانی پێشکەوتوو لەبابەت پرۆسەی کۆمەڵکوژی و چەکی ناڤۆکی و هەناردەکردنی
شۆڕش و پاڵپشتی دارایی و سەربازی لە ڕەشەکوژانی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناڤین و لەهەموان گرینگتر پێشێلی بەربڵاوو دڕندانەی مافی مرۆڤ و سەرکوتی کەمینە نەتەوەیی و جیابیرەکانە لەلایەن فاشێست و تیرۆریستەکانی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئاخوندی یەوە.
هەربۆیە لەم ڕۆژە هەستیارو گرینگانەدا ئەرکی سەرشانی یەکە یەکەی خەڵکی کوردستان و سەرجەم چین و توێژەکانە کە بە ورەیەکی بەرزو باوەڕێکی قوڵ بە ڕزگاری و ئازادی لەبن دەستی ئەو سیستمە مافیاییە هاوکات لەگەڵ یەکڕیزو یەکگرتووترکردنی ڕیزەکانی خۆیان و پێکهێنانی ڕێکخستنێکی ئاڵۆزو نهێنی و چالاک ، سەرهەڵدانێکی جەماوەری وا ساز بکەن کە ببێتە کاتالیزۆرو هاندەڕیکی بەهێز وەک دەسپێک و بەراییەک بۆ ڕاپەرینە سەرەکی و بنەرەتیەکەی ڕوخاندن و لەنێوبردنی یەگجارەکی ڕژیمی مرۆڤ کوژو دژی ئازادی ئاوندی لە ئێران دا.