خەباتمێدیا: سەبارەت بە گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکانی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئاخوندی، سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، پەیامێکی ئاڕاستەی ئانتۆنیۆ گ
خەبات مێدیا: سەبارەت بە گرتن و ڕاوەدوونانی چالاکانی کورد لەلایەن هێزە سەرکوتگەرەکانی رژیمی ئاخوندی، سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، پەیامێکی ئاڕاستەی ئانتۆنیۆ گوتێرس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد.
لە پەیامەکەی سازمان دا روو بە ئانتۆنیۆ گوتێرس هاتووە: بە ئاگاداری بەرێزتان ڕادەگەیەنین رژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران لە چەند مانگی رابردوودا، هێرش و سەرکوتی خەڵکی کوردستان و بە دیاری کراوی چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی کرماشان، سنە، پیرانشار، بانە، شنۆ، ئیلام و چەندین شاری دیکە پەرە پێداوە.
سازمانی خەبات هەروەها لە پەیامەکەیدا لە بارەی ژمارەی گیراوانی کوردستان نووسیویەتی: ناوەندە سەرکوتگەرەکانی ریمی ئێران لە درێژەی سەرکوت و داپڵۆسینەکان، زیاتر لە 90 کەس لە تێکۆشەرانی بواری چالاکانی مەدەنی گرتووەو زیندانی کردووە.
لە بەشێکی دیکەی ئەو پەیامە دا هاتووە: ئێمە وەک سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران داوا لە بەرێزتان دەکەین هەوڵی جیددی و کاریگەر بدەن بۆ رێگەگرتن لە سەرکوتی خەڵکی کورد و تێکۆشەران و چالاکانی مەدەنی لە ئێران و کوردستان.
دەقی پەیامەکەی سازمانی خەبات بۆ ئانتۆنیۆ گوتێرس بەم شێوەیەیە:
بەڕێز جەنابێ ئانتۆنیۆ گۆتێرس سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان!
لە گەڵ سڵاو ڕێز
بە ئاگاداری بەڕێزتان دەگەێنین، ڕژیمی دەسەڵاتدار لە ئێران لە چەند مانگی ڕابردودا، هێرش و سەرکوتی خەڵکی کوردستان و بە دیاری کراوی چالاکانی مەدەنی لە شارەکانی کرماشان، سنە، مەهاباد، بۆکان، سەقز، پیرانشار، بانە، شنۆ، ئیلام، نەغەدە، پاوە و چەندین شاری دیکەی لە کوردستانی ئێران پەرە پێداوە.
ناوەندە ئەمنیەتیەکانی حکومەت لە ئێران، لە درێژەی سەرکوت و داپڵۆسینەکان، زیاتر لە ٩٠ کەس لە تێکۆشەرانی بواری چالاکی مەدەنی گرتووەو زیندانی کردووە.
ئاشکرایە کە ڕژیمی ئێران بە کەڵک وەرگرتن لە هەلومەرجی سیاسی جیهانی و نەبوونی هاودەنگی پێویست لە نێوان ووڵاتانی خاوەن هێزی جیهان و بە دیاری کراوی ئەندامانی شۆرای ئەمنیەت و هەروەها ئەو هەلومەرجەی بە هۆی نەخۆشی کۆڕۆنا کە جیهانی گرتۆتەوە، کردۆتە هۆیەک بۆ زیاتر کردنی سەرکوت و چەوسانەوەی تێکۆشەران و چالاکانی سیاسی لە کوردستان و ئێران.
ئێمە وەک سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران داوا لە بەڕێزتان دەکەین هەوڵی جیددی و کاریگەر بدەن بۆ ڕێگەگرتن لە سەرکوتی خەڵکی کوردو تێکۆشەران و چالاکانی مەدەنی لە ئێران و کوردستان.
لە گەڵ رێزی دووبارەمان
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
30.01.2021