بێگومان ڕۆژی نێونەتەوەیی 8ی مارس، خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی خەباتکارانەی ئافرەتانی جیهان کە دەگەڕێتەو
ئافرەتانی ئازادیخواز!
لاوانی تێکۆشەر و ماندوویی نەناس!
بێگومان ڕۆژی نێونەتەوەیی 8ی مارس، خاڵی وەرچەرخانە لە مێژووی خەباتکارانەی ئافرەتانی جیهان کە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1857ی زایینی، کە هەلومەرجی نالەبارو ئەستەم و هەروەها حەقدەستی کەمی ئافرەتانی کرێکار لە کارگەی ڕستن و چنین لە شاری نیۆیۆرکی ئامریکا، بووە هۆی دەربڕینی ناڕەزایەتیی لە دژی نادادپەروەری و ستەم و سەرکوت، ئەم ناڕەزایەتییانە بە تێپەڕبوونی کات شێوەیەکی سیستماتیکی لەخۆگرت و بووە هۆی مانگرتنی ئافرەتانی ئەم کارگەیە. بەڵام ئافرەتانی مافخواز کەوتنە بەرپەلاماری پۆلیس و زیندانی و شکەنجە دران. ئەم جووڵەیە هەموو ساڵێک بەشێوەی نهێنی و ئاشکرا لە چەندین وڵات وەکوو ئامریکا، فەڕانسە، ئاڵمان بەڕێوە دەچوو و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر لە ژنان بریندارو دەستگیر دەکران.
لە کۆتاییدا لەساڵی 1911 کلارا زتکین" ئەندامی ئافرەتانی سوسیالیست٠« پشنیاری دا ڕۆژی 8ی مارس وەکوو ڕۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان دیاری بکرێ.
کە لە ساڵی 1977 لەلایەن ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان وەکوو ڕۆژی ئافرەتان، بەفەرمی دیاری کرا و ئێستا لە زۆربەی هەرەزۆری وڵاتانی جیهان بەرز ڕادەگیرێ.
بێگومان مافی ژنان تەنیا لەبواری ئابووریەوە نەبووە و تا وەدیهێنانی ئامانجەکانی بزووتنەوەی ئافرەتان، ڕێگایەکی دوور و درێژمان لەبەرە، بەڵام خەباتی ئافرەتانی بوێر لەوساڵانەدا، بووە هۆی ئەوەی کە دەنگی چەوسێندراوی ئافرەتانی ستەملێکراو بگاتە هەموو جیهان.
ئێستا لە ڕۆژی 8ی مارس، ئافرەتان و پیاوان و هەموو چین وتوێژەکانی کۆمەڵگە کە باوەڕیان بە ئازادی و دادپەروەری هەیە، بەبێ لەبەرچاوگرتنی ڕەگەز و ئایین و بیروباوەڕ، یادی ئەم ڕۆژە دەکەن و کردوویانە بە هێمایەک بۆ نیشاندانی ئەو نادادپەروەرییانەی لەدژی ئافرەتاندا دەکرێ. سەرەڕای ئەوەی کە هەموو ساڵێک یادی هەشتی مارس بەرز ڕادەگیرێ، بەڵام ئافرەتان لە هەموو جیهاندا دەچەوسێندرێنەوە، و ئەوەی کە کۆتایی پێ نایە ورەی بەرزی ئافرەتان لە خەبات بۆ گەیشتن بە جیهانێکی ئەمن بۆ هەموو مرۆڤێکە.
ئافرەتانی ئازا و بوێری نیشتمان!
لاوانی خۆڕاگر!
لەم ساڵانەدا هەلومەرجی ئافرەتان لە ئێران و کوردستان هەتادێت خراپتر دەبێت، سیستەمی پیاوسالاری، نەبوونی مافی تەڵاق وسەرپەرەستی منداڵ، هاوسەرگیری زۆرەملێ، توندوتیژی خاوەنکار و کاری زۆر و حەقدەستی کەم، نەبوونی یاسایەک بۆ پشتیوانی و بەرابەری نێوان ئافرەتان و پیاوان، داخراوی کۆمەڵگە و بیری دەمارگرژانە و پیاوسالارانەی هەندێک بنەماڵە بووەتە هۆی هەڵکشانی دیاردەگەلێک وەکوو ژنکوژی و خۆکوژی.
ڕژیمی دیکتاتۆرو دژەمرۆڤی ئاخوندی، بەچەوساندنەوەی ئافرەتان دەستی بەسەرکۆمەڵگەدا گرتووە، و ڕۆژانێک وەکوو هەشتی مارس بەفەرمی ناناسێت و دەنگی چالاکان و پارێزەرانی مافی ئافرەت لەهەمووکات زیاتر نوقم دەکات لە بەندیخانەکاندا شکەنجەیان دەکات.
ئافرەتانی کۆڵنەدەر!
ڕێکخراوی لاوانی خەبات هەمووکات ڕەنجی ئافرەتانی کوردستانی بە ڕەنجی هاوبەش زانیوە و لە پێناو سڕینەوەی چەوساندنەوە و ستەم لەخەبات و تێکۆشان لاینەداوە.
وێڕای پیرۆزبایی ڕۆژی نێونەتەوەیی ئافرەتان لە هەموو ئافرەتان و بەتایبەت ئافرەتانی تێکۆشەری کوردستان، و یادکردنەوە لەئافرەتانی شەهیدی ڕێگای ئازادی، لەم ڕۆژەدا ئێمە وەکوو ڕێکخراوی لاوانی خەبات ڕایدەگەیەنین هەمووکات و لەهەر بارودۆخێکدا پشتیوانتان دەبین و باوەڕمان وایە ئازادی کۆمەڵگە لە ئازادی ئافرەتاندا دەبیندرێتەوە.
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران.
7ی مارسی 2021