لە بەهاری ساڵی ١٣٦٣ی کۆچی خۆری و لە سەردەمێکدا کە بنکەکانی سازمانی خەبات
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
تێکۆشەرانی کاری ڕاگەیاندن!
لە بەهاری ساڵی ١٣٦٣ی کۆچی خۆری و لە سەردەمێکدا کە بنکەکانی سازمانی خەبات بە هۆی هێرشی هێزە داگیرکەرو جینایەتکارەکانی ڕژیمی دواکەوتوی ئاخوندی، لە جێ گۆڕکێدا بوون بە خۆشیەوە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوەی ساڵی ١٣٦٣ی کۆچی خۆری،مانگنامەی تێکۆشان ئورگانی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران بە هەوڵ و ماندوو بوونی ڕێبەریی و ژمارەیەک لە کادری ڕاگەیاندن، یەکەمین ژمارەی چاپ کرا.
ئەرکی مانگنامەی تێکۆشان لەو هەلومەرج و سەردەمەدا گەلێک قورس بوو،چونکە لە لایەک دەبوو زانیاریەکان لە سەر شۆڕش و سازمانی خەبات، و جینایەتەکانی ڕژیمی ئاخوندی لە بەرانبەر خەڵکی ئێران بە تێکڕاو لە بەرانبەر خەڵکی کوردستان بە تایبەت بە خۆێنەرانی بگەێنێ و هەروەها چالاکی و نەبەزی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان لە ڕیزی سازمانی خەبات دا بڵاو بکاتەوەو خەڵکی کوردستان لە سەرکەوتنی پێشمەرگەکان لە مەیدانەکانی نەبەردیدا دڵخۆش بکات.
ئەگەرچی ئەو هەلومەرجە گەلێک حەستەم بوو بۆ کاری راگەیاندن و بڵاو کردنەوە، بە تایبەت بە هۆی کەمی دەستگای چاپەمەنی و پێداویستیەکانی وەک کاغەز، فۆتۆ ئێستێنسێل، ودەستگای دەستی چاپی (ڕۆنیۆ) و تەنانەت نەبونی تایپی پێشکەوتوو،بەڵام دڵسۆزانی سازمانی خەبات و بە تایبەت خوالێخۆشبوو مامۆستای تێکۆشەر مەلا محەممەد محەممەدی خاوەن کتێب فرۆشی لە شاری سەقز، بەشێک لە پێداویستیەکان و بە تایبەت فۆتۆئێستسێلی بۆ ڕاگەیاندنی سازمان دابین کرد کە جێگەی خۆیەتی لەم بۆنەدا درود بنێرم بۆ ڕۆحی بەرزی مامۆستا محەممەد محەممەدی و هەموو ئەو بەڕێزانەی لە ناوخۆی کوردستان هاوکاری سازمانی خەبات و ناوەندی ڕاگەیاندنی سازمانیان کردوە.
سەرەڕای ئەو گشتە کێشەو بەربەستانەی لە رێگەی چاپ کردنی مانگنامەی تێکۆشاندا هەبوون، بە داخەوە لە لاێکی دیکەوە چەند لایەنی کوردستانی بەربەست و کۆسپی جۆراوجۆریان بۆ کادرەکانی تەبلیغی سازمان پێک دەهێناو هەوڵیان دەدا ڕێگە لە بڵاو کردنەوەی تێکۆشان بگرن کە ئەو ڕێگریانە بوونە هۆی ئەوەی وەک پێویست بە دەست خۆێنەرانی نەگات. جێگەی خۆیەتی لە سی و حەوتەمین ساڵڕۆژی دەرچوونی تێکۆشان کە لە سەرەتای مانگی خاکەلێوە لە بناری کێوی گمۆ لە کوردستانی عێراق چاپ کرا، درود بنێرم بۆ ڕۆحی بەرزی مامۆستا سەیید جەلال حوسەینی نووسەرو بەڕێوەربەری تێکۆشان لە چەندین ساڵی جیاوازدا و هەروەها درود دەنێرم بۆ رۆحی ئەو کادرە شەهیدانە ڕاگەیاندنی سازمان و تێکڕای ئەو بەڕێوەبەرو سەرنووسەرانەی لە ماوەی ئەو ساڵانەدا، بەنووسینی بابەت و ووتارو داڕشتن و چاپ کردنی تێکۆشان دەوریان گێڕاوە.
هەر بەم بۆنەوە بە ناوی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ڕایدەگەێنم کە سازمانی خەبات بەردەوام دەبێ لە کارو چالاکی ڕاگەیاندنی دڵسۆزانەو نیشتمانی و نەتەوەیی و هەر وەک چۆن لە ڕابردوودا بێ سڵەمینەوەو بە بێ ترس ئەرکی پیرۆزی شۆڕش و تێکۆشانی سیاسی و ڕزگاریخوازی و کاری ڕاگەیاندنی دڕێژە پێداوە،لە داهاتووشدا بەردەوام دەبێ لە بە جێ گەیاندنی ئەو ئەرکە پیرۆزانە. لە گەڵ پیرۆزبایی دووبارە بە بۆنەی ٣٧ مین ساڵڕۆژی یەکەمین ژمارەی تێکۆشان ئورگانی کومیتەی ناوەندی سازمانی خەبات.
بڕوخێ ڕژیمی ئاخوندی سەرکەوی خەباتی مافخوازنەی خەڵکی کورد.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
سکرتێری گشتی ١ ی خاکەلێوەی ١٤٠ ٠ کۆچی خۆری