شۆڕش حاجی
شۆڕش حاجی
ڕێکەوتنامەی 25ساڵەی ڕژیمی ئێران لەگەڵ وڵاتی چین لە ڕۆژانی داهاتوو، جارێکیتر یادەوەری ڕێکەوتننامەی تورکەمەنچای لە بیروڕای گشتی زیندوو کردەوە و بۆ جارێکیتر خاکی ئێران لە ئاکامی سیاسەتە هەڵە و زیدەخوازییەکانی دەسەلاتدارانی ئاخوندی لە هەڕاج درا. هەر چەند تا ئێستا دەسەڵات لە بڵاو بوونەوەی ناوەڕۆکی ئەو ڕێکەوتننامەیە خۆ دەبوێرێ و باس لە وردەکارییەکانی ئەو خاک فرۆشیە ناکات، بەڵام ئەوەی لە زانیارییەکانی پێشوو دەرئەکەوێ، باس لە سەرمایەدانانی 400 ملیارد دۆلاری چین لە بەستێنە جۆراوجۆرەکانی کەرت و ژێرخانی ئابووری دەکات و لە بری ئەوەش بردنی نەوتی ئێران بە نرخێکی زۆر کەم و داشکێندراو. ڕوون و ئاشکرایە ئەو رێکەوتننامەیە لە ئاکامی درێژەدان بە سیاسەتە هەڵەکانی ئاخوندان و کەوتنە ناو گەمارۆی هەمەلایەنەی نێودەوڵەتی و وەدیهاتنی قەیرانی جیددی ئابووریی لە وەڵاتی ئیرانە و زێدەخوازیی و هەوڵەکانی ئاخوندەکان بۆ دەستراگەیشتن بە چەکی ناوکەیی کە بە زامنی مانەوەیان لەسەر حوکم دەزانن، وای کردووە ئاخوندان، لە، هیچ جۆرە شەرمەزاریی و جینایەت لە ڕاست گەلانی ئێران نەپرینگێنەوە. وەک دەبیندرێ لە دوایین هەوڵیشیاندا بۆ ماوەی 25ساڵ ئێرانیان ڕادەستی وەڵاتی چین کردووە و مەعلوم نییە پانتایی ئەوجنایەتە تا چ ئاستێکی تریش پەرە دەستێنێ. ڕژیمی ئێران بە خەیاڵی خۆیان، دەیانهەوێ وەک بەرپەرچدانەوەیەک بە سیاسەتی تەحریمی نێونەتەوەیی لەگەڵ وەڵاتی چین ڕێککەون و بە گومانی خۆیان فشارەکانی ڕۆژئاوا لەسەر خۆیان، ناهێلن و دەتوانن رووبەرووی جیهان ببنەوە و ئەسبی خۆیان لە بەستێنی ئەتومی تاو دەنێ و بەرەوپێش بتازێن. ئەو هەڵە موحاسەباتیەی ئاخوندان لەوانەیە وەرچەرخانی گەورە لە ڕەوتی ڕووبەرووبونەوەی جیهان لە ڕاست ئێران، دروست بکات. بۆ زانینی ئەو بابەتە پێویستە ئەسڵی کێشەکە روونبکریتەوە و بزانین ناوەرۆکی کێشەی ڕۆژئاوا و ئێران چیە ئێران؟ وەلاتێکی دیکتاتوری فاشیستیە کە،دەیهەوێ لە ڕێگەی چەکی، ناوکەیی پێگەی خۆی لە ئاستی ناوچە و جیهان پەرە پێبدا و قایم بکات و هاوکات هەڕەشەی سڕینەوەی وەڵاتان و بەرنامە شومەکانی بۆ هەناردەکردنی شۆڕشە قێزەونەکەی بۆ جیهان بکات. هەر بۆیە کۆمەڵگای جیهانی بە پشت بەستن بەو زانیارییانە ڕازی بە پەسەندکردنی ئێرانێکی ناوکەیی نابن و ڕێگە بە دەستڕاگەیشتنی چەکی، ناوکەیی نادەن. ڕژیمی ئاخوندی دەبێ بزانێ بۆ وەستاندنی ئەو بەرنامە شوومەی ڕۆژئاوا لە هەر ڕێگەیەک ئەگەر پڕ تێچووش بێ کەڵک وەردەگرێ و بۆیە دەسەلات، گەر بیر بکاتەوە کە لە ڕێگەی ئەو رێکەوتنامەیە دەتوانێ بەربەرەکانێی کۆمەڵگای جیهانی بکات و بە خەیاڵی خۆی درێژە بە پرۆسەی دەستراگەیشتن بە چەکی ئەتۆمی بدات، هەڵەیەکی گەورە ئەکات. لە بارودۆخێکی لەم چەشنە بژاردەکانی تری وەک هێرشی نیزامی دێنە گۆڕێ جا چ لە ئاستی نیونەتەوەیی دابێ یان هێرشی ئەمریکا و ئیسرائیل بێ. ئەگەرێکیتر ئەوەیە کە ڕژیم بۆ پڕبوونی دەستی لەسەر مێزی وتووێژ، ملی داوە بە ئەنجامدانی ئەو ڕێکەوتنە و وەک کارتێکی فشار بەکاری دێنێ. لە هەر هەڵ و مەرج و بەهەر ئامانجێک بێ زیانی قەرەبوونەکراوە لە خەڵکی ئێران بە گشتی ئەدرێ و لەوانەیە ئاسەوارە خراپەکانی بۆ چەندین نەوە بمێنیتەوە. ئەو بابەتە تەنیا ئەو ڕاستیە دەردەخات کە ڕژیم لە پێناو مانەوە و حوکمی ناڕەوای لە هیچ جۆرە جینایەت و کارەساتێک سڵ ناکاتەوە و ئەگەر پێویست بێ سات و سەودا لەسەر هەموو خاکی ئێران و گەلانی نیشتەجێی بکات لە پێناو مانەوەی دەسەلاتداریەکەی ئەوە بە بێ دوودڵی دەیکات. پێویستە چاوەرێبین لایەنەکانی ناوەرۆکی ئەو ڕێکەوتنە، لە ڕۆژانی داهاتوو زیاتر دەرکەوێ و ئاستی خەسارەتەکانی ئاشکرابێ. وەک قسەی کۆتایی ڕوون و ئاشکرایە چەندەی ئەو دەسەڵاتە لەسەر تەخت بمێنیتەوە قەبارەی زیان و خەسارەتەکان بەرفراونتر و گەورەتر ئەبێتەوە.