وردەکاریی تەقەکردن لەو شوێنەی ترەمپ و بەرپرسانی ئەمریکای لێبوو
ئێوارەخوانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لەگەڵ پەیامنێرانی کۆشکی سپی تەقەی تێکەوت و بەهۆی مەترسیی ئەمنییەوە ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا بە پەلە دەربازکران،
دۆناڵد ترەمپ، بە ئامادەبوونی جەی دی ڤانسی جێگری و پیت هێگسێت وەزیری بەرگریی و ژمارەیەکی دیکەی بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی و پەیامنێرانی نێو کۆشکی سپی لە هۆتێل هیڵتۆن واشنتن ئێوارەخوانێکی رێکخست بوو، بەڵام دوای بیستینی دەستڕێژی گولـلە و برینداربوونی پۆلیسێکی پاسەوانەی شوێنەکە، هێزی نهێنی ئەمریکا و هێزە ئەمنییەکان ترەمپ و بەرپرسان و خەڵکی ئامادەبووانی خوانەکەیان بە پەلە دەربازی دەرەوەی هۆتێلەکە کرد.
دوای قڵیشانەوەی دۆخەکە، سەرچاوە ئەمنیەکان دڵنیاییان لە سەلامەتی ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئیدارەی ئەمریکا و ئامادەبووانی ئێوارە خوانەکەیاندا.
دوای هێوربوونەوەی دۆخەکە، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، هێرشکەرەکەی بە کەسێکی دەروون نەخۆش ناوبرد و وتیشی: بڕوام وایە "گورگێکی تاقانەیە"؛ وەک بڵێی کەسێک سەربەخۆ و تاکەکەسی ئەو کردەوەی کرد بێت، نەک کەس و لایەنێک پشتیوانی بێت.
هەر لە بارەی هێرشکەرەوەکەوە، کەناڵی فۆکس نیوزی ئەمریکی بڵاویکردووەتەوە، ئەو کەسەی تەقەی کردووە ناوی کۆڵ تۆماس ئالینە و تەمەنی 31 ساڵە، خەڵکی ویلایەتی کالیفۆرنیایە و دەستگیرکراوە.
بەگوێرەی زانیارییەکانی کەناڵەکە، لەکاتی تەقەکردنەکەدا نزیکەی 2600 کەس لە هۆڵی بۆنەکەدا ئامادەی ئێوارە خوانەکە بوون.
ئێف بی ئای رایگەیاندووە، تۆمەتبارەکە بەنیازبووە بە چەکەوە دزە بکاتە هۆڵی بۆنەکان کە ترەمپ و بەرپرسانی دیکەی ئەمریکا و لەگەڵ پەیامنێرانی کۆشکی سپی لەوێدا بوون.
هەروەها داواکاری گشتیی ئەمریکا رایگەیاند، تۆمەتبارەکە سبەی دووشەممە دەبرێتە بەردەم دادوەر.
هەر لەمبارەوە پارێزەرێکی ئەمریکی، بە ناوی جینین پیرۆ رایگەیاندووە، تەقەکەرەکە بە تاوانی بەکارهێنانی چەکی گەرم و رووبەڕووبوونەوەی پۆلیسی فیدراڵی و مەترسی بۆ سەر ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا دادگایی دەکرێت.