زۆر دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی کە لەپێناو مانەوەو ناساندنی گەلەکەیان وەک گەلێکی زیندوو،ببنە پێشرەو و رێنیشاندەر لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی،فەرهەنگی،خەباتکار و تێکۆشەر
زۆر دەگمەنن ئەو مرۆڤانەی کە لەپێناو مانەوەو ناساندنی گەلەکەیان وەک گەلێکی زیندوو،ببنە پێشرەو و رێنیشاندەر لە بواری سیاسی، کۆمەڵایەتی،فەرهەنگی،خەباتکار و تێکۆشەر بن بۆ گەیشتنی گەل بە ماف و ئازادیەکانی، وەک نموونەو سومبوڵی مرۆڤی هەرە بەرز و خاوەن هەڵوێست و خاوەن پێگەی ناوخۆیی و دەرەکی، بۆ هەمیشە وەک مۆمێک لە تاریکە شەوی بێ بەشاندا بدرەوشێنەوە و هەڵس و کەوت و گوفتار و کردار و خەبات و بەرخودان و بیر و ئەندێشەیان بکرێتە سەرمەشقی ژیان و تێکۆشان لە پێناو ئازادی گەل ونیشتمان و دابین کردنی یەکسانی و دادپەروەری کۆمەڵایەتی بەبێ جیاوازی رەگەزی و هەموو چین و توێژەکانی کۆمەلگاکەیان. هەڵکەوتنی مرۆڤە خاوەن بیرو باوەر پاک و، رێرەوە راست و چاکەکان کە وەک تەوەرێکی سەرەکی هەموو جەڕ و مەنگەنەکانی کۆمەڵگاکەی پێوە پێوەند دەدرێ، بۆ زیندویی و رەسەنی ئەو نەتەوە و کۆمەڵگایە بگەرێتەوە. دەشکرێ ژێردەستەیی و ماف پیشێل کراوی و داگیر کراوی نیشتمان، ببنە هۆی دەرکەوتن و هەڵکەوتنی مرۆڤی جێی متمانەو رێبەری رووناک بیر و سەرکردەی بە بڕیار و خاوەن هەست و هەڵوێست. نەتەوەی ئێمە، نەتەوەی کورد،نەتەوەێکی ماف لێ زەوتکراوی نیشتمان دابەشکراوە، لە درێژایی مێژووی پر لە کارەساتی خۆیدا، گەلێک پیاو چاک و داشدار و رێ پیشاندەری ناودار و دیار و خۆنەویست و گەل و نیشتمان خۆشەویستی تێدا هەڵکەوتوون کە، رێبەری بێ وێنە و مامۆستای لێزان و بە زیپک و زاکون، شۆرشگێری رەمزی ئارامی و برایەتی و بەرانبەری مافی مرۆڤەکان بە هەر دوو رەگەزی ژن و پیاوەوە، مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی یە. مامۆستا، کوردێکی دڵسۆزی نەتەوەو، پێشەواێکی خاوەن رێز و دەسەلاتی ئایینی، سۆرشگێرێکی نەسرەوتوو، رێبەرێکی وردبین، سیاسێکی دوور بین، رووناکبیرێکی شارەزا و تەیار بە زۆربەی هەرە زۆری زانستە کۆمەڵایەتی، ئایینی و سیاسیەکان بوو، مامۆستا لە فەلسەفە دینیەکان و مرۆڤ دا فەیلەسوفێکی بە توانا و لێزان بوو.
ئەگەر مامۆستا رۆڵەی نەتەوەیەکی خاوەن کیان و نیشتمان و فەرهەنگ و ئازاد بویا، ئێستا بیر و ئەندێشەو تێرامانەکانی لە سەر مرۆڤ و فەلسەفەی بوون و ریسالەت و ئەرکە دینیەکان بە بێ جیاوازی، بۆ پەروەردی مرۆڤایەتی لە ناوەندە زانستیە بەناوبانگەکانی دنیا دا وەک وانە فێری فێرخوازان و زانستخوازان دەکران و مامۆستاش وەک دانشمەند و زاناێکی دیاری مرۆڤایەتی لە مێژوودا ناو و ئەندێشەکانی تۆمار دەکران. مامۆستا موڵکی هەموو کورد و کوردستان بوو. دۆستێکی بەراستی دۆستانی کورد و دژمنێکی سەر سەختی داگیر کەرو کەسانی بەرچاو تەنگ و شۆڤێنیست بوو. ئەوانەی کە بەراستی مامۆستایان ناسیوە و لە گەڵی ژیاون و شانازی نزیکی لە مامۆستایان بە نسیب بوە، باش دەزانن کە دەور و بۆچوون و رێنوێنیەکانی، چەند لە خزمەتی مرۆڤایەتیدا بوون. مامۆستا ئەستێرەیەکی درەوشاوەی ئاسمانی خەباتی نەتەوایەتی و ئازادی خوازی و زانست پەروەری بوو. وەفاتی ئەو مرۆڤە بەرزو چازان و بە نفوز و بەرچاوە، خەسارەتێکی گەورە بوو کە لە ئازادیخوازان و مرۆڤدۆستان و عیلم و زانستخوازان کەوت . هەر بۆیە ئەرکی سەرشانی هەموانە کە، بەرێزەوە یادی بکەنەوە و رێنوێنی و گوتار و کردارەکانی بکرێنە سەرمەشقی ژیانی رۆژانەی کار و چالاکی سیاسی نەتەوەییمان. چوونکە مامۆستا رەمزی ئاشتەوایی و یەکسانی و هاودەنگی لە نێوان هەموو لایەنە سیاسیەکانی کوردستان بوو بە بێ لە بەر چاوگرتنی جیاوازی خەت و رێبازی سیاسیان.
سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران بەڕێزەوە لە خەبات و تێکۆشان و رێباز و رێنوێنیەکانی ئەو مرۆڤە بەرز و بەرێزە دەروانێ و لە سالرۆژی کۆچی دوایی ئەو مامۆستا شۆرشگێر و زانا و ناوازەدا، سڵاو دەنێرێ بۆ رۆحی پاکی و هیوا دەخوازێ کە ئاواتەکانی ئەو مرۆڤە پاک و چاکە بە رووخانی رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و گەیشتنی گەلانی ئێران بەتایبەت گەلی کورد بە ماف و ئازادیەکانیان، بێنەدی.
هەزاران هەزار سڵاو لە رۆحی پاکی ئەو مرۆڤە بەرزە و ئەو رێبەر و رێ نیشاندەرە هەڵکەوتوەی نەتەوەکەمان. مامۆستا شێخ عیزەدین حوسەینی.
کومیتەی ناوەندی سازمانی خەباتی کوردستانی ئیران.
22ی رێبەندانی 1397ی کۆچی خۆری