هەڵبژاردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و چەوسێنەری ڕژیمی ئاخوندی وەک ئەندام لە پێگەی ئافرەت لە نەتەوە یەکگرتوەکان دژ بە هەموو بنەما مرۆڤایەتیەکانە! سات و سەودای ژێربەژێر
هەڵبژاردنی دەسەڵاتی دیکتاتۆر و چەوسێنەری ڕژیمی ئاخوندی وەک ئەندام لە پێگەی ئافرەت لە نەتەوە یەکگرتوەکان دژ بە هەموو بنەما مرۆڤایەتیەکانە!
سات و سەودای ژێربەژێر هەموو بنەما و پایەکانی ئەخلاقی و مرۆڤایەتی تێکداوە و لە نوێترین حاڵەتدا ڕژیمی دژە ژنی وەک پاسەوانی ماف و پێگەی بەرزی ئافرەت هێنا بەرباس. ئێمە وەک ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوم کردنی ئەم هەنگاوە، داوا لە نوێنەری ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و وڵاتانی یەکیەتی ئوروپا دەکەین کە هەڵبژاردنی ڕژیمی ئێران بۆ دەوەرەیەکی چوار ساڵە لە کۆمیسیۆنی جێگە و پێگەی ئافرەت مەحکوم بکەن و ئەم ڕێکەوتنە شومە بە زووترین کات هەڵبووەشێننەوە. کۆمیسیۆنی جێگە و پێگەی ئافرەت، دامەزراوەیەکی نێونەتەوەیە کە بۆ پێشکەوتنی بەرابەری ڕەگەزی و بەهێز کردنی تواناکانی ئافرەتان تێدەکۆشێ، بەڵام بەم کردەوەی، خۆی بەتەواوی خستە ژێر پرسیار و دەرکەوت کە دژی ئافرەت و پێگەی بەرزیەتی. جێگەی ئاماژەیە، ڕۆژی چوارشەممە ڕێکەوتی1ی بانەمەڕی 1400کۆچی خۆری، شۆڕای ئابوری و کۆمەڵایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بە بەشداری ڕژیمی ئێران لەم کۆمیسیۆنە دەنگی داوە. ئەم کردەوە هەر زوو بوە هۆی توڕەیی چالاکانی مافی مرۆڤ و هەڵبژاردنی ڕژیمی ئێرانیان بەکردەوەیەکی بێ بایەخ زانیوە و سەرکۆنەیان کردووە. ڕێکخراوی ئافرەتان وێڕای ڕێکخراوە بەشەر دۆستەکانی دیکە ئەم ڕۆژە وەکو ڕۆژێکی ڕەش بۆ مافی ئافرەتان و هەموو مافی مرۆڤ دادەنێت و جیهانی ئازاد ئاگادار دەکاتەوە کە ئەم سوکایەتیە بۆ سەر ئافرەت و بەگشتی مافی مرۆڤ قبوڵ نەکەن. ڕژیمی ئێران بێگومان سەرەکیترین ڕژیمی یاخی و چەوسێنەری سەر ڕوی زەوییە و بەشێوەی سیستماتیک پێشێلکاری مافی مرۆڤ و بە تایبەت مافی ئافرەتانە. ئافرەتان لە ئێران لە سەرەتایترین مافی خۆیان بێبەشن و زوڵم و ستەم لە دژی ئافرەتان چ لە یاساو چ لە کردەوە ئاشکرایەو ڕونە و قبوڵکردنی ڕژیم لەم کومیسیونەدا بەمانای پاشەکشەیەکی قوڵی مافی مرۆڤە. تەنانەت ڕاپۆرتەکانی سکرتێری گشتیی نەتەوەیەکگرتووەکان، لەسەر هەڵاواردنی بەردەوام و تاقەت پڕوکێن لە دژی ئافرەتانی ئێران بەڵگەی واقعین لەسەر پێشێلکاری و هلیل نویریش کە بەڕێوەبەری بەشی ئێجرایی چاودێری نەتەوەکانە باس لە دواکەوتوویی ئاخوندەکانی ئێران و هەروەها حیجابی زۆرەملێ، توندوتیژی لە دژی ئافرەتان، گیرانی ئافرەتانی تێکۆشەر لە لایەن ڕژیم دەکات و بە ئیشارە بە هاوسەرگیری کچانی 12ساڵ و تەنانەت منداڵتر لەوتەمەنە، پێشێلکاریەکان شیدەکاتەوە. ئێمە جارێکی کە دوپاتەی دەکەینەوە کە ئەم کارە بازرگانی و سیاسەتێکی شکستخواردوەو هیچ هەوڵێکی ڕژیم و سات و سەودایەک ناتوانێ گەلانی ئازادیخواز و ڕەوتەبەرابەریخوازانەی بەلاڕێدا ببات.
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
٢٠ ٢١/٤/٢٢