یەحیا رەسووڵی
یەحیا رەسووڵی
22ی ئاوڕیلی 1989لە شاری قاهیرەی وەڵاتی میسر یەکەمین ڕۆژنامەی کوردی بە ناوی "کوردستان" بەدەست و هەوڵی زانا و بیرمەندی کورد بەڕێز میقداد محەمەد بەدرخان چاپ و بڵاوکرایەوە. لەو ڕۆژەوە هەموو ساڵێک بە نووسین و چالاکی جۆراوجۆر لە بەشەکانی کوردستان ئەو یادە دەکرێتەوە و ڕێز لەو ڕۆژە دەگیرێت بۆ یەکەم جار رۆژنامەی کوردی ئەویش لە دوور وڵات بوونی خۆی سەلماند و چووە بەردیدەی خوێنەرانی. ئەویش لە قۆناغێکدا کە لە کوردستاندا ئیمکان و کەرەستەی چاپ و بڵاوکردنەوەی رۆژنامە لەبەر دەست دا نەبوو و زۆربەی خەڵکی کوردستان نەخوێندەوار بوون و لە بارێکی زۆر ئاڵۆز دا دەژیان و ڕۆشنبیران و تێکۆشەرانی کورد دەرفەتی لە چاپدان و بڵاو کردنەوەی بیر وبۆچوونەکانیان نەبوو. هەوڵەکانی میقداد بەدرخان ئەو دەرفەتەی گەشەکردنی ڕۆژنامە و گۆڤارە کوردیەکان، ئەگەر لە کاتی هەڵگیرسانی شۆڕشەکانیشدا بووبێ، بۆ وێنە لە سەردەمی شۆڕش و حکومەتداری شێخ مەحموود و کۆماری کوردستان چاپخانە لە شارەکان دامەزرا و درێژەیان بە خەباتی رۆشنگەری و بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی دا.
ئەو قۆناغانە بۆ رۆژنامەی کوردی سەردەمێکی زێرین بوو کە بتوانێ بە ئازادی چاپەمەنی و بڵاوکراوە کوردیەکان رەونەقیان پێ بدرێ، هەروەها لە ساڵەکانی پەنجا و شەستەکانی سەدەی رابردوو ڕۆژنامەکانی خەبات، ئازادی، دەنگی کورد، ڕۆژی نوێ و ڕوناهی دەورێکی کاریگەریان گێڕا لە ڕۆشنبیرکردنی کۆمەڵگەی کوردی هەروەها کەسایەتییە کوردی و خارجییەکان بە نووسین و چاپ کردنی کتێب و وتار ئەم ڕەوتە ڕۆشنبیریەیان بۆ پێشەوە برد. بۆ نموونە کریس کۆچێرا، علاالدین سەجادی، ئیبراهیم ئەحمەد، مامۆستا هەژار، مامۆستا هێمن، کاکەی فەلاح، گیوی موکریانی، عەبدولکەریم ئەفەندی، پیرەمێرد، حوسێن حوزنی موکریانی و دەیان و سەدان کەسایەتی ڕۆشنبیری کورد بە زمانەکانی کوردی، فارسی، عەرەبی و ئینگلیزی و فەڕانسەوی کتێب و نامیلکەیان لە چاپ دا بۆ وشیارکردنەوە و دەرخستنی ڕاستیەکانی کۆمەڵگەی کوردی لەسەر واقعی ژیان، خەبات و تێکۆشان بۆ پاراستنی زمان و ئەدەبی کوردی.
ئەم ڕەوتی ڕۆشنیرییە تا بە ئەمڕۆ درێژەی هەیە، بەڵام بەبیانووی جۆراوجۆری وەک بە حیزبی کردن، تاشینی کەلیمات و ... کەوتۆتە بەر ڕەخنە و گلەیی خوێنەران، و پێیان وایە رۆژنامە و راگەیاندنی کوردی لە ڕێگەی ڕاستەقینەی خۆی لای داوە، هەر ئەوەش کاریگەری کردووەتە سەر ئەوەی خوێندنەوە و بەکارهێنانی ڕۆژنامە لە کۆمەڵگەی کوردستاندا بە ڕێژەیەکی زۆر ڕوو لە دابەزین بکات. هەروەها فەزای مەجازی بێ کۆنتڕۆڵ و بێ سەروبەرە، رۆژنامەی کوردی و پەرەپێدانی ڕۆشنبیری و بەرزکردنەوەی هۆشیاری کۆمەڵگەی دواخستووە و تووشی پاشەکشەی کردووە.
وێڕای ئەو خاڵە لاوازانەی لە ئێستادا لە سەر رۆژنامە و بڵاوکراوەی کوردی باس دەکرێ بەڵام مێژووی رۆژنامە کوردیەکان و خەبات و شەونخونی نووسەران و کادری چاپەمەنی و گەیاندنیان بە دەستی خوێنەران، هەر دەبێ بەرێز و پێزانینەوە یاد بکرێتەوە. من بۆ خۆم چەندین ساڵ لە ئینتشاراتی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و بە دیاری کراوی لە ڕۆژنامەی تێکۆشان کارم کردووەو لە نزیکەوە شاهێدی ئەو راستیەم کە نووسەرانی ئەو رۆژنامە بەتایبەت مامۆستا سەید جەلالی حوسەینی و کادرەکانی چاپ و بڵاوکردنەوە چەندە ماندوویی نەناسانە خزمەتیان بە ئامانجە سیاسی، نەتەوەیی، ئەدەبی و زمانەوانیەکان دەکرد.
لەم یادە پیرۆزەدا سەری ڕێز و وەفا بۆ هەموو ئەو ڕۆشنبیر و نووسەرە بوێر و ئازایانە کە بێ ترس و بوێرانە بە قەڵەمەکانیان گیانی خۆیان خستە مەترسییەوە و تووشی کوشتن و زیندان و ئەشکەنجە و دەربەدەری بوونەوە کە بەم ئەرکە ئەخلاقی و ئینسانیەی خۆیان نەیانهێشت بواری ڕۆشنبیری و ڕۆژنامەگەری کوردی دوابکەوێ، جێگای خۆیەتی لەم یادە پیرۆزەدا یادێک لە هاوڕێی شەهید حوسەین کەریمی بکرێتەوە کە یەکەمین پێشمەرگەی شەهیدی مانگانە تێکۆشانی ئۆرگانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، کە لە ئەرکی گەیاندنی بڵاوکراوەکان و بیری سیاسی و نەتەوەیی سازمانی خەبات بۆ نێو کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە شەڕێکی قارەمانانە و خۆڕاگریدا گیانی سپارد و چووە ڕیزی شەهیدان.
یادی هەموو ئەو مرۆڤە رەنج دیتوو ماندوو نەناسانەی رۆژنامەگەری کورد بەتایبەت رۆژنامەی تێکۆشان، لە ناویاندا هاوڕێی شەهید حوسەین کەریمی بەرز و بەرێز بێ.