پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

رۆژی قودس و ریاکاریەکانی خامنەیی!

رۆژی قودس و ریاکاریەکانی خامنەیی!
عه‌لی به‌هرامی

ناوی پشتیوانی لە پرسی فەلستین،  دژایەتی دەوڵەتی ئیسراییل و بەتایبەت دژایەتی جەژنی ئورشەلیم، ساڵێک لە دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەل

عەلی بەهرامی

 بەناوی پشتیوانی لە پرسی فەلستین،  دژایەتی دەوڵەتی ئیسراییل و بەتایبەت دژایەتی جەژنی ئورشەلیم، ساڵێک لە دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران خومەینی و هاوفکرەکانی ئاخرین رۆژی هەینی مانگی رەمەزانیان وەکوو رۆژی قودس دیاری کرد. رژیمی ئاخوندی  بە زەق کردنەوەی رۆژی قودس و بەکارهێنانی دروشمی دژە ئیسراییلی، مەبەستی بوو بە حیسابی خۆیان دەسەڵاتی ئیسراییل بە فەرمی نەناسن و دەوڵەتی جووەکان لەناوبەرن، لەلایەکی دیکە سۆزی وەڵاتانی عەرەبی و بە گشتی موسڵمانان بۆ خۆی راکێشێ. هەروەها ئەو دەسەڵاتە هەوڵی ئەوەی دەدا خۆی بکاتە دەمراستی پرسی وەڵاتانی ئیسلامی و لە پاڵ ئەوانەدا کار لەسەر دامەزرانی دەسەڵاتێک لەسەر بنەمای بیری ئاخوندان لە ناوچەکە و یەکدەست کردنی شیعەکان و باڵادەست کردنیان بدات. لە دوای 42 ساڵ لە دیاری کردنی رۆژی قودس، هەڵسەنگاندنێک بۆ ئاخرین رۆژی هەینی رەمەزانی ئەو ساڵ و بۆنەی قودس و لە هەمووی گرینگتر وتارەکەی خامنەیی پێویستە و ئەوەی تۆزێک بەدواداچوون بۆ رووداوەکانی ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەراست بکات چەند خاڵی بە روونی بۆ دەردەکەوێ کە: رژیمی ئاخوندی وێڕای ئەوەی 42 ساڵە بەناو کار بۆ پشتیوانی لە فەلستینیەکان دەکات و بۆ ئەو مەبەستەش گروپ و تاقمی چەکداری جیاجیای لە فەلستین دروست کردووە و  پشتیوانی لێ کردوون. ئەگەر چی رژیم توانیویەتی بە دروست کردنی تاقم و دەستەی جیاجیا لە فەلستین دەوری لەو ناوچەدا هەبێ، بەڵام لە کەس شاراوە نیە دەوری رژیم لە فەلستین دا نێگاتیو بووەو رێگر بووە لە ئاشتی و ئارامی لە نیشتمانی فەلستینیەکان و بووەتە هۆی دابەش بوونی توانای فەلستینیەکان و لە دەست دانی هەل و دەرفەتەکان.  کەوایە پشتیوانیەکانی رژیم لە فەلستین نەک قازانجی نەگەیاندووە بەڵکوو پرسی فەلستینیەکانی ئاڵۆزتر و چارەنووسی خەڵکی ئەو وەڵاتەی لێڵ و ناروونتر کردووە، هاوکات داهاتو سەرمایەی خەڵکی ئێران کە بۆ گروپە فەلستینیەکان خەرج کراوە، بووەتە هیچ و بە فیرۆچووە.

رژیم لە بازنەیەکی بەرینتردا هەوڵی دا بە دروست کردنی تاقم و گروپی تیرۆریستی دژایەتی ئیسراییل لە سنوورێکدا قەتیس نەمێنێتەوە و بۆ ئەو مەبەستە سوپای قودسی دروست کرد و لەو رێگەشەوە یارمەتی گەیاندووە بە حیزبوڵا و بەشێوەی جیاجیا دەستێوەردانی لە وەڵاتانی ناوچەکەدا دەست پێکردوە. ئەو رژیمە ئەگەر چی کۆمەڵێک هەنگاوی لە رێگەی حیزبوڵا و گروپەکانی هاوشێوەی ناوە بەڵام زیانی گەورەی بە لوبنان و ژێرخانی ئابووری ئەو وەڵاتە گەیاندوە، هەروەها بە سەرمایەی خەڵکی ئێران ئەو جەنگانەی هەڵدەگیرسان و وێرانیەکانی باشووری لوبنانی قەرەبوو دەکردەوە. ئەو رژیمە کاری زۆری کردووە لەسەر کۆدەنگی وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی بۆ دژایەتی ئیسراییل و ئامادەبووە خەرج و هەزینەی زۆر بۆ ئەو بابەتە بکات. بەڵام رژیمی ئاخوندی هیچ کات نەیاتوانیوە ببێتە جێی متمانەی وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی.

 ئەو وەڵاتانە هەر زوو لە نیەت و ناوەرۆکی پیلانەکانی رژیمی ئاخوندی تێگەیشتن. هەر بۆیە رژیم نەیتوانیوە پێوەندیەکی دۆستانەی لەگەڵ وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی هەبێ. ئەوەی وەڵاتانی عەرەبی و ئیسلامی لەو رژیمە نیگەران کردووە، دەستێوەردان لە وەڵاتەکانیان، دروست کردنی دەستەو تاقمی نزیک بە خۆی، نانەوەی ئاژاوە بۆ پەرەپێدانی بیری ئاخوندی و سازکردنی دەسڵاتێک لە ناوچەکەدا لەسەر بنەمای بیر و هزری بۆگەنیوی ئاخوندان. ئەوەی لە 42  ساڵەی رۆژی قودس دا زۆر جێی سەرنج بوو ئەوە بوو کە ئەو رۆژە لەلایەن خەڵکی ئێرانەوە پێشوازی لێ نەکرا، رژیم بە هەموو ناوەند و ئورگانە تایبەتەکانی نەیتوانی ئەوندە خەڵک بێنێـتە سەر شەقامەکان کە لە تەلەفزیۆنەکانی نیشانی بدات.

 ئەگەر چی رژیم رایگەیاند  لەبەر شەپۆلی چوارەمی کرۆنا رۆژی قودس بەرێوەنەچووە. بەڵام هەموومان ئەو راستیە دەزانین رژیم نەک بۆ نەخۆشی کرۆنا هیچ هەنگاوێکی نەناوە، بەڵکوو خامنەیی کرینی واکسینی کرۆنای بۆ ئێران قەدەغە کرد و هەموو بۆنەکان بەتایبەت ناشتنی کوژراوەکانیان (قاسم سلێمانی و موحسینی فەخریزادە) بە ئامادەبوونی ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەرێوەبردووە. لەلایەکی دیکە وتارەکەی ئاخوند خامنەیی وەلی فەقیهی رژیم بۆ رۆژی قودس بوو کە دەکرێ بەتایبەتی پەنجە لەسەر چەند خاڵی داندرێ ئەویش بریتین لە: خامنەیی لە پەیامەکەیدا بۆ رۆژی قودس پێش هەمووی هەوڵی دا وەڵامی تۆمارە دەنگیەکەی زەریف و رەخنەکانی بداتەوە کە ناوبراو رەخنەی زۆری گرتبوو لە کارکردی قاسمی سلێمانی و کارکردی سیاسی رژیمەکەی لە ناوچەکەدا کە بەناوی (مەیدان) هێنابوویە گۆڕێ.

 ناوبراو بە پێچەوانەوە کارکردی قاسم سلێمانی و تاقمەکانی نزیک لە رژیمی بە گرینگ زانی. خامنەیی جارێکی دیکە و بگرە توندتریش پێداگری لەسەر دژایەتی ئیسراییل و لەناوچوونی ئەو وەڵاتە کردوە. ناوبراو هەروەها کۆمەڵێک دەستەواژەی پێشووی وەکوو داگیرکاری ئیسراییل، ناوەرۆکی تیرۆریستی دەوڵەتی ئیسراییل، لەناوچوونی حەتمی فەرهەنگ و تەمەدونی رۆژئاوا، گۆرانی هێز بە قازانجی جیهانی ئیسلام، بەردەوامی مقاومەت و پێشنیاری بەرێوەچوونی ریفراندۆم و گشتپرسی لە ناوچەکانی فەلستین، کردەوە. رێبەری رژیمی ئاخوندی هەروەها پێداگری لەسەر ئەوە کردووە کە رژیمەکەی بۆ پاراستن و بەهێزکردنی گروپە سەربازی و فکریەکان لە چوارچێوەی (مقاومەتی ئیسلامی) لە ئاستی ناوخۆیی، ناوچەیی و جیهانی ئیسلامی دا کردووە. هەروەها پێداگری لەسەر خەباتی نەپساوە لەگەڵ ئیسراییل و رەت کردنەوەی پێشنیاری ئاشتی لەسەر ئەساسی دوو دەوڵەت و هەروەها دژایەتی وەڵاتی ئیسراییل کردەوە. خامنەیی لە کاتێکدا پێداگری لەسەر دژایەتی ئیسراییل و بەردەوامی گروپە سەربازی و فکریەکانی سەر بەو رژیمە دژ بە ئیسراییل دەکاتەوە، کە لە ناوچەکەدا تووشی کێشەیەکی گەورە بووەتەوە و رۆژانە لە وەڵاتی سوریە هێزەکانی لەلایەن ئیسراییلەوە دەکرێنە ئامانج و رژیمەکەیشی نەک نەیتوانیوە وەڵامی هێرشەکانی ئیسراییل بداتەوە، بەڵکوو لە باس کردن و ئاشکرا کردنی زیانەکانیشی خۆی بواردووە. لەلایەکی دیکە رژیمی ئاخوندی لە چوار دەیەی رابردوودا بە قەد ئێستا گۆشەگیر و لە پەراوێزدا نەبووە، وەڵاتانی ئیسلامی و عەرەبی لە چوارچێوەی پەیمانی ئیبراهیم یەک لە دوای یەک پەیمان و دۆستایەتی لەگەڵ ئیسراییل دەبەستن و ئیسراییلیش تا دێ زیاتر و زیاتر هێژموونی و دەستکراوەیی لە ناوچەکەدا زیاد دەکا. خامنەیی لە کاتێکدا باس لە ریفراندۆم بۆ فەلستینیەکان دەکات کە لە ماوەی زیاتر لە 32 ساڵی دەسەڵاتداریەکەیدا رێگەی بە هیچ جۆرە گشتپرسی و ریفراندۆمێک لە ئێران نەداوەو  هەر جۆرە داوایەکی خەڵکی ئێرانیشی بە ئاگر و ئاسن وەڵام داوەتەوە. وەلی فەقیهی رژیم لە کاتێکدا فرمێسکی تیمساح  بۆ فەلستینیەکان دەرێژێ کە رۆژانە خەڵکی ئێران لەلایەن دەسەڵاتەکەیەوە دەچەوسێندرێنەوە و خەڵکی ئەو وەڵاتەی تووشی دەیان کێشە و قەیرانی کۆمەڵایەتی و ئابووری کردووە.

 رۆژی قودس و پرسی فەلستین بوونەتە دەستەچیلەیەک بۆ رژیمی ئاخوندی کە بتوانن پیلانی نامرۆڤانەی خۆیان لە خۆرهەڵاتی ناوەراست بەرێوەبەرن. لە هەر وەڵاتێک رژیم و تاقم و گروپەکانی نفوزیان کردبێ تووشی بشێویی و ئاڵۆزی بووەو خەڵکێکی زۆر بوونەتە قوربانی. خەڵکی ئێرانیش کە رژیمەکەی خامنەیی داهاتوو و سەرمایەکانیان بۆ کاری گێرەشێوێنی و ئاژاوەگێڕی لە وەڵاتان و بەناو دژایەتی ئیسراییل خەرج دەکات، رۆژ لە دوای رۆژ برسیتر و هەژارتر دەبن و دەسەڵاتی ئاخوندانیش ئامادەنین هیچ هەنگاوێک بۆ چارەسەری دۆخی خەڵک هەڵگرن، هەر بۆیە بوونی رۆژی قودس و قسەکانی خامنەیی ریاکاریەکی روون و ئاشکرایە و لە پرسی فەلستین دا ئاخوندان خەنەیان رنگی نەماوەو پیلانەکانیان بۆ ئێرانیەکان و خەڵکی ناوچەکەش روون بووەتەوە.


3 ساڵ و 6 مانگ و 11 ڕۆژ و 21 کاتژمێر و 47 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

رۆژی قودس و ریاکاریەکانی خامنەیی!

رۆژی قودس و ریاکاریەکانی خامنەیی!



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن