خهباتمیدیا: بە مەبەستی پشتیوانی کردن لە بێهزادی مەحمودی و داخوازی چەندین ساڵەی پەنابەرانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، کۆبوونەوەیەکی بەرین بەرێوەچوو. کاتژمێر 10ی سەر لەبەیانی ڕۆژی پێنج شەممە 30ی بانەمەڕی 1400ی ک خ، سەدان کەس لە چالاکان و پەنابەرانی سیاسی کوردی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستان، بە مەبەستی پشتیوانی لە "بێهزادی مەحمودی" و داوای پەنابەران گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتیان بەرێوەبرد. ئەو کۆبوونەوە کە لەسەر داوای کۆمیتەی لایەنگرانی سازمانی خەبات لە هەولێر و رێکخراوەکانی داکۆکی لە مافی پەنابەرانی کوردی ئێران لە هەرێمی کوردستان بانگەوازی بۆ کرابوو، بەرێوەچوو و بەشداربووان بە هەڵگرتنی ئاڵای کوردستان و دروشم، پێداگریان لەسەر داوا و ویستە ئینسانیەکانیان کردەوە. لەو کۆبوونەوە جەماوەریەدا پەیامی پەنابەرانی کوردی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان لە لایەن هادی عەزیزی خوێندرایەوە و پاشان دەقی پەیامەکە و نامەی تایبەتی کاک بابەشێخ حوسەینی بۆ سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان پێشکەش بە ئۆفیسی نەتەوە یەکگرتووەکان کرا.
لە نامەی پەنابەران کە پێشکەش بە نەتەوە یەکگرتووەکان کرا داواکراوە کەیسی پەناخواز و پەنابەری سیاسی لە پەناخوازانی کۆمەڵایەتی جیا بکرێتەوە. کەمپ و شوێنی نیشتەجێبوون بۆ پەنابەرانی سیاسی دابین بکرێ. میکانیزمی دابەشکردنی هاوکاری بە پەنابەران پێداچوونەوەی بۆ بکرێ. چارەسەری کێشەی فۆرمی خۆراک، کێشەی پەنابەرانی نەخۆش، چارەسەری کێشەی پەنابەران بۆ مانەوە لە هەرێم و چەندین داوای دیکە کە پێوەندیان بە ژیان و گوزەرانیانەوە هەیە لە خۆ گرتووە. نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان بە نوێنەری پەنابەرانی سیاسی ڕاگەیاندووە ڕۆژی یەکشەممە دەتوانن وەڵامیان بدەنەوە.
بڕیار دراوە گربوونەوەکەی بەردەم یوئێن هەتا ڕۆژی یەکشەممە و وەڵامی ئەو ڕێکخراوە بەردەوام بێ. شایانی گوتنە بێهزادی مەحمودی ئەندامی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، بە ناڕەزایەتی بە کەمتەرخەمی نووسینگەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ داواکانی و وەڵام نەدانەوەی، ڕۆژی سێ شەممە 28ی بانەمەڕ لەبەردەم بارەگای نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگری لە جەستەی خۆی بەردا و ئێستا لە نەخۆشخانەی ئیمێرجێنسی هەولێر لە دۆخێکی تەندروستی خراپدایە.