سەروەری گەل: شەهید مەلا عەلی ڕەسوڵی
سەروەری گەل: شەهید مەلا عەلی ڕەسوڵی
یەکێک لەو شتانەی کە کار دەکاتە سەر گیانی شۆڕشگێری و دەبێتە هاندەری هەڵگرانی ئاڵای ئازادی و ڕێبوارانی ڕێبازی شانازی خۆڵقێنی شەهیدان، هەر یادی ئەو شەهیدانەیە و ڕێزگرتن لە ئامانج و ڕێبازەکەیانە، بەو مانایەی دەکرێ بڵەین یەکێک لەو دەرسانەی زانکۆی مەزنی شۆڕش کە مرۆڤی شۆڕشگێر بە فێربوونی سوور دەبێ لە سەر هەوڵ و تێکۆشان، یادی شەهیدانە. چونکە ئەو شەهیدانە دەرسی فیداکاری و لە خۆبوردوویی بە کردەوە بە ئێمە دەڵێن و پێمانی حاڵی دەکەن کە چۆن پەیمان ببەستین و چۆن پێی وەفاداربین و چۆن بژین و چۆن بمرین. لە ناو شەهیدە سەربەرزەکانماندا یادی شەهیدی نەمر مەلا عەلی ڕەسوڵی دەکەین کە بە گیانبازی و فیداکاری، لە پێناو خاک و نیشتمان گیانی خۆی بەخشی.
شەهید مەلا عەلی فەرماندەی لێهاتوو ئاگاو تێگەیشتوو و کوردێکی پاک و کورد خۆشەویست بوو.
شەهید مەلا عەلی دەردی دەرونی کوردانی دەزانی و وێران کران و سووتاندنی کوردستانی بە چاوی خۆی دیبوو و ئازاری گەلەکەی بە ئازاری خۆی دەزانی. شەهید مەلا عەلی لە ساڵی 1338 لە گوندی سپیاڵی کوردستانی ئەودیوو هاتە دنیا.
هەر لە ساڵەکانی هەوەڵی شۆڕشی کوردستانی ئێرانەوە هاتە ناو ڕیزی پێشمەرگەکانی کوردستانەوە و لە ساڵی 1359 دا خەباتی بێ وچانی خۆی شان بە شانی برا پێشمەرگەکانی لە سەنگەری سازمانی خەباتی کوردستانی ئێرانەوە دەست پێکرد و لە دژی هێرشی داگیرکەرانی کوردستان و جاشە بە کرێگیراوەکانی نوکەری ڕژێمی خومەینی تا دوا ڕۆژی ژیانی گیان بازی کرد. لێهاتوویی شەهید مەلا عەلی لە کارو باری نیزامیدا بوو بە هۆی ئەوە کە لە مانگی 12ی 1360دا بە فەرماندەری لقی شەهیدانی( بۆیەن) و لە مانگی 9ی 1362دا بە جێگری فەرماندەری هێزی شەهید سەید خەلیل داندرێ، لە ڕۆژی 4/3/1363 لە شەڕێکی قارەمانانەدا کە پێشمەرگەکانی سازمانی خەباتی کوردستان لە کێوی( نهێنی ) نزیک سەیرانبەن هەڵکەوتوو لە ناووچەی بانە کەوتبوونە گیانی دوژمنانی ئازادی و زیاتر لە 30 کەس لە ئەفرادی دوژمن کوژران، بەداخێکی گرانەوە بە گوللەی دوژمن پێکراو لە ڕۆژی 5/3/1363دا ماڵئاوایی لە هەمووان کرد و شەهید بوو.
هەزاران لە سڵاو لە گیانی پاکی ئەو شەهیدەو سەرجەم شەهیدانی ڕێگای ئازادی کورد و کوردستان