خەبات مێدیا: سەرلەبەیانی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٦ ی مای ٢٠ ٢١ی زاینی، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهیدی ڕەنج و ئاگر شەهید بێهزاد (م
سەرلەبەیانی چوارشەممە، ڕێکەوتی ٥ی جۆزەردانی ١٤٠ ٠ ی هەتاوی بەرانبەر بە ٢٦ ی مای ٢٠ ٢١ی زاینی، ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی شەهیدی ڕەنج و ئاگر شەهید بێهزاد (محەممەد) مەحمودی بە ئامادەبوونی دایک وباوک و کەسوکاری و بەشێک لە دەفتەری سیاسی و سەرکردایەتی و ئەندامانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، و هەروەها نوێنەری بەشێک لە هێز و لایەنە سیاسیەکانی کوردستان و جەماوەری بەهەست و دڵسۆزی هەولێر و دەوروبەر، لە گۆڕستانی کەسنەزانی شاری هەولێر بەڕێوەچوو.
لە پاش وەرگرتنەوەی تەرمی کاک بێهزاد، بردرایە بەردەم بارەگای نوێنەرایەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە شاری هەولێر و لە پاش فاتیحایەک، بەرەو گۆرستانی کەسنەزان کاروانی هاورێیەتی تەرمەکە وەڕێکەوتن.
پاش ئەسپەردەکردنی تەرمی کاک بێهزادی جوانەمەرگ، بەرێز کاک کامیل نورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی سازمانی خەبات، چەند وتەیەکی پێشکەش بە ئامادەبووان کرد. بەڕێز کاک کامیل نورانی فەرد وێرای دەربرینی سوپاس و پێزانینی سازمانی خەبات و هاوڕێیان و کەس و کاری شەهید بێهزاد لە ئامادەبوان، ڕایگەیاند کە: بەداخەوە هەروەک کە دوکتۆرەکان پێشبینیان کردبوو، بەهۆی زۆری ڕێژەی سوتاوی، شەهید بێهزاد بۆ هەمیشە ماڵئاوایی لە ژیان کردو بە جەستە بەجێی هێشتین، بەو بۆنە خەمناکەوە پرسە و سەرەخۆشی لە کەسوکاری شەهید بێهزاد و هاوڕ٠ێ و هاوخەباتیەکانی و سەرجەم کۆمەڵانی خەلک و هەموو تاکێکی بەهەست و ویژدان دەکەین.
لەماوەی چەند ڕۆژی رابردوو گەلێک لێکدانەوە و شڕۆڤەی جیاواز بۆ ئەو هەڵوێستە هەژێنەرەی شەهید بێهزاد کراوە، جیاواز لەو هەموو پەراوێزانە، ئەوەی کە جێگەی بایەخ و سەرنجە ئەو خەم و ئازارانەیە کە وای لە شەهید بێهزاد کرد ئەو هەڵوێستە بگرێ. ئەو خەم و ئازارانەی لە نێو هەموو پەنابەرە سیاسیەکانی کوردی کوردستانی ئێران نیشتەجی لە هەرێمی کوردستان دەرد و خەمێکی هاوبەشە. شەهید بێهزاد پارچەیەک لە تابلۆیەکی گەورەتربوو، ئەو هەڵوێستەی ڕەنگدانەوەی بێ بەشی و بێ مافی سەرجەم پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان بوو.
لە بەشێکی تری قسەکانی کاک کامیل دا ئاماژەی بەوە کرد کە: لەو چەند ڕۆژەی ڕابردوو دا لەسەر لایەنی بەرپرسیاریەتی لەو هەڵوێستەی کاک بێهزاد گەلێک ناوەند و ڕێکخراو ناویان هێندراوە، ئەگەر بەشێکیش لەو بەرپرسیارەتیانە لەسەر ئەو ناوەند و ڕێکخراوانەبێ، نابێ ئەوە فەرامۆش بکەین کە تاوانباری ڕاستەقینە و سەرەکی ئەو چارەنووسە خەماویە، تەنیاو تەنیا دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئێرانن. ئەو حکومەتەی ماوەی ٤دەیەیە بە سیاسەتە دژی گەلیەکانی وە بە سیاسەتی تەبعیز و جیاوازی، ژیانی ١٣ ملیۆن تاکی کوردی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان وێران و خاپور کردووە. ئەو ڕژیمەی چارەنووسی هەموو گەنج و لاوێکی کوردی تێکشاندووە، وە بە ناچار گەنج و لاو پەڕیوەی وولاتان دەبن و ناچار دەبن و مەجبور دەبن زێد و ووڵاتی خۆیان بەجێ بێڵن. هەر بۆیە ئەگەر قەراربێ لایەنێک بە بەرپرسیار بزاندرێ وە مەحکەمە و سزایەک بوونی هەبێ دەبێ ئەوە ڕژیمی ئێران بێ.
لە بەشێکی تری وتەکانی بەڕێز کاک کامیل دا ئاماژەی بەوە کرد کە: نابێ لەبیرمان بچێ ئەو خەم و ئازارانە وەک خۆیان ماون و پێویستە ڕێگا چارەیەک بدۆزرێتەوە بۆ ئەوەی جارێکی تر شاهێدی ڕووداوی لەم چەشنە نەبین و خەم و گرفت و ئازارەکانی پەنابەرانی سیاسی لە هەرێمی کوردستان، لانیکەم بەرەو کەمتر بچێ. ئێمە داوا لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین بەو جیاوازیەیی کە داواکەمان لە ڕاست ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان بێ چاوەڕوانیەو وە لەڕاست حکومەتی هەرێمی کوردستان بە چاوەڕوانیەوەیە، وەک بەشێک، وەک پارچەیەک لەو نەتەوە ئازاردرا و ستەم لێکراوە، داواکارین کە چیتر پەنابەرانی سیاسی بەبیانووی نەبوونی جنسیە، لەپشتی هیچ دەرگایەکی داخراوی هەرێمی کوردستان نەمێننەوە و منداڵانی پەنابەرانی سیاسی، چ لە قۆنەغەکانی خوێندن، وە چ دوای خوێند و دامەزران و تەعین بوون کێشەیان بۆ دروست نەبێ و بەبیانووی غەریبی و نەبوونی جنسیە کێشەی نیشەجێبوون وە خاوەنداریەتی و موڵکداریان نەبێ. کێشەی کاک بێهزاد و هاوچارەنووس سازەکانی کاک بێهزاد کێشەی تەنها لایەنی دارایی و بڕە هاوکاریەکی جارجارەی یوئێن نیە، بەڵکو کێشەکە، کێشەی کەرامەتی تاکی سیاسیە.
ئێمە پێویستە وەک پەنابەری سیاسی بەپێی میساق و جاڕنامە نێونەتەوەییەکان، ئەو مافانەی کە پێمان ڕەوا بیندراوە، بۆمان لەبەرچاو بگیردرێ. داوامان لە حکومەتی هەرێم هەیە هەرچەند دەزانین کە ئەوان تاکە لایەن نین کە بتوانن ئەو گرفتە جێبەجێ بکات، بەڵام هەر هەوڵێک، هەر هاوهەنگاوێک لە لایەن حکومەتی هەرێمەوە بەچاوی ڕێزو سوپاسەوە ئێمە لێی دەڕوانین.
وەک سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران لەسەر ئەو کەیسە بەردەوام دەبین و لەپێناو دەستەبەربوونی مافەکانی پەنابەران.
سوپاسی هەموو لایەنێک دەکەین کە لەو پێناوەدا هاوکاریمان دەکەن. ئومێد دەکەم جارێکی تر شاهێدی ڕووداوی لەم چەشنە نەبین و هیچ ڕۆڵەیەکی کورد بۆ بیستنی دەنگ و داواکاریەکانی بیر لە ئازاردانی جەستەی خۆی نەکاتەوە، بە جێگەی ئەوه بیرو باوەڕ و هیواو کۆڵنەدان، بکەینە چەک و ئامرازی دەستمان بۆ ڕوبەڕوبونەوەی کێشەکانمان.
لە کۆتایی وتەکانی دا کاک کامیل، سوپاسی هەموو ئەو هێز و لایەنانەی کرد کە هاوکاریان کردوین و ڕایگەیاند کە: جێگەی خۆیەتی سوپاس و پێزانی خۆمان بۆ هەموو ئەو کەسایەتی و لایەنە سیاسیانەی لەو ماوەدا هاوخەممان بوون بکەین، بەتایبەتیش جەنابی کاک ئومێد خۆشناو پارێزگاری بەڕێزی هەولێر، هەروەها بەڕێوەبەران و کادرو دکتۆرو پزیشکانی نەخۆشخانەی ئێمرجنسی و هەموو ئەو لایەنانەی کە هاوخەممان بوون. داوا دەکەم هەر کەسێک مافێکی لەلای کاک بێهزادە، گلەیی و گازندە و سوچێکی بەرامبەر کراوە، لێی خۆشبێ و گەردنی ئازاد بکات. خوای گەورەش بە ڕەحم و بەزەیی خۆیی لێی ببورێت و بەبەهەشتی بەرینی شاد بکات. ئهو هێز و لایهنانه سیاسیانهی که بهشداریان له ڕێوڕهسمی بهخاکسپاردن و سهرهخۆشی شههید بێهزاد دا کرد بریتیبوون له:
١. حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران (حدکا)
٢. کومەلەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٣. کۆمەڵە ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٤. پارتی ئازادی کوردستان (پاک)
٥. بزوتنهوهی نوێبوونی کوردستان
٦. حیزبی زهحمهتکێشانی کوردستانی عێراق
جێی باسە دوا نیوەڕۆی هەمان ڕۆژ لە بارەگای ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران ڕێورەسمی پرسە و سەرەخۆشی بۆ داندرا.