پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

پەیامەکانی خامنەیی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە

پەیامەکانی خامنەیی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە

کامیل نورانی فەرد

کامیل نورانی فەرد
جارێکی تر شانۆیەکی تر لە زنجیرە شانۆگەرییەکانی بەرێوەبردنی هەڵبژاردن لە نیزامی ئاخوندی بانگەشەی بۆ ئەکرێ‌ و ڕژیم هەوڵێ ڕاکێشانی زۆرترین بەشداربوو بۆ بینینی شانۆ کۆمێدی تراژیدیەکەی هەڵبژاردنی 1400 دەدات.
هەڵبژاردن پایەی سەرەکی دیموکراسیە و لەو ڕێگەیەوە خەڵک ئەتوانێ‌ خاوەنداریەتی لە دەسەڵات و مافی خۆی بکات. بەڵام هەلبژاردنی خاڵی بە بێ بوونی بنەماکانی دیموکراسی فێڵێکی گەورەیە کە لە وەڵاتە دیکتاتۆرییەکان بە کار دەهێندرێ‌. لەهەر وەڵاتێک ئازادی چاپەمەنی و بیروباوەڕ، ئازادی ئەحزاب، ئازادی ئەدیان و نەتەوەیی و ئازادی مانگرتن و خۆپیشاندان و سەرجەم ئازادییە تاکە کەسی و بە کۆمەڵەکان بوونی نەبێ و هەڵبژاردن بەرێوە بچێ، بە دڵنیاییەوە ئەوە نیزامێکی دیکتاتۆری بەسەری دا زاڵە و دەیهەوێ‌ نیزامە دیکتاتۆریەکەی لەژێر سێبەری دیموکراسی بشارێتەوە. بنەماکانی دیموکراسی ئەوەندە ڕەگ و ڕیشەیان لە کۆمەڵگاکان داکوتاوە و سەردەمی بە جیهانیبوون وای کردووە هیچ حاکمێک نەتوانێ‌ بە ئاشکرا بانگەشەی دەسەڵاتی تاکەکەسی و نادیموکراتیک بکات، بۆیە شاهێدی جۆرێکی تر لە هەڵخەڵەتاندنی بیرورای گشتین لە لایەن ئەو نیزامانە و ئەویش بەرێوەبردنی هەڵبژاردن بە بێ بوونی بنەما سەرەکیەکانی دیموکراسیەتە.
دەسەڵاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی سنوری ئەو چەواشەکاریەشیان تیپەڕاندووە و بەوەش نەوێستاون و سەرەرای ئەو بەستێنە ناتەندورستە، کۆمەڵێک چاودێری و فلتێری نامەشروعیان داناوە بۆ رێگری کردن لە هەر چەشنە هەڵەیێک کە بە زیانی دەسەڵاتەکەیان تەواو بێ.
شۆرای نیگابان و چاودێری ئیستسوابی ئەو فیلتێرەیە کە بە دەست وەلی فەقیهەی نیزامی ئاخوندی وەک دوایین ڕێگە بۆ وەلاخستنی هەر جۆرە دەنگێکی جیاواز بە کار دێت. شۆرای نیگابان کە بریتیە لە 12 ئەندامی ئاخوند و یاساناس، 6 ئاخوند کە بە دەستوری ڕاستەوخۆی خامنەیی دادەندرێ‌ و 6 بە ناو یاساناسەکەش لە لایەن سەرۆکی دەزگای دادوەری بە پارلەمان دەناسێندرێ‌ و سەرۆکی دەزگای دادوەریش ڕاستەوخۆ بە حوکمی وەلی فەقیهە دادەندرێ‌. بە زمانێکی ساکارتر خامنەیی هەموو مۆرەکان بە حەز و ویستی خۆی دیاری دەکات و سازوکارەکانی تر تەنیا دەوری جێبەجێکار و داپۆشینەری ئەو ڕاستیەیان هەیە کە هەموو شتێک لە دەستی خامنەیی دایە.
بەو شیکارە کورتە ئەساسەن هیچ جۆرە هەڵبژاردنێک لە نیزامی ئاخوندان ناچێتە ناو خانەی بنەمای واقعی هەڵبژاردن و کەسێک کە لە سندوقەکانی هەڵبژاردن سەر دێنێتە دەرێ‌ نوێنەری خەڵک نییە، بەڵکو نوێنەری نیزام و شەخسی وەلی فەقیه و کاری سەرەکیشی جێبەجێکردنی سیاسەت و بریارەکانی خامنەیی دەبێ.
ئەندازیاری سەرەکی ئەو شانۆگەرییە عەلی خامنەییە، هەر بۆیە نەک تەنیا ناتوانێ‌ بە دڵی خەڵک و گەلانی ئێران بێ، تەنانەت لە ناو بازنەی خودی دەسەڵاتیش و لە ناو خودییەکانیش جاروبارە شاهێدی بەرزبوونەوەی دەنگی نارەزایەتی دەبین و ئەویش نەک ئەوەی بە شێوەیەکی ڕیشەیی دژی ئەو ناعەدالەتی و ساختەکارییانە بن، بەڵکو تەنیا بە باوەڕی خۆیان دەکرا بە شێوەیەکی تر خزمەتی زیاتر بەو دەسەڵات و نیزامە بکرێ‌ و هەموو خودییەکانی ناوبازنەی دەسەڵات لە سەر بنەرەتی مانەوە و حوکمی ئاخوندان ڕێکەوتنیان هەیە و ئەگەریش کەسێک جاروبار لەناو بازنەدا دەنگێکی جیاواز بەرز دەکاتەوە بە دڵنیاییەوە بە دووی بەشی زیاتر لەو تاڵان و برۆیەیە کە بەرێوە دەچێ.
هەڵبژاردنی خولی سێزدەهەمی سەرۆک کۆماری لە هەل و مەرجێکی ناسک و چارەنووس سازدا بەرێوە دەچێ و هەر بۆیە حامنەیی لە موهەندیسی کردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە بە وردەکاری و تێچوویەکی زیاترەوە دەستی پێکردووە. هەر لە پرۆسەی ڕەدی سەلاحیەتەکانی شۆرای نیگابان بە لابردنی 3 سیمای دیاری ڕژیم مەقۆ مەقۆکانی لە بازنە دا گەشاندەوە و کار گەیشتە ئەوەی ڕۆحانی ڕاستەوخۆ لە کۆبوونەوەی دەوڵەت باسی لەوە کرد کە بە نامەیێک داوای لە خامنەیی کردووە سەبارەت بە لابردنی هێندێک کەس پێداچوونەوە بکات و رێگری بکات لەو سرینەوە واتادارانە.
ڕژیمی ئاخوندی ساڵیانی ساڵە سیناریۆیەکی دارشتووە و کاری پێدەکات و ئەویش سیناریۆی بوونی ڕیفۆڕمخواز و ئوسوڵگەرایە، و ئەگەر سەرەنجمان دابێتە ڕەوتی بەرێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، شاهێدی ئەوە بووینە کە بە شێوەیەکی باڵانسکراو مەجال بەو ڕەوتانە دراوە بێنە سەر سوکانی دەوڵەتداری و وەک دابەشکارییەک بە نۆرە دەوڵەتیان خراوەتە سەر شان و ئەوەش تەنیا یارییەکە کە خودی دەسەڵات بۆ بەردەوامی ڕەوتی گەمژاندنی هێندێک خەڵک و بلاوکردنەوەی ئەو درۆیەی کە جیاوازیی فکر و ڕەوت لە نیزامی ئاخوندی بوونی هەیە، بۆ گەرم داهێنانی تەنووری هەڵبژاردن بە کاری دێنێ‌. بەڵام جیاوازیی ئەمجارە لەوە دایە کە بە پێکهاتەی بەربژێرەکان عەلی خامنەیی دەیهەوێ‌ پەیامێک بدات بە هەموو ڕەوت و کەسەکانی ناو بازنەی دەسەڵات.
عەلی خامنەیی لە بێگوێی و دەنگە جیاوازەکان هەتا دێ‌ بێزار تر دەبێ و لەکۆتاییەکانی دەورانی دەوڵەتی روحانی لە هێندێک لێدوان زۆر بە ئاشکرا ئەو بێزارییەی خۆی وێنا کرد و چەندین ڕاستیش پەردەیان لەسەر لادرا و ئەو بابەتانەی ساڵیانی ساڵە لە لایەن ئۆپۆزسیونی دەسەڵات ئاماژەی پێ ئەدرێ،‌ ئیتر لە دەمی باڵاترین دەسەڵاتی ئاخوندی پشت ڕاست کرایەوە.
ئاشکرا بوونی فایلە دەنگیەکەی جەوادی زەریف وەزیری دەرەوەی کابینەی روحانی لە سەر دەور و نەخشی مەیدان (سپای پاسداران) و هێرش بۆ سەر کەسایەتی قاسم سلێمانی وەک دیارترین کەسی سەربازی و گوێ لەمستی خامنەیی، وای لە وەلی فەقیه کرد بێ پەردە بێتە سەر شاشە و باس لەوە بکات کە سیاسەتی دەرەوە و دارشتنی بەرنامە بۆی کاری وەزارەتی دیپلۆماسی نییە و ئەوە لە ژێر رێنوێنی و گەلالەدارێژی خۆی بەرێوە دەچێ و هێرش کردنە سەر ئەو سیاسەتەی بە هێڵی سوور زانی.
ئەو شەرە دندوکانەی لەناو بازنەی خودییەکان، خامنەیی بێزار کردووە و بە هێنانی ئاخوند رەئیسی سەرەرای هەموو زیانەکانی بوونی ئەو کەسە لە ئاستی دەرەوە و ناوخۆی ئێران، دەیهەوێ‌ ئەو پەیامە بدات بە سەرجەم خودییەکان کە نابێ پێ زیاتر لە بەڕەی خۆیان راکێشن و کەسایەتی گوێ لەمست بوون و گوێڕایەل بوون گرینگترینی تایبەتمەندییە لەلای خامنەیی بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆماری. خامنەیی بۆ ئەم قۆناغەی دەسەڵاتداریەتیەکەی کە دەوران دەوری بە قەیرانی جۆراوجۆر تەندراوە، پێویستی بە کەسێکی گوێڕایەل و هاوساز لەگەڵ بەرنامەکانی خۆیەتی و بچووکترین نارەزایەتی و دەنگی نەیار قبوڵ ناکات و باشترین کارێکتێر بۆ ئەو مەبەستە کەسێک نییە جگە لە ئاخوند رئیسی، بۆیە شیمانەی ئەوە دەکرێ‌ بۆ ئەم خولەی هەڵبژاردنەکان، ئاخوند ڕەئیسی ببێتە سەرۆک کۆماری هەڵبژێردراوی وەلی فەقیهی ئاخوندی.
تاکتیکی تر بۆ گەرم داهێنانی پرۆسەی هەڵبژاردن یەک خستنی چەندین هەڵبژاردن و بەرێوەبردنیان بەسەر یەکەوەیە و هاوکات لە ئاستی کوردستانیش هێندێک دەنگ دەبیسترێ‌ لە چوارچێوەی ئەوەی کە سترۆکتۆری هێندێک شاری دوو نەتەوەیی دەخوازێ کورد بەشداری لە شۆراکان بکات. ئەوە بۆچوونێکی سادەی بێ چەندوچوونە و هەروەک باس کرا لە ئاستی گەورە دا سەرۆک کۆمار خاوەنی هیچ هێزیک نییە چ بگات بە کەسانی وەک شۆراکانی شار و دێ‌ کە هەروەک بیندراویشە کراوەتە دەرفەتێک بۆ گیرفان پڕکردنی ئەو کەسانەی دەچنە ناو شۆ‌راکانەوە. بەخەمە بوونی ئەو لایەنە وەک ئەوە وایە مالێک بە خواری بونیاد نرابێ بەڵام مشوری بچووک بوونی پەنجەرەی ئەو ماڵەمان بێ.
هەڵبژاردنەکان لە ناو نیزامی ئاخوندی تەنیا گاڵتەجاریی و بێرێزی بە شعوری بیروڕای گشتیە و تاکە چارەسەریش بایکۆت کردنی ئەو بە ناو هەڵبژاردنانەیە و قۆستنەوەی ئەو دەرفەتە بۆ پێشخستنی خەباتی مەدەنی و نافەرمانیە مەدەنیەکان و بەرزکردنەوەی ئاستی ناڕەزایەتی و یەکریزی گەلانی ئێرانە کە وەک تاکە میکانیزم بۆ ڕووخانی ئەو دەسەڵاتە و هێنانە سەرکاری نیزامێکی خەڵکی و دیموکراتیک دێتە ئەژمار.


3 ساڵ و 5 مانگ و 5 ڕۆژ و 8 کاتژمێر و 34 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

پەیامەکانی خامنەیی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە

پەیامەکانی خامنەیی لە هەڵبژاردنەکانی ئەمجارە



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن