کامیل نورانی فەرد
کامیل نورانی فەرد
(ئەو باسە لە سیمیناری مامۆستا سەیید جەلال رەمزی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی لە کوردستان پێش کەش کراوە)
ژیانی سیاسی و هەڵوێست و بیرو هزرە سیاسیەکانی جەنابی مامۆستا سەیید جەلال حسینی، یەک لە لایەنە هەرە گرینگەکانی میژووی تێکۆشان و خەباتی بەرێزیانە. ڕەنگ بێ ژیانی سیاسی و بیرو هزرە سیاسەکانی جەنابی مامۆستا، ئەو جۆرەی کە پێویستە ئاوڕی لێنەدرابێتەوە و لایەنە جۆراوجۆرەکانی نەخرابێتە بەرچاوی گشتی.
بە حەقیقەت بەرجەستەترین لایەنی کەسایەتی کاریزماتیکی جەنابی مامۆستا سەید جەلال حسینی، ژیانە سیاسی و ڕەفتار و بیروهزە سیاسیەکانی مامۆستای نەمرە و ئەوەی کەسایەتی بەرێزیان لە باقی سەرکردەکانی تر جیا دەکاتەوە ئاویتە بوونی کۆمەلێک تایبەتمەندی جیاوازە کە بە یارمەتی ئەو تایبەتمەندیانە زیاتر لە 5 دەیە خزمەتی نەتەوە و نیشتمانی پێکردووە. ئەوەی مەبەستمە دروستکردنی وێنەیەک یا تەسویرێکی واقعی لە کەسایەتی مامۆستا وەک ڕێبەر و لیدەرێکی سیاسی سەرکەوتوویە. ڕێبەرێک کە دەتواندرێ لە فەراغی نەبوونی بە جەستەشی بکرێتە چۆلەچراێک بۆ خەبات و تێکۆشانی نەتەوەکەمان و لەرێگەی ئەو مەکتەب و قوتابخانەیەی لەدوای خۆی بۆ نەوەکانی داهاتووی کوردستان بە جێی هێشتووە خەبات بۆ نەهێشتنی زوڵم و زۆر ببریتە پێش..
مامۆستا تەنیا سەرکردەیەک نەبووە بەڵکو رێبەرێکی کارامە لە ئاستی نەتەوەیی لە کوردستانی ئێران بووە و هەموو ئەو تایبەتمەندییە دیارانەی کە ڕێبەرێک لە سەرکردەێک جیادەکاتەوە بە پراکیتک لە کەسایەتی و ژیانی سیاسی مامۆستا بوونی هەبووە، بە واتاییکی تر مامۆستا شێخ جەلال رێبەرێکی نەتەوەیی لە ئاستی کوردستانی ئێران بوو کە تا دوا ساتەکانی ژیانی خزمەتی نەتەوە و نیشتمانی کرد.
بۆ چی دەڵێم ڕێبەر و ئامانجم لە جیاکردنەوەی لەگەڵ سەرکردە چییە. ڕێبەر بەو مانایەی خوڵقێنەر و ئافرێنەر و بەرنامە دارێژەر بووە و داینەمۆی گۆرانکاریەکی قوڵ و بنەرەتی بووە و خەبات و شۆڕ٠شێکی نوێی رێکخست و ڕێبەری کرد لەو کات و ساتەی سەختترین کات و سات بۆ کوردی بێ مافی کوردستانی ئێران بوو و بە پێشەنگایەتی و مایە لەخودانان توانی تێکۆشان و خەبات ی کۆمەڵانی خەڵک هیدایەت بکات و بۆ مەقتەعێک بە ئامانجی بگەینێ و لە سەرلێشێواوی و دروست بوونی هەرج و مەرج، کۆمەلگا و کۆمەڵانی خەڵک بپارێزێ و نەخشە ڕێگا بۆ بردنە پێشەوەی خەبات و تێکۆشان داڕێژێ.
بۆ زیاتر ڕۆچوونە ناو ئەو باسە و پیشاندانی کەسایەتی ڕێبەری مامۆستا، پێم باشە ئاوڕێک لە مێژووی کۆن و لەسەردەمی کۆمەلەی ژێکاف بدەینەوە کە تێیدا جەنابی مامۆستا بە کردەوە واتە بە عەمەلی واریدی دونیای سیاسەت دەبێ و فکری نەتەوەیی و پاشخانی هزری سیاسی بۆ دروست دەبێ. مامۆستا لە کۆمەڵەی ژیانەوەی کورد بە خواردنی سوێندی ئەندامەتی یەکەمین هەڵسووڕان و چالاکیە سیاسیەکانی دەست پێدەکات و لەدوای نەمانی کۆمەڵە و دامەزراندنی کۆماری کوردستان، جەنابی مامۆستا لەرێگەی نووسینی شێعر و پەخشان لەسەر کار و هەڵسووڕانی سیاسی بەردەوام بوو. لەدوایش دا کەزانستی ئایینی بەتەواوی شارەزا دەبێ و ئیجازەی مەلایەتی وەردەگرێ، لەسەر گەشەدان بە هەستە نەتەوایەتیەکانی بەردەوام دەبێ و حوجرە و شوێنی وانە وتنەوەکانی تەنیا وانەی ئایینی تێدا ناوترێ، بەلکو کەسانێکی تەیار بە زانستی ئایینی و هاوکات نەتەوەیی بەرهەم دەهێندرێ و بوونی چەندین سەرکردەی دیاری ناو جوڵانەوە دەرخەری ئەو راستیەن. مامۆستا دەوری باڵای هەبووە لە پێگەیاندنی کەسانی شۆڕ٠شگێڕ و کوردپەروەر کە دواتر لە نێو حیزبەکان و چالاکی سیاسی دا خۆیان بینیوەتەوە و لە ساڵی 46 و 47 بە یارمەتی دانی شۆرشگێرانی ئەو جوڵانەوەیە ئەوەندەی تر ناو و پێگەی شۆڕشگێری لەناو کۆمەڵانی خەڵک بۆ خوی دروست دەکات.
هەر ئەوەش بوو لەبەرەبەری شۆڕشی گەلانی ئێران یەکسەر کەسایەتی مامۆستا شیخ جەلال بەرجەستە دەبێ و دەوری پێشەنگایەتی و رێبەری جوڵانەوە دژی رژیمی پاشایەتی پێ ئەدرێ و لە لێبڕاویی و سداقەت و بوێری و کاریزمابوونی خوی زۆر بە جوانی ئەتوانێ ئەو قۆناغە بە ئەنجام بگەێنێ و خەڵک ڕێبەرایەتی بکات و لەدژی رژیمی پەهلەوی هانیان بدات و نارەزایەتیەکان گەشە پێ بدات.
لەم سەردەمەدا بوێری و ئازایەتی جەنابی مامۆستا لە وتارە حەماسیەکانی ناوبانگی هەبووە و هێرشی توندی کردۆتە سەر شا لە کاتێک کە شا هێشتا لە سەر کار بووە. دوای ئەو قۆناغەش بۆ ماوەی دوو ساڵ لە دەفتەری مامۆستا شیخ عیزەدین هەڵسووڕانی بوو هەتا ئەو قۆناغەی بە هۆی بۆشاییە سیاسی و فکرییەکانی ناو جوڵانەوەی ڕزگاریخوازیی بیر لە دامەزراندنی سازمانی خەبات دەکاتەوە و خەبات و تێکۆشانی خۆی لە چوارچێوەی ئەو تەشکیلاتە نەتەوەیی و نیشتمانیە درێژە پێ دەدا.
هەر چەند هەڵوێستە سیاسی و کردەوە و پراکتیکە سیاسیەکانی جەنابی مامۆستا لە ماوەی خەبات و تێکۆشانی گەلێک زۆر و دیارن بەڵام چەند نمونەیەک لە دیارترینی هەڵوێستە سیاسیەکانی باس دەکەم کە تێیدا ئاستی سیاسی بوونی مامۆستا دەردەخات .
یەکێک لەو سیاسەتە کاریگەرانەی جەنابی مامۆستا کە دواتر دەرئەنجامە باشەکانی دەرکەوت لەم قۆناغەدا بەرێوە چوو. لەدوای ئەوەی کە رژیمی پاشایەتی کۆتایی پێ ئەهێندرێ و شارەکان ئەکەوێتە دەست خەڵک، جەنابی مامۆستا یەکسەر بیر لەدامەزراندنی یەکە ئیدارە لۆکاڵیەکان ئەکاتەوە و کاروباری حکوومەتداری و پاراستن و نیزامی سەربازیی دەکەوێتە ناو بەرنامەی جەنابی مامۆستا.
هەر بۆیە جەنابی مامۆستا بەبێ ئەوەی دەسکاری پادگانی بانە بکات داوا لە دەوڵەتی بازرگان لەڕێگەی پارێزگاری سنە دەکات بۆ پاراستنی شار و ناوچەکە، چەک و چۆڵیان پێ بدرێ، یەکەمجار ڕازی نەبوون هاوکاریی مامۆستا شیخ جەلال بکەن بەڵام لەدوای ئەوەی کە جەنابی مامۆستا فەرمویەتی ئەگەر یارمەتیمان نەدەن دەست دەگرین بەسەر چەکی پادگانی بانە و بە چەک و چۆلی پادگان، پادگانی شاری سەقزیش ئەگرین یەکسەر دەوڵەت ڕازی ئەبێ و بڕی 400 برنەو تەقەمەنی پێویست ئەدرێ بە مامۆستا و یەکسەر ئەو چەک و چۆڵە لەناو خەلکی باوەڕپێکراو لەسەرانسەری ناوچەی بانە دابەش ئەکرێ کە هەموو لیستەکان ماون و بەو شێوەیە هێزێکی چەکداری پۆشتە بۆ هەر جۆرە ڕوبەڕووبوونەوەیەک دروست دەکرێ.
هەر ئەو هێزە ئامادەیە دواجار ڕووبەڕووی هێزی سپای قودسی ژێر فەرمانی بەنی سەدر دەبێتەوە کە بە قەولی خۆیان بەرەو شاری بانە وەڕێکەوتبوون تا غائیلەی کوردستان کۆتایی پێ بێنن و شار لە دەستی جەماوەر و پێشمەرگە بێننە دەر.
لە ئاکامی خۆڕاگری ئەو هێزە قارەمانەی جەنابی مامۆستا ڕێکی خستبوو، زیانێکی یەکجار گەورە لە ڕژیم ئەدرێ و خومەینی ناچار ئەکات لە پەیامێکی دەنگی دا بڵێ (خەڵکی کوردستان من دەنگی ئێوەم بیست) و داوای وتووێژ و دانوستان بکاتەوە. ئەو دەسکەوتە لە ئاکامی سیاسەتی ژیرانەی جەنابی مامۆستا وەدی هات و بە خۆشیەوە هەموو ساڵێک ئەو زنجیرە ڕووداوە لە ژێر ناوی ڕۆژی پێشمەرگە یادی دەکرێتەوە.
هاوکات لەگەڵ ئەو دەسکەوتە پڕ بایەخە شۆراێکی بەڕێوەبەری لە لایەن شەخسی جەنابی مامۆستا بە هەموو بیروباوەڕەکانەوە پێک ئەهێندرێ و بەڕێوەبەرایەتی شار وناوچەکە ئەگرنە ئەستۆ و وەک ئەوەی باسی ئەکرێ لە ماوەی کاری شۆرای بەرێوەبەری حوکمی کردووە هیچ جۆرە تاوانێ ڕووی نەداوە و ئەمنیەت و عەداڵەت و ئاسایشی کۆمەڵانی خەڵک لەو پەری خۆیدابووە. بێگومان تەنیا کەسایەتیەکی وەک جەنابی مامۆستا شیخ جەلال حسینی توانای کۆکردنەوەی ئەو دەنگە جیاوازانە و رێبەرایەتی کردنی هەبووە. جەنابی مامۆستا ئەگەرچی مامۆستاێکی ئایینی بوو بەڵام زیاتر لەوە کەسایەتیەکی نەتەوەیی و نیشتمانی بە ڕۆحێکی بەرزی پلۆڕالیزم و یەکتر قەبووڵکردن بوو و بێگومان ئەگەر واش نەبووایە لەناوچەیێکی بەرفراوانی کوردستان هەموو چین و توێژ و پێکهاتەکان کە بیروباوەڕی جیاوازیان هەبوو ، نەیاندەتوانی قبوڵی ڕێبەرایەتی مامۆستایەکی ئایینی بە تەنیا بکەن و دوای ڕێنوێنی و ڕاسپاردەکانی بکەون.
دوای ئەو قۆناغەش بۆ ماوەی دوو ساڵ لە دەفتەری مامۆستا شیخ عیزەدین هەڵسووڕانی بووە و لەم سەردەمەش کاتێک داریوشی فرۆهەر سەرۆکی شاندی دانووستکاری ڕژیم لەگەڵ گەلی کورد دەیهەوێ سەردانی جەنابی مامۆستا شێخ جەلالی حسنی بکات بە ئامانجی درۆ خستنە ناو ڕیزەکانی گەلی کورد. مامۆستا بە ووشیارییەکی زۆرەوە پیلانی فرۆهەر درک پێ دەکات و لە جوابی فرۆهەر دەلێ ویست و داوای ئێمە هەمان ویست و داوای هەیئەتی نوێنەرایەتی گەلی کورد بە سەرۆکایەتی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسینیە و بەمجۆرە ئەو پیلانە شوومەی فرۆهەر کە دەیهەویست لەرێگەی ئەو سەردانە چەند دەستەیی و دژایەتی لەنیو هێزە کوردییەکان دروست بکات، پووچەڵ کرایەوە. لەپاشان دا لەهەڵوێستێکی سیاسی تر مامۆستای نەمر لە ئاکامی هەست کردن بە بۆشاییە سیاسی و فکرییەکانی ناو جوڵانەوەی رزگاریخوازیی، بیر لە دامەزراندنی سازمانی خەبات دەکاتەوە و بۆ ئەو ئامانجەش سەردانی زۆرێک لە ڕێبەرانی ئەو سەردەمە وەک مامۆستا شێخ عیزەدین، کاک ئەحمەدی موفتی زادە دەکات و خەبات و تێکۆشانی خۆی لە چوارچێوەی ئەو تەشکیلاتە نەتەوەیی و نیشتمانیە درێژە پێ دەدا. گرینگی ئەو هەڵوێستە وێرای زەرورەتی مێژوویی پڕ کردنەوەی بۆشایی فکری و سیاسی لە کوردستانی ئێران ، پووچەڵکردنەوەی پیلانگێری دەسەڵاتدارانی تازە بە دەسەڵات گەیشتوو لە ئاستی کوردستان بە دوو ڕێگە بوو.
ڕژیمی ئاخوندی دەیهەویست هەم لە ڕێگەی سۆزی ئایینی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بەرەو لای خۆی ڕاکێشێ و هاوکات لە ڕێگەی بە کافر ناساندنی جەریانە سیاسیەکان رێگە بۆ جینایەت و فەتوای جیهادە شوومەکەی خۆش بکات. دامەزراندنی تەشکیلاتی سازمانی خەبات بڕینەوەی دەستی ڕژیمی ئاخوندی لە هەر دوو چوارچێوە لە ئاستی کوردستان بوو و موعادیلات و موحاسباتی ئاخوندانی بەو هەڵوێستە لە کوردستان بە تەواوی شێواند و دەستی پیلانگێڕانەی دژمنی لە کوردستان بڕیەوە.
پێم باشە لێرەدا ئاوڕێکیش بدەمەوە سەر هزرە سیاسیەکانی جەنابی مامۆستا و لایەنە فکرییەکانی لە هەناوی وتە و کردارەکانی مامۆستا بخەمە ڕوو.
مامۆستا ڕێبەرێکی دیموکراتیک بوو و خاوەنی بیری قبوڵکردنی یەکتر و فرەیی و جیاوازیی فکری بوو و هەرگیز پێی وانەبوو کوردستان تەنیا ئەبێ بە یەک فکر و بۆچوون و ئایدۆلۆژی بەڕێوە ببرێ. هەروەک لە وتەکانی دا لە کۆنگرەی چواری سازمانی خەبات زۆر بە جوانی و وازحی ئاماژە بەوە ئەدا کە کوردستان موڵکی هەموومانە و هەموومان تێی دا هاوبەشین و بە دروستی نیزامی ئیدئالی داهاتووی کوردستان لە چوارچێوەی نیزامێکی پارلمانی وێنا ئەکات کە سەرجەم فکر و بۆچوونەکانی تێدا کۆبکرێتەوە و بە پێی پێگەی جەماوەریان دەنگیان هەبێ.
مامۆستا نەک تەنیا ڕێبەرێکی نەتەوەیی دیموکراتیک بووە، بەڵکو ڕێبەرێکی نیشتمانیش بوو و هەر لەو کۆنگرە دا باس لەوە ئەکات کە پێویستە سەرجەم دانیشتووانی کوردستان بە هەموو ئایین و نەتەوەکانەوە بەشداریان پێ بکرێ و لە چارەنووس و خەباتی ئەو نیشتمانە هاوبەشیان پێ بکرێ و کوردستانی بە ئی سەرجەم دانیشتووانی قەلەمڕەوی کوردستان ئەزانی.
مامۆستا هاوکات کەسێکی واقعبین بووە و سیاسەتی لەسەر ئەرزی واقعی دەکرد و دەیفەرموو دەبێ بە قەدەر دەسەڵات و بۆکرانی خۆمان سیاسەتمان دارێژین و داواکارییەکانمان ڕێک بخەین و دروشمی زریقە و بریقەدار و عامەپەسەند و ناواقعی لەکاری سیاسی دا پێ دروست نەبوو. دەتوانم بڵێم ستراتیژی و سیاسەتی کەلان و هەڵوێستەکانی سازمانی خەبات هەر لەسەر ئەو ئەساس و خوێندنەوەیە بونیاد نراوە.
مامۆستا خوێندنەوەیەکی نوێی بۆ کاری سیاسی دروست کرد و ئەیفەرموو ئەگەر سیاسەت کردن مانای درۆ بێ بۆ یەک چرکەش ئامادە نابم بیکەم. بۆیە لەیەکەم چرکە ساتەکانی دەسپێکی کاری سیاسی سیاسەتی سادقانەی کردە دەسمایەی هەڵوێست و خەبات و تێکۆشانی و لەو پێناوەشدا قوربانی زۆر گەورەی دا. لە چوارچێوەی پێناسەی ڕێبەر بووندا تیئۆر و پراکیتک قسە و عەمەلی جەنابی مامۆستا یەک شت بوو و بە قوربانیەکی لەڕادەبەدەر ڕاستی هاوسان بوونی قسە و عەمەلی لەماوەی خەبات و تیکۆشان دا سەلماند. لەکاتێک کە لەکوردستان خاوەنی پێگە و سەروەت و سامانێکی فراوان بوو، بەڵام لە پێناو بیروباوەر و ئەوینی نیشتمان ڕێگەی خەبات و تێکۆشانی گرتە پێش و پشتی لەهەموو ئیمتیازەکانی ژیانی کرد و تەنانەت لە چوارچێوەی ڕۆڵە بەخشینیش ژیانی مامۆستا پڕ لە وانەی بەرزی ئەخلاقی و سەربەرزی و سەرفرازی بوو و لەو پیناوەدا کوڕە گەورەکەی شەهید بوو و هەروەها کوڕێکی تری کە ڕێزدار کاک بابەشێخە سکرتیری ئیستای سازمانی خەبات، لە ڕیزی شەهیدانی زیندووی کوردستانە.
لە کۆتاییدا پێویستە بلێم، تایبەتمەندییە کەسێتیەکانی تاکەکان زۆر پربایەخترن و لە پێشترن لە بەرنامە و مەنهەج و مەکتەبەکان. هەموو مەکتەب و بیرە جۆراوجۆرەکان هەر لە ئیسلام و کۆمۆنیسم و دیموکراسی و لیبرالیسم و باقی بۆچوونەکانی تر مرۆڤی ئێستایان دروست کردووە و مێژووی شارستانیەت و تەمەدونی مرۆڤایەتیان پێک هێناوە و جێگەی ڕێزن. بەڵام لەزۆر قۆناغ هەمان مەکتەب لێکەوتە و دەرئەنجامی جیاوازیی بە دووی خۆیدا هێناوە بۆ نمونە ئیسلام لە هێندێک شوێن بە نیسبەت وەڵامی ئەرێنی داوەتەوە و لەهێندێک شوێن داعش و ڕژیمی ئاخوندی بەدووی خۆیدا هێناوە یان بە هەمان شێوە لە مەکتەبی کۆمۆنیزم و سوسیالیسمیش هەم شاهێدی جینایەتەکانی ستالین بووینە و هەمیش کاریگەری ئەرێنی لە هێندێک کات و شوێنی تاریخ. ئەوەی من مەبەستمە ئەو ڕاستیەیە کە زیاتر لە بەرنامە، ئەوە کەسەکان یان بەرێوەبەران و ڕێبەرانی ئەو مەکتابانە گرینگن و لەوانەیە بەرنامەێک زۆر بێ کەم و کوڕی بوونی هەبێ بەڵام لە لایەن کەسانی نەشیاو بەڕێوە بچێ، بێگومان دەرئەنجامی باش وەدەست ناهێنێ.
جەنابی مامۆستا کەسایەتیەک بوو کە خاوەنی ڕەوشت و ئەخلاقیاتێکی بەرزی کەسێتی بوو و ئامادە نەبوو لە پێناو هیچ بەرژوەندییەک لە ڕێڕەوی ڕاستی خۆی لابدا و ئەو بایەخ و مۆڕاڵانەی باوەڕی پێی هەبوو و بە عەمەلیش سەلماندی کە لەناخی دایە هەتا دوا ساتەکانی ژیانی پاراستی.
بەو هیوای مرۆڤایەتی پڕ بێ لە مرۆڤی مەزنی وەک جەنابی مامۆستا شێخ جەلال بۆ ئەوەی کۆمەڵگاکان ڕووی ئاسایش و بەختەوەری بە خۆیەوە ببینێ.