خەبات مێدیا: ڕاپەڕینی خەڵک لە خوزستان، دوازدەهەمین ڕۆژی تێپەڕاندووە، هەروەها لە شارەکانی تاران، کەرەج، کرماشان
خەبات مێدیا: ڕاپەڕینی خەڵک لە خوزستان، دوازدەهەمین ڕۆژی تێپەڕاندووە، هەروەها لە شارەکانی تاران، کەرەج، کرماشان، ئیسفەهان و تەورێز و چەندین شاری دیکە خەڵک بە دروشم لە دژی ڕژیمی دیکتاتۆری ئێران هاتوونەتە سەر شەقامەکان. شایانی باسە دروشمەکان هەموو داوای ڕوخانی دەسەڵاتی ئاخوندی دەکەن، وەک: (خامنەای حیا کن مملکتو رها کن) و (مرگ بر دیکتاتور) و (توپ تانک فشفشە آخوند باید گم بشە).... هاوکات مێدیاکانی سەر بە ڕژیم باس لە گرتنی 36 کەس لە پارێزگای فارس و 20 کەس لە شاری کرماشان دەکەن. بەپێی وتەکانی سەیید کازم مووسەوی بەڕێوەبەری دادوەری ڕژیم لە پارێزگای فارس، ئەم ڕایەڵکە 11کەس لە شاری شیراز و 25 کەسیان لە شارەکانی دیکەن، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی فیلم و ڤیدیۆ لە تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان و پەرەپێدان بە ترس لەنێو کۆمەڵانی خەڵک گیراون. وەک دیارە دەسەڵاتدارانی ڕژیم لە ناوچە جیاوازەکانی ئێران هاوکات لەگەڵ ڕاپەڕینی خەڵک، دەستیان داوەتە سەرکوتی لەڕادەبەدری خەڵک و گرتن و لەبەندکردنی بەکۆمەڵی جەماوەری ئێران. چالاکانی ئێرانی دەڵێن: هێزە ئەمنییەکانی ڕژیم بۆ بەلاڕێدابردنی ڕاپەڕینەکان، ئەم چەشنە هەواڵانە بڵاو دەکەنەوە و سەرەڕای هەموو هەوڵەکانی ڕژیم، ئاگری ڕاپەڕین تادێت بەتینتر دەبێت.