بەختیار عەزیزی
بەختیار عەزیزی
بەرە بەرە بەرەوپیری پێنجی خەرمانان 41مین ساڵرۆژی دامەزرانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێرانەوە دەچین. 41 ساڵ خەبات لەبەرامبەر رژیمێکی دیکتاتۆر و چەوسێنەر و تیرۆریستپەروەر، هەڵگری سەدان داستان و بڕینی دەیان رێگەی هەوراز و نشێوە، هەر بۆیە پێویست و بەجێیە تاک بە تاکی کۆمەڵگەی کوردستان بە وردی بەدواداچوونی بۆ بکەن و مێژووکەی بیخوێننەوە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران کە لە 5ی خەرمانان (شهریور)ی 1359 لەلایەن مامۆستا شێخ جەلالی حوسەینیەوە دامەزرا، بووە قوتابخانەیەک بۆ بارهێنانی رۆڵەی تێکۆشەر و فیداکاری نەتەوەو نیشتمان. ئەو قوتابیانەی لە مامۆستا و رێبەرەکەیانەوە فێری وانەکانی نیشتمان خۆشەویستی، کوردایەتی پاک و رەفتاری گەل پەسەند کران.
دامەزرانی سازمانی خەبات کارێکی بە رێکەوت و لەناکاو نەبوو، بەڵکوو دێڕ بە دێڕی بەرنامە و هەنگاو بە هەنگاوی تێکۆشەرەکانی هێما و نیشانەی بوونی ئەزموون و تەجروبە و حیکمەتی رێبەر و پێشەنگێکی تێدا دەبیندرا کە ساڵانێک بوو بە ئاواتی ڕزگاری خاک و گەلەکەی لە بەرامبەر حکومەتە داگیرکەرەکان چالاکی هەبوو و دەیان قۆناخ و داستانی زوڵم و چەوسانەوەی نەتەوەکەی و زوڵم و ستەمی داگیرکەرانی نیشتمانەکەی ببووە هۆی بێچم و شکڵ گرتنی بیری ئازادیخوازی، و لەو پێناوەشدا ئامادەبوو لە پێش هەمووانەوە گیان و ماڵ و هەست و نیستی خۆی فیدای خاک و نیشتمانەکەی بکات.
سازمانی خەبات قوتابخانەی ئەو مامۆستا و سەرکردە بوو کە بەوپەڕی سەخاوەتەوە رۆڵەکانی بۆ مەیدانی بەرەوڕووبوونەوەی داگیرکەران وەپێش دەدا، هەر بۆیە لەو سەنگەرەدا هەمووان بەبێ من من و تۆ تۆیی و هەمووان یەک دڵ و یەک بڕوا بۆ جەنگی تاریکپەرەستانی خومەینی و ئازادی نیشتمانەکەیان گیان لەسەر دەست و بێ دوو دڵی دەچوونە مەیدانی نەبەردی و تیایدا دەیان داستانی دژمن شکێنیان تۆمار دەکرد.
5ی خەرمانان، یادکردنەوەی هەموو ئەو ڕۆڵە تێکۆشەر و خەباتکارانەی کوردە کە تەنیا ئامانجیان وەدەرنانی هێزی داگیرکەر و ئازادی نیشتمانەکەیان بوو و بۆ ئەوەش بە خوێنی گەشیان مێژوویەکی زێرینیان بۆ نەتەوەکەیان و بزوتنەوەی رزگاریخوازانەی نووسیەوە.
5ی خەرمانان، یادی ئەو سوارچاکانەی مەیدانی کوردایەتیە کە بە خوێن و ڕەنج و فیداکاری پارێزگاریان لە قوتابخانەکەیان و سەربەرزی و سەروەریەکانی کرد و رێ و رێبازی شەهیدان و سەروەرانی گەلیان بە ئاوەدانی هێشتەوە.
5ی خەرمانان، کۆکەرەوەی رۆڵە بەبیر و باوەرەکانی کوردستانە لە مەتەرێزی پارێزگاری لە کوردستان و نەتەوەی کورد و تا دوا دڵۆپی خوێنیان لەسەر ئەو ئامانجانەیان بەبێ هەدادان دەمێننەوە.
5ی خەرمانان، یادێکە بۆ پێداچوونەوەو هەڵدانەوەی مێژووی پڕ لە سەروەری سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران، مێژوویەک کە لە ئاوی شەو پاکتر و زوڵاڵترە و تا ئێستا هیچ دژمنێک نەیتوانیوە عەیب و هەڵەیەکی سیاسی لێ بگرێ، بەڵکوو دۆست و دژمن شاهیدن کە سازمانی خەبات لە تێکڕای قۆناغەکانی خەباتدا رووسوورانە و سەربەرزانە تێپەریوە و ئێستاش بە هەوڵ و کاری بەردەوام لە پێناو ئامانجە بەرزەکانی گەل و نیشتمان تێدەکۆشێ.