پێنچ شه‌مه‌ 

1 سه‌رماوه‌ز 

2724
xebatmedia

سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران

سەرهەڵدانی تاڵیبان و بەرژەوەندییەکانی هەریەک لە وڵاتانی ئامریکا، چین و ڕژیمی ئێران

سەرهەڵدانی تاڵیبان و بەرژەوەندییەکانی هەریەک لە وڵاتانی ئامریکا، چین و ڕژیمی ئێران

فرمێسک ڕەزایی

 فرمێسک ڕەزایی
وڵاتی ئەفغانستان کانگای ئاڵتوون، زیو، مس و ئاسن و بەردە بەنرخەکانە وهەروەها خاوەن زەوینێکی لەبارە بۆ کشت وکاڵ.
وەزارەتی سەرچاوە سرووشتییەکانی ئەفغانستان بایەخی سەرچاوەکانی ئەم وڵاتەی بە 3تریلیۆن بەراورد کردووە.
ئەفغانستان لە بواری جوگرافیاوە گرنگی تایبەتی هەیە و لەسەر جادەی ئاوریشمە،بۆیە وڵاتانێکی زۆر چاویان تێ بڕیوە و بێگومان پەیوەندی ئەم وڵاتانەش تەنیا دەگەڕێتەوە بۆ بەرژەوەند خوازی و هیچی تر.

تاڵیبان و بەرژەوەندییەکانی ڕژیمی ئێران
ڕژیمی ئێران یەکێک لە سەرەکیترین هۆکارەکانی سەرهەڵدانی دوبارەی تاڵیبان و داگیرکردنی وڵاتی ئەفغانستان لەلایەن ئەم گرووپە تیرۆریستییەیە، ماوەیەکی زۆر لە چاوپێکەتنی نێوان دەسەڵاتدارانی ڕژیم و بەرپرسانی تاڵیبان ناگوزەرێ و لێکەوتەکانی ئەم چاوپێکەوتنانە ئێستە خۆی دەردەخات.
بەهێزبوونەوەی تاڵیبان لەچەندین ڕەهەندەوە لێکدانەوەی بۆ دەکرێ:
یەک، ئەوەی کە ڕژیمی ئێران لەژێر قورسایی گەمارۆکان پشتی چەماوەتەوە و تڕانزیتی مەوادی هۆشبەر بە یارمەتی تاڵیبان لە ئەفغانستان بۆ ئێران و دواتریش بۆ وڵاتانی دیکە، دەستکەوتی ئابووری بۆ ڕژیم هەیە و خوێن دەگاتە شادەمارەکانی و دەتوانێ هەندێک لەو بارە لەسەرشانی ڕژیم کەم بکاتەوە.
دوو، ڕژیمی سەرکوتگەر و دیکتاتۆری ئاخوندی بە بیانووی تاڵیبان، خەڵکی ئازادیخوازی بەلووچستان زیاتر سەرکوت دەکات و دەنگیان کپ دەکات.
سێ، هەروەها چوونە دەرەوەی ئامریکا لەئەفغانستان و ناوچەکە وەکوو دەستکەوتێکی سیاسی بۆ ڕژیمی ئێرانە و دەرفەتێکە بۆ هێزگرتنەوەی سپای ترۆریستی قودس.

تاڵیبان و ئامریکا
بە هاتنە سەر کاری جۆ بایدن، سیاسەتی ئامریکا لەبەرانبەر ئەفغانستان گۆڕدرا، دەوڵەتی ئامریکا بڕیاری کشانەوەی هێزەکانی دا. ئاڵوگۆڕی سیاسەتی ئامریکا لەبەرانبەر ئەفغانستان و تاڵیبان دەگەڕێتە بۆ ئاڵوگۆڕی هێز و دەسەڵات لە نێوان دوو لایەنی کۆماریخوازان و دیمۆکڕاتەکان.
لەهەموو قۆناغەکاندا کۆماریخوازان ڕەوتێکی توندتریان پەیڕەو کردووە و خوازیاری سەرکوت و لاوازکردنی تاڵیبان بوون، بەڵام بە پێچەوانەوە دیموکراتەکان بەدوای وتووێژ و ڕێککەوتن و هێنانەوەیان بۆ بازنەی دەسەڵاتن.
شۆرای باڵای ئاشتی بە مەبەستی وتووێژ لەگەڵ تاقمی تیرۆریستی تاڵیبان لە کاتی دەسەڵاتداری دیمۆکراتەکاندا دامەزرا، پاساوی پێکهێنانی ئەم شۆرایە گەیشتن بە ئاشتی بوو بەڵام توندوتیژی و کردەوەی تیرۆریستانە و دژە مرۆڤانەی ئەم گرووپە تا دێت پەرە دەستێنێ. هەر لەم پەیوەندیەدا دەفتەری تاڵیبان لە قەتەر بە پشتیوانی ئامریکا کرایەوە، بەڵام تاڵیبان ڕایگەیاند کە بە کرانەوەی ئەم دەفتەرە هەم وتووێژ دەکات و هەم هێرشی نیزامی دەکات، ئەمەش دەرخەری ئەوەیە کە وتووێژ تەنیا ئامرازێکە بۆ دەسپێڕاگەیشتنی تاڵیبان بە سەرچاوەی ئابووری و هیچ بڕوایەکی بەوتووێژ نییە.
بە چاوخشاندنێک بە کردەوەکانی ئامریکادا دەردەکەوێ کە گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ ئەفغانستان و گرتنە دەستی دەسەڵات، خواستی ئامریکایه.

تاڵیبان و چین
چین یەکێک لەو وڵاتانەیە کە پاش شەڕی سارد هەموو کاتێک وەکوو ڕاوچیەک چاوی لە وڵاتانی دیکە بووە و شەڕی ئابووری دەکات، لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە کە ئایا سەقامگیری ئەفغانستان بە قازانجی چین بوو؟ کە یەکێکە لەو وڵاتانەی لەگەڵ ئامریکا ڕکابەری دەکات و ئامریکا لە بەهێزبوونی هەست بە مەترسی دەکات.
چین پیشەی جادەسازی، بیناسازی و بە گشتی شارسازی لە ئەفغانستانی لە ئەستۆ گرتبوو و قازانجی زۆری دەکرد، سەرەڕای ئەوەش لە ڕێگای ئەفغانستانەوە چین دەیتوانی دەستی بگاتە بازاڕی ئازادی ئاسیای ناوەڕاست، چین بەردەوام بە دوای گرێبەستی دەرکردنی سەرچاوە سرووشتییەکان بووە و لە کۆتاییشدا توانی گرێبەستی دەرکردنی سەرچاوەی حاجی گەگ" کە یەکێک لە گەورەترین سەرچاوەکانی ئەفغانستانە، واژۆ بکات.
چین لە وڵاتی پاکستان سەرمایە گوزاری زۆری کردووە و دەیهەویست لە ڕێگای ئەفغانستانەوە پێگەی خۆی لەم ناوچەیە جێگیرتر بکات، بەڵام بە هۆی کشانەوەی هێزەکانی ئامریکا و سەرهەڵدانی دوبارە و هێزگرتنی تاڵیبان، ئامریکا خەونەکانی وڵاتی چینی ڕکابەڕی کۆنی خۆی لەناو برد.
ئەوەی دەکرێ لەکۆتایی سەرنجی بخەینە سەر ئەوەیە کە بەداخەوە هەمیشە قازانجی گەلانی ناوچەکە لەنێو بەرداشی وڵاتە زلهێزەکان و سات و سەوداکانیان هاڕدراوە، و ئەمجارەش بە بێ گوێدانە قازانج و ویستی گەلی ئەفغان، رێگەکانی هاتنە سەر کاری تالیبان خۆش کرا و خەڵک کرانە قوربانی.
بەرپرسانی گەندەڵ و هیچ لەدەست نەهاتووی ئەفغانستان زیاتر رێگەیان خۆش کرد بۆ ئەو رەوشە و خەڵکی خۆیان بەجێ هێشت، ئێستا تەنیا کوڕی ئەحمەد شا مەسعود، بانگەوازی بۆ مقاومەت و ڕووبەڕووبونەوەی تالیبان بەرز کردۆتەوە و ئەبێ چاوەڕێبین بزانین لەڕۆژانی داهاتوودا ئایا شەڕ و بشێوی نێوخۆیی لەوڵاتی ئەفغانستان زیاتر پەرە ئەستێنێ یان بەرەو جێگربوونی هێز بە ڕابەرایەتی تالیبان ئەچێ؟.
ئەوەندەی دیار و ڕوونە، بەجێگربوونی هێزی تالیبان دەستی ڕژیمی ئێران زیاتر ئاواڵا ئەبێت بۆ دەستێوەردان و ئاژاوەکانی لە ئاستی ناوچەکەو سیاسەتی ترۆر و پشتیوانی لە ترۆریزمی نێودەوڵەتی ئاخوندان قەلەمبازێکی گەورەتر ئەنێت.


3 ساڵ و 3 مانگ و 2 ڕۆژ و 6 کاتژمێر و 24 خوله‌ک له‌مه‌وپێش‌

سەرهەڵدانی تاڵیبان و بەرژەوەندییەکانی هەریەک لە وڵاتانی ئامریکا، چین و ڕژیمی ئێران

سەرهەڵدانی تاڵیبان و بەرژەوەندییەکانی هەریەک لە وڵاتانی ئامریکا، چین و ڕژیمی ئێران



په‌ڕه‌ تایبه‌تیه‌کانی ماڵپه‌ڕ

ده‌رباره‌ی خه‌باتمێدیا


خه‌باتمیدیا ڕۆژنامه‌ و میدیایه‌کی ئه‌له‌کترۆنیه‌.  ناوه‌ندی ڕاگه‌یاندنی سازمانی خه‌باتی کوردستانی ئێران سەرپەرستی دەکا. خەباتمیدیا بۆ خزمەت بە گەلی کوردو شۆڕشی ڕەوای مافخوازانەی کورد و ئازادیی کوردستان و بەربەرەکانی ڕژیمی دێکتاتۆری ئاخوندی تێدەکۆشێ.  خەباتمیدیا لە لایەن دەستەیەک ڕۆژنامه‌نووسان و میدیاکارانه‌وه‌، هه‌واڵ‌و زانیاریی  و ڕوداوه‌کان له‌سه‌ر کوردستان، ئێران و ناوچه‌که‌ به‌ خوێنەران و بینەرانی دەگەێنێ.

په‌یوه‌ندی گرتن