هاونیشتمانیانی بەڕێز !
هاونیشتمانیانی بەڕێز !
پێشمەرگە و ئەندامان !
تێکۆشەرانی نێو ڕیزەکانی سازمان!
وێڕای ڕێز و پێزانین بۆ خەباتی نەپساوەتان لەماوەی 41 ساڵ شۆڕش و خۆڕاگری لەبەڕانبەر دڕندەترین دژمنی مرۆڤایەتی ،بە بۆنەی ٥ی خەرمانان 41مین ساڵڕۆژی دامەزراندنی سازمانی خەبات گەرمترین پیرۆزبایتان پێشکەش دەکەین .
دوای سەرکەوتنی شۆرشی گەلانی ئێران و گەیشتنی ڕژێمی ئاخوندی بە دەسەڵات، هەر زوو مەرامە گڵاوەکانی ئەو ڕژێمە بۆ پێشێلکردن و نەدانی مافی نەتەوەی کورد هەستی پێکرا و لەماوەیەکی کورتدا فەرمانی جیهاد وهێرش بۆ سەر خەڵکی کوردستان دەستی پێکرد.
بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسیانە و وەستانەوە دژ بە ڕژێمی ئاخوندی پێش 41 ساڵ و لە 5ی خەرمانانی 1359ی کۆچی خۆری، ژمارەیەک لە کەسایەتی و مامۆستایانی ئاینی خۆشناو و شۆڕشگێڕی کوردستان بە سەرکردایەتی جەنابی مامۆستاشێخ جەلال حسینی، سازمانی خەباتیان دامەزراند.
سازمانی خەبات هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە بە بوونی سەرکردایەتی لێهاتوو و زانا، پێشمەرگە و کادری چاونەترس و لە خۆبوردوو ترسیان خستە دڵی دوژمنەوە. پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات لە نووسینەوەی مێژووی پڕ شانازی سازمانی خەباتدا چەندان داستانیان لە بەرنگاربوونەوەی هێزەکانی ڕژێمی ئاخوندی و دوژمنانی کورد و کوردستان تۆمارکردوە .
سازمانی خەبات لە پاڵ خەباتی چەکداری و چالاکانە و تێکشکاندنی هێزە یەک لە دوا یەکەکانی ڕژێم، بە دامەزراندنی رادێو دەنگی خەبات و بڵاوکراوەی تێکۆشان ڕەوتی خەباتی گواستەوە بۆ قۆناغێکی سەرووتر و بە پەروەردەکردن و سوود وەرگرتن لە کادری خوێندەوار و بەتوانا دەنگی شۆڕش و سازمانی خەباتی بە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان گەیاند.
لاوان و ئافرەتان لە ڕیزەکانی سازمانی خەبات بەردەوام لە خزمەتکردن و بەگوڕترکردنی خەبات، دەوری گرینگ و کاریگەریان هەبووە، لە درێژەی بەرەوپێش چوونی زیاتری سازمانی خەبات و بەبینینی توانا و ئامادەیی ئافرەتان و لاوان بە کردەیی، بۆ بواردان و هەلی زیاتر ڕێکخراوەکانی تایبەت بە ئافرەتان و لاوان دامەزرێندران.
ئێستاش سازمانی خەبات بە بەرنامە و پەیڕەوی سەردەمیانە، پەروەردەکردن و پێگەیاندنی پێشمەرگە و کادری لێهاتوو، گرنگی دان بە بوارەکانی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوە، پتەوکردنی پەیوەندی لەگەڵ کەسایەتیەکان و هاونیشتمانیان لە ناوخۆی وڵات، بەهێزکردنی تەشکیلاتی ناوخۆ و بواردان بە لاوان و ئافرەتان و دامەزراندنی ڕێکخراوەکانی تایبەت بەهەریەک لە خۆیان بەردەوامە لە نوێگەری و پێویستیەکانی سازمانێکی بەهێز و کاریگەری هێناوەتە ئاراوە.
ڕێکخراوەکانی لاوان و ئافرەتان لەبەر ڕۆشنایی سیاسەتەکانی سازمانی خەبات تا سەرکەوتنی خەباتی ڕەوای گەلەکەمان و دەستەبەرکرانی مافە ڕەواکانی هاونیشتمانیان، لاوان و ئافرەتانی کوردستان و ڕووخانی یەکجاری ڕژێمی ئاخوندی بێوچان لە تێکۆشان بەردەوام دەبن.
جارێکیتر پیرۆزبایی ٥ی خەرمانان پێشکەش بە هۆگران و درێژەپێدەرانی ڕێبازی پیرۆزی مامۆستا شێخ جەلال حسینی و سازمانی خەبات دەڵێین.
سەرکەوێت خەباتی ڕەوای گەلەکەمان
بڕوخێت ڕژێمی دیکتاتۆری ئاخوندی
ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
ڕێکخراوی لاوانی خەباتی کوردستانی ئێران
5ی خەرمانانی 1400