سامڕەند
جاریکی دیکە محەممەد پاکپور فەرماندەی زەمینی سپای پاسدارانی ڕژیمی ئێران لە کۆبونەی لە گەڵ خۆفرۆشان و بەکرێگیراون بە ناو کورد لە شاری سنە باسی لە هێرش بۆ سەر هێزەسیاسەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق کرد. هەڕەشەکانی ڕژیمی ئێران لە هەلومەرجێکدایە کە ئەمریکا هێزەکانی لە ئەفغانستان کێشاوەتەوەو هەروەها ئەمریکا ڕێکەوتنی لەگەڵ حکومەتی عێراق کردوە کە هێزە شەڕکەرەکانی لە عێراقیش بکشێنێتەوە، کشانەوەی هێزەسەربازیەکانی ئەمریکا لە ئەفغانستان و بر٠Žیاڕی کشانەوەی هێزەسەربازیەکانی لە عێراق و سارد بوونی پێوەندیەکانی ئەمریکا لەگەڵ عەربستانی سعودی و نرمی نیشاندانی ئەمریکا بۆ حوسیەکانی یەمەن و ئاڵوگۆڕ لە سیاسەتی ئەمریکا لە ناوچەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی، وای کردوە ڕژیمی ئێران سەرە ڕۆییەکانی زیاتر بکات و وەک ژاندارمی ناوچەکە هەر ڕۆژە بە شێوەیەک هەڕەشە لە ووڵاتانی ناوچەکە بکات.
هەڕەشەی ڕژیمی ئێران لە سازمان و حیزبەکانی کوردستانی ئێران بیانوێکە بۆ ئەوەی هەڕەشە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق بکات و بە هەڕەشەو هێرش بۆ سەر سەروەری عێراق و خاکی هەرێمی کوردستان سیاسەتی خۆسەپاندن و خۆفەڕز کردن جێ بە جێ بکات. وەک ئاشکرایە سەرەڕۆییەکانی ڕژیمی ئێران نە تەنیا بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان بەڵکوو پاکستان و ئازەربایجانی گرتۆتەوەو لە ئێستادا ڕژیم بە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لە سنووری ئێران لە گەڵ ئازەربایجان و بە ووتاری توندی فەرماندە سەربازیەکانی ڕژیم و ئەو پڕوپاگەندانەی دەست و پێوەندەکانی دەسەلاتی ئێران کە بە ٤٠ ٠ ٠ موشەک شاری باکۆ پایتەختی ئازەربایجان وێران دەکەن درێژەی هەیە. شەرخوازی و ئاژاوەگێڕی ڕژیمی ئێران لە مێژووی ٤٣ ساڵ دەسەڵاتی ئاخوندەکان دیاردەیەکی ئاشکرایە بەڵام هەڕەشەکانی ئەم دواییەی دەسەڵاتدارانی ئێران لە ئێستادا بە شێوەیەکی بەرچاوتر لە ڕابردوو بەرچاو دەکەوێ. بێگومان لەم هەلومەرجەدا چارەسەری بنەڕەتی، داڕشتنی گەڵاڵەو بەرنامەی دروست و هاوکات چالاکی و کردەوەی سیاسی و روبەڕوبونەوەو بە دیفاع و هێرشی بەرانبەر، دەرکرێ وەڵامی توندی دەسەڵاتی ئاخوندی و هێزەسەرکوتگەرەکانی بدرێتەوە. جیگەی خۆیەتی هێزی پێشمەرگەو ئەندامان و چالاکانی ڕیزەکانی سازمانی خەبات کوردستانی ئێران ئامادەیی تەواویان هەبێ بۆ روبەڕوبونەوەی هێزەسەرکوتگەرەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی و لە قوڵایی ناوخۆی کوردستانی ئێرانداو تا چەندە دەتوانن و بۆیان دەکرێ چالاکی پێشمەرگانە ئەنجام بدەن و بە دەسەڵاتی ئاخوندی و هێزە سەرکوتگەرەکانی بسەلمێنن کە گەلی کورد لە خەبات و تێکۆشان بۆ گەیشتن بە مافەکانی و لە ناوچوونی دەسەڵاتی دیکتاتۆر بەردەوام دەبێ.
شکی تێدا نیە کە ڕژیمی دیکتاتۆری هیچ کات زمانی حەق نابیستێ و بە هەر پاشەکشەو بێ دەنگی کۆمەڵگای جیهانی لە حاست تاوانەکانی، سەرەڕۆتر دەبێ. هەر بۆیە گرینگە بە بڕیاڕو چالاکی و کردەوەی لێبڕاوانە،لە بەرانبەریدا بۆێستینەوە. گەلی کوردو هێزە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران لە هەموو کات زیاتر پێویستیان بە یەک خستنی تواناکانیان و هاوکاری و نزیکی لە گەڵ هێزی سیاسی خەباتکاری سەرانسەری لە ئێران، واتە سازمانی موجاهیدینی خەڵقی ئێران وشۆڕای میللی مقاومەتی ئێران هەیە کە بە ئەنجامدانی ئەو ڕێکارانە دەتواندرێ لە بەرانبەر هەڕەشەو پیلانەکانی دەسەڵاتی ئاخوندی بەربەرەکانی بکەین.