خەباتمێدیا: لە یەک ساڵی ڕابردوو 266 کەس لە ئێران لەسێدارە دراون.
بەبۆنەی 18ی ڕەزبەر ڕۆژی جیهانی بەڕەوبوونەوەی حوکمی ئێعدام، رێکخراوی مافی مرۆڤی هێرانا رایگەیاند کە ڕێژەی لەسێدارە لە ئێران لە 16ی ڕەزبەری ساڵی پێشوو هەتا 16ی ڕەزبەری ئەمساڵ 266کەس بووە، بەو پێیە ئەو سزایە 10 لەسەد زیادی کردووە، کە 3کەس لەسێدارەدراوان لە کاتی ئەنجامدانی تاوانەکەیان تەمەنیان کەمتر لە 18ساڵ بووە.
شایانی باسە ناوەندە نێو دەوڵەتیەکان زۆرجار داوایان لە ڕژیمی ئێران کردووە کە حوکمی لەدار دانی ئەو کەسانەی تەمەنیان کەمترە لە 18ساڵ و تاوانیان ئەنجام داوە ڕابگرێت.
بەوتەی میشێڵ باشڵە، بەرپرسی باڵای مافی مرۆڤی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئێستا لە زیندانەکانی ئێرانی بندەستی ئاخوندان زیاتر لە 80منداڵی تاوانبار بونیان هەیە کە چاوەڕێی جێبەجێ کردنی حوکمی لەسێدارەن، هەروەها 9کەس لەوانەی لەسێدارە دراون ژن بوون.
ناوەندە جۆراوجۆرەکانی مافی مرۆڤ کە بۆ هەڵوەشاندنەوەی جێبەجێ کردنی حوکمی سێدارە چالاکی دەکەن ساڵی پێشوویان بۆ ئەو ژنانە تەرخان کردووە کە لەدار دراون، یان حوکمی لەسێدارەیان بەسەردا سەپاوە.
ناوەندی مافی مرۆڤی ئێران ڕۆژی هەینی لە ڕاپۆرتێک باسی لەوە کردووە کە لە 12ساڵی ڕابردوو نزیک بە 164ژن لە ئێران لەسێدارە دراون.