یادی شەهیدی قارەمان شەهید هەمزە ڕەسوڵی ناسراو بە (شاخەوان)
سیامەند
لە ساڵی 1352 کۆچی خۆری لە بنەماڵەی کاک حوسەین ی جوتێر و ر٠Žەنج کێشی گوندی بناویلەی گەورە لە ناوچەی دەشتی کەڵوێ، سەر بە شارۆچکەی رەبەت، منداڵێکی چاوگەش لە دامێنی دایکێکی دڵسۆز لە دایک بوو. کاک حوسەین ناوی منداڵە جگەر گۆشەکەی نا هەمزە. کاک حوسەین دڵخۆش بوو بەوەی کە خوا کوڕێکی پێداوە تا لە دوای گەورە بوونی،هەم وەک هەمزە پاڵەوانی داستانەکان ئازاو نەبەز بێ و هەروەها کە گەورە بوو یارمەتی دەری بێ بۆ دابین کردنی بژێوی ژیان و هەروەها بتوانی خزمەتی گەل و نیشتمان بکا. ساڵەکان تێ پەڕین و کاک حوسەین ماڵی بردە ناو شاری سەردەشت و هەمزەی خۆێن شیرین و ڕەزا سووکی ناردە بەر خۆێندن. لەو کاتەی هەمزە لە مەدرەسە دەیخۆێند، بە باشی هەستی بە ستەملێکراوی گەلی کوردو جینایەتی بەکرێگیراوانی حکومەت و بە تایبەت بەکرێگیراوانی بە ناو (امور تربیتی)لە مەدرەسەو ناوەندەکانی خۆێندن کرد. ستەمی دەسەلاتدارانی ڕژیمی ئاخوندی و پێشێلکاری مافە سەرتاییەکانی هاونیشتمانیانی کوردستان لە ئاکامدا بووە هۆی ئەوە،کە کاک هەمزە مەدرەسە بە جێ بێڵێ و درێژەی بە خۆێندن نەداو لە دوای تەواو کردنی چەند ساڵی دواناوەندی(ڕاهنمایی)، لە ساڵی 1370 هاتە ڕیزی پێشمەرگەکانی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران و دوای تەواو کردنی دەورەی سەرەتایی پێشمەرگەیی، چەکی شەرەف و کوردایەتی لە شان کرد.
شەهید شاخەوان لە ماوەی دووساڵ پێشمەرگایەتیدا دڵسۆزانە کارەکانی بە جێ دەگەیاندو لە هیچ ئەرکێکی سازمانی خۆی نەدەبوارد، پێشمەرگەێکی قسەخۆش و ڕوو خۆش و دەم بە پێکەنین بوو.
لە مەیدانی نەربەردو جەنگدا سڵی لە بەکرێگراوان و پاسدارە خۆفرۆشەکان نەدەکردەوە لە شەڕو روبەرووبونەی پێشمەرگەکانی هێزی پێشمەرگەی سازمان لە هاوین و پاییزی ساڵەکانی 1371 و 1372 کۆچی خۆری کە جەنگ و روبەڕووبونەوەی حەماسی و بەرچاوی، شەڕی گەنمان، شەڕی نژۆ٠Ž، شەڕی دەشتی کەڵوێ و شەڕی گەورەی هەڵۆ پەڕشە یەکێک لە پێشمەرگە نەبەزو هەرە بەجەرگەکان بوو، وە دەوری سەرەکی لە تێک شکانی ئابڵوقەی پێشمەرگەکان، لە گەنمان و هەڵۆ و پەڕشە هەبوو.
بە داخەوە لە شەڕی پێشمەرگەکانی سازمان لە بەرانبەر بەکرێگیراوانی ڕژیمی ملهوڕی ئاخوندی لە ڕەزبەری ساڵی 1372 کۆچی خۆری کە لە گوندی دارێنەی سەروو لە ناوچەی بانە ڕوویدا، لە گەڵ پێشمەرگەی قارەمانی دیکەی سازمانی خەبات شەهید غەفور تاژاندەرە شەهید بوون و خۆێنیان تێکەڵ بە شەهیدانی کاروانی سەروەری و سەربەرزی گەل و شۆرش٠ی ڕەوای دژ بە ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی بوو.
سڵاو لە رۆحی بەرزی شەهید هەمزە ڕەسوڵی و شەهید غەفور تاژاندەرە و هەموو شەهیدانی سەربەرزی رێگەی کوردایەتی و ئازادیخوزای لە ڕیزەکانی سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
7ی ڕەشەممەی 1398 کۆچی خۆری نووسراوە