خەبات مێدیا: ڕۆژی هەینی 5ی نوامبری 2021 بەرامبەر بە 14ی خەزەڵوەری 1400، لەبارەگای ناوەندی سازمانی خەبات ی کوردستان، ڕۆژی پێشمەرگە بەرز ڕاگیرا.
سەرەتای ڕێوڕەسمەکە بە دەقیقەیەک بێدەنگی بۆ ڕێزگرتن لە ڕۆحی پاکی شەهیدان دەستی پێکرد، و پاشان بەڕێز کاک کامیل نورانی فەرد ئەندامی دەفتەری سیاسی وتاری سەرکردایەتی سازمانی خەباتی کوردستانی پێشکەش کرد.
بەرێز نورانیفەرد، لە وتەکانی دا وێڕای ئاماژەدان بە مێژووی دیاریکردنی 10ی خەزەڵوەر وەک ڕۆژی پێشمەرگە کە تێیدا بەدەست و مەچەکی هێزی پێشمەرگەی بەر فەرماندەیی مامۆستا شێخ جەلالی حسێنی نەمر، زەربەێیکی گەورەی نیزامی و سیاسی لە ڕژیمی ئاخوندی درا، باسی لەوە کرد کە پێویستە لە پێناسە باو و سوننەتیەکانی پێشمەرگە دەربازبوونێک هەبێ و بە ئامانجی پەرەدان بەهەستی بەرپرسیارەتی لەناو کۆمەڵگا هەر تاکێکی کورد کە هەستی بەرپرسیارەتی هەبێ و لە یەکێک لە بەستێنەکانی خەبات لە تێکۆشان دایە، لەناو بازنەی ناوی پیرۆزی پێشمەرگە جێ بگرێ.
بەرێزیان ڕۆژی پێشمەرگەی بە گرێدەری دوو قۆناغی میژووی سازمانی خەبات پێناسە کرد و قۆناغی پێش دامەزراندن و بە سەرکردایەتی جەنابی مامۆستا شێخ عیزەدینی حوسێنی ڕێبەری نەتەوەیی گەلەکەمانی، بە بەشێکی دانەبڕاوی مێژووی پر سەروەی سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران زانی.
بەرێز کاک کامیل نورانی فەرد لە بەشێکی تری قسەکانیدا وێرای ئاماژە دان بە دۆخی ڕژیمی ئێران و هەڕەشە یەک لەدوای یەکەکانی، ڕەوشی ئەو دەسەڵاتەی بە قەیراناویی و ئاسۆی بەردەمی بە شکست و داڕمانی زیاتر وەسف کرد.
بەڕێزیان وتیان ئەو دۆخە هەستی بەرپرسیارەتیەکانی جوڵانەوەی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەیی لەکوردستانی ئێران پەرە پێدەدا و ئەو ڕاستیەمان وەبیر دێنێتەوە کە پێویستە ئامادەکاریی بۆ قۆناغی نوێ و پێکهێنانی یەکێتیەکی گشتگیری هەمەلایەنە بکرێتەوە.
لەپاش قسەکانی کاک کامیل نورانی فەرد، چەندین سرود و شیعری تایبەت بە پێشمەرگە پێشکەش کران و بە بڕگەی ڕێژە ڕۆیشتنی هێزی پێشمەرگە و شایی و هەڵپەڕکێ ، کۆتایی بە ڕێوڕەسمی ڕێزگرتن لە 10ی خەزەڵوەر ڕۆژی پێشمەرگەی سازمانی خەبات، هات.