خەبات مێدیا: هاوسەرگیری کچانی تەمەن 10 بۆ 14 ساڵی لەئێران بەڕێژەیەکی زۆر بەرز بۆتەوە.
ناوەندی ئاماری ئێران لەڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە هاوسەرگیری لەنێو کچانی تەمەن 10 بۆ 14 ساڵی لەماوەی ساڵێکدا لەگەڵ زیادبوونی 32 لەسەد، گەیشتۆتە 9 هەزار و 753 بابەت.
ئەم ژمارەیە، بەرزترین ئاماری وەرزی هاوسەرگیری کچانی تەمەن 10بۆ 14ساڵ، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو لە ئێرانە.
ئامارە فەرمیەکان لە بەهاری ساڵی ڕابردوو، هاوسەرگیری حەوت هەزار و 376 کچی 10بۆ 14 ساڵەیان تۆمار کردووە، لە بەهاری ئەمساڵ دا بە زیادبوونی دوو هەزارو 377 کەس گەیشتووەتە 9 هەزار و 353 کەس.
هەر بەپێی ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕژیم، 45 هەزار و 522 کچی تەمەن 15بۆ 19ساڵیش لە ساڵی 1400 هاوسەرگیریان کردووە، ئەمەش دەرخەری بەرزبوونەوەی ڕێژەی هاوسەرگیری کچانی خوار تەمەنی چواردەساڵیە، لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا.
هاوسەرگیری شەش کوڕی خوار تەمەنی 15ساڵ و شەش هەزار و 573کوڕی 15بۆ 19ساڵەش لە ساڵی 1400، تۆمار کراوە.
بەپێی ڕاگەیاندنی ناوەندی (ثبت و احوال) لەماوەی شەش مانگی سەرەتای ساڵی 1400، بەپێی ڕیزبەندی، شەش پارێزگای سیستان و بەلووچستان، خوزستان، خۆراسانی ڕەزەوی، گوڵستان، کرمان و ئازەربایجانی باکوور، ئەو پارێزگایانەن کە زۆرترین ئاماری منداڵی لەدایکبوو لەو کچانە کە تەمەنیان لەخوار چواردە ساڵە، تێدا تۆمار کراوە.