خەبات مێدیا: ڕۆژی یەکشەممە ڕێکەوتی ۲۸ی سەرماوەزی ۱۴۰۰ کۆچی خۆری، مەلا حەیدەر قوربانی زیندانی سیاسی کورد و خەڵکی شاری کامیاران، و تەمەن ۴· ساڵ, کە بە تۆمەتی بغی لە زیندانی ناوەندی شاری سنە دەست بەسەر کرابوو، بە نهێنی و بێ ئاگادارکردنەوەی خێزانەکەی لەسێدارە درا.
ئەمەش لەحاڵێکدابوو کە پارێزەرەکەی حەیدەر قوربانی دەڵێت کە هیچ بەڵگەیێک بۆ سەلماندنی ئەو تاوانە لەدەست نەبووەو ناوبراو بەبێ سەلماندنی تاوان حوکمی لەسەر جێبەجی کراوە.
هەر بەو بۆنەوە خەڵکی شارەکانی کوردستان بەپێی داواکاری ناوبراو پێش لەسێدارەدانی و هەروەها داواکاری حیزبە کوردیەکان ئۆپۆزیسیۆنەکان، ڕۆژی پێنج شەممە ڕێکەوتی ۲ی بەفرانبار, دەستیان داوەتە مانگرتنی گشتی و سەرەڕای تەواوی ئەو فشارانەی کە هێزە ئەمنیە سەرکوتگەرەکان بە هەڕەشەو تۆقاندن خستویانەتە سەریان، بە شێوەیەکی بەربڵاو مانگرتنیان دەست پێ کردووە. شارەکانی سنە، کرماشان، مەهاباد، شنۆ، بانە، بۆکان و هێندێکی دیکە لە شارەکانی کوردستان بە داخستنی دوکانەکانیان پشتگیری ئەم مانگرتنانەیان کردووەو بە بەردەوامی بەرەو زۆرتر و بەرفراوانتربوون دەڕوات.
خەڵکی بەشەرەفی کوردستان لە زۆربەی شارەکان بە داخستنی دوکانەکانیان، جارێکی دیکە سەلماندیان کە ئەو دەسەڵاتە هیچ مەشروعییەتی نییەو پشتیوانی و هاودەنگی خۆیان بۆ حیزبە کوردیەکان و بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدان و زیندانیانی سیاسی، دەربڕی.