خەبات مێدیا: هەواڵدەریەکان باسیان لە برینداری و قرتانی هێندێک لە ئەندامانی جەستەی چوار مێرمنداڵ کردووە کە بەهۆی تەقینەوەی مین لە شاری مێهران ڕوویداوە.
عەباس زەیدی، سەرۆکی پێوەندیە گشتیەکانی ئۆرژانسی ئیلام لە لێدوانێکدا لەگەڵ میدیا ناوخۆییەکان، هەواڵی برینداری و کەم ئەندامبوونی ئەو چوار مێرمنداڵەی پشتڕاست کردۆتەوە.
زەیدی، وتویەتی کە ئەو چوار مێرمنداڵەی تەمەنیان ۱۳ و ۱۴ ساڵە، و لە عەشایر و ئاژەڵدارانی ناوچەی "بان چەرمگ"ی سەر بە شاری مێهرانن، ڕۆژی پێنج شەممه ۱۶ی بەفرانبار، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.
ناوبراو لەدرێژەدا باسی لەوە کردووە کە لەو ڕووداوەدا کەس نەکوژراوە، بەڵام بریندارەکان برینی قورس و لێبوونەوەی جەستەیان هەیەو بۆ یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری مێهران گواستراونەتەوە.