خەبات مێدیا: بە پێی ڕاپۆرتەکان بڵاوکراوەکان، لە ڕێکەوتی 20ی بەفرانبار هەتا 27 ی بەفرانبار، لانیکەم 9 کۆڵبەر بوونەتە قوربانی.
شایانی باسە کە ساڵانە سەدان کۆڵبەر لە سنوورەکانی کوردستانی ئێران دەبنە قوربانی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، تەقینەوەی مین، سەرما و هەرەسی بەفر، کەوتنە خوارەوە لە بەرزایی و دەیان ڕووداوی دیکەی هاوشێوە.
لە ماوەی حەوتووی ڕابردوو سێ کۆڵبەر بە ناوەکانی بارزان میهەنی، ئەسعەد و بێهلول سیدانی فەر، لە نێو هەرەسی بەفردا لە سنووری ورمێ ون بوون و خەڵکی ناوچەکە دەگەڕێن بە دوایاندا، بەڵام بەهۆی خراپی کەش وهەوا و نەبوونی پێداویستی هێشتا نەیانتوانیوە ئەم کۆڵبەرانە کە یەکیان تەمەنی ژێر هەژدە ساڵە، بدۆزنەوە.
هەر لەماوەی ئەو حەوتووەدا، مێهران ڕەحمانی بەتەقەی هێزەکانی ڕژیم کوژراوە و هەروەها ئیبراهیم ڕەحمانی و هاوڕێ ڕەحمانی بەهۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم، برینداربوون.
یاسر سەحرایی خەڵکی کولسەی سەر بە شاری جوانڕۆ و عوسمان موحەممەدی خەڵکی سەلاسی باوەجانی، بەهۆی تەقینەوەی مین بریندار بوون.