هاونیشتمانی کوردستان!
تێکۆشەرانی ڕێگەی ئازادی!
بە بۆنەی 2ی ڕێبەندان 76مین ساڵڕۆژی دامەزرانی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد پیرۆزبایی گەرم پێشکەش بە هاونیشتمانیانی ستەملێکراو لە کوردستان و هۆگرانی ڕێگەی ئازادی و ڕزگاری لە ستەم و بێدادی لە ئێراندا دەکەین. پیرۆزبێ ئەم یادە بە شکۆ و مێژووییە لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، زیندانیانی سیاسی، پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان و چالاکانی مەدەنی تێکۆشەر لە ناوخۆی کوردستانی ئێراندا.
دامەزرانی کۆماری کوردستان لە 2ی ڕێبەبندانی ساڵی 1324 کۆچی خۆری لە سەر دەستی پێشەوا قازی محەممەد، سەرەتایێکی گرینگ بوو لە دەسەلاتداریی کورد بە سەر ژمارەیەک لە شار و ناوچەکانی کوردستانی ئێراندا. هەرچەند بە هۆی پیلانی دژمنانی گەلی کوردو دەسەڵاتی حەمەڕەزا شا لە ئێران، کۆماری کوردستان تەنیا 11 مانگ تەمەنی پڕ لە سەروەری بەڕێکرد بەڵام لەو ماوە کەمەدا کاری گرینگی بۆ خزمەت بە هاونیشتمانیانی کوردستان ئەنجامدا، بەتایبەت لە بواری ئازادیی تاکە کەسی، ئازادی ئافرەتان، پەرەپێدان و گەشەپێدانی خۆێندن بە زمانی کوردیی، گەشەی زانستی بە پێی هەلومەرجی ئەو سەردەمە، چاپکردنی چەندین بڵاو کراوەو کتێب و کۆڕی زانستیی و وێژەیی و ئەدەبی.
یەکێک لە تایبەتمەندیە بەنرخەکانی دیکەی کۆماری کوردستان، کاریگەریە باشەکانیەتی، وەک برەودان بە مافی ژنان و هەستی ئازادیخوازی و نیشتمان خۆشەویستی ڕێزی بەرانبەر،لە سەر هەموو تاکێکی گەلی کوردو هەموو دانیشتوانی غەیرە کورد لە هەموو شوێنێکی کوردستان و لە لە لای هەر ئازادیخوازێکی ئێرانی.
هەروەها کۆماری کوردستان وەک سەرچاوەیەک و باڵانوێنێکی ئازادیخوازی و مافخوازی لە ناوچەکەدا بە بایەخەوە لێ دەڕواندرێ.
یەکێک لە پەیامە ماندگارەکانی کۆماری کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان، بەردەوام بوونە لە تێکۆشانە لە پێناو دابین کردنی ماف و ئازادیەکان و هەستی یەکیەتی و تەبایی خوازی لە کوردستان و هاوکاری و یەکگرتوویی لە نێوان هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستانداو ڕەد کردنەوەی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان لە ئێرانداو بە دیاری کراوی ڕەد کردنیەوەی دەسەڵاتی ئاخوندی دیکتاتۆر و پاشماوەکانی دەسەڵاتی حکومەتی شای ستەمگەر، لە پێناو گەیشتنی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران بە مافەکانی لە چوارچێوەی ئێرانێکی دیموکڕاتیکدا.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران جارێکی دیکەو بەم بۆنە پیرۆزەوە داوا لە هێزو لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران دەکا، هەموو پێکەوە بە یەکگرتوویی لە پێناو ڕوخانی ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی و بەرەو پێشبردنی خەباتی مافخوازانەی گەلی کورد لە کوردستانی ئێران، چوارچێوەێکی تۆکمە بۆ هاوکاری و تەبایی داڕێژین تا لە بەرەوپیش چوونی جولانەوەی ئازادیخوازی خەڵکی کورد و خەباتی ئازادیخوازی لە بەرانبەر دەسەڵاتی نامەشروعی ئاخوندی دەوری سەرەکی تر بگێڕین.
پیرۆز بێ ٢ی رێبەندان یادی کۆماری کوردستان
درود بۆ ڕۆحی پێشەوا قازی محەممەد
بڕوخێ رژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی لە ئێران
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
کومیتەی ناوەندی
1 ی ڕێبەندانی 1400 کۆچی خۆری
21 ی جانیوەری 2022