هاونیشتمانیانی تێکۆشەر!
مامۆستایانی قوتابخانەکان لە ئێران و کوردستان!
ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی لە جیات خزمەت بە خەڵکی ئێران و دابین کردنی حەقی کاری کرێکاران، مامۆستایانی مەدرەسەو ئوستادانی دانشگاکان، کارمەندانی ئیدارەکان و هەموو ئەو کەسانەی ماندوون لە کوردستان و ئێراندا بە تاڵان دەبا. ئەو ڕژیمەو دەسەڵاتدارانی سەرمایەو داهاتی خەڵکی ئێران بەفیڕۆ دەداو پوڵ و داهاتی جەماوەری ئێران دەداتە دەستەوتاقمە ترۆریستیەکان و ترۆریستانی حیزبوڵای لوبنان وترۆریستانی حوسیی لە یەمەن هەروەها دەسەڵاتدارانی ئەو ڕژیمە دیکتاتۆرە بەشێکی سەرەکی داهاتی خەڵکی ئێران لە پەرەپێدانی چەکی کۆمەڵکوژو پەرەپێدانی بەرنامەی ئەتۆمی بە مەبەستی دروست کردنی بۆمبی ئەتۆم و ئامانجە شەرەخوازیەکانی بە کار دێنێ.
شاراوە نیە کە دەسەڵاتدارانی ڕژیم و دەست و پێوەندەکانیان،ملۆێنها دۆلارو ملیاردها تمەن و بەشێکی زۆر لە سەرمایەو داهاتی نەتەوەکانی پێکهێنەری ئێران دەدزن و لە بانکە جیهانیەکان دەشارنەوەو هەروەها کۆشک و تەلاری گەورەو ئوتۆمبێلی گرانبەهای پێ دەکڕن. دەسەڵاتدارانی دیکتاتۆر لە ئێراندا نەک چارەسەری وەزعی نالەباری خەڵکی ئێران ناکەن و ئەگەر جەماوەری ئێران و کوردستان و چین و تۆێژەکانی وەک کرێکاران و مامۆستایانی مەدرەسەو ئوستادانی زانستگەکان و جوتیاران و تێکڕای خاوەن مافە بێ مافەکان داوای مافەکانیان بکەن دەکەونە بەر هێرش و پەلاماری دڕندانەی هێزە سەرکوتگەرەکان و زیندانی و شکەنجە دەدرێن.
هاونیشتمانیانی بەڕێز!
وەک ئاشکرایە ماوەی چەند ڕۆژە مامۆستایانی سەرانسەری ئێران و زۆربەی شارەکانی کوردستانی ئێران دەستیان داوەتە مانگرتن و داوای مافە ڕەواکان و دابین کردنی حقوقی مانگانەو هەروەها مافی خانەنشینی و چەندین ویست و داوای دیکەیان لە هەشت خاڵدا کۆیان کردۆتەوەو بە دەسڵاتیان ڕاگەیاندوە بەلام تا ئێستا هیچ وەڵامێکیان وەرنەگرتوە.
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران وێڕای پشتگیری لە داوا ڕەواکانی مامۆستایانی خۆێندنگەو مەدرەسەکان لە کوردستانی ئێران و سەرانسەری ئێران، داوا لە تێکڕای دانیشتوانی کوردستانی ئێران و خەڵکی ئێران دەکا پشتگیری و پشتیوانی موعەلیمەکان و مامۆستای زانستەگەکان و جوڵانەوە ڕەواکەیان بکەن. بێگومان بە پشتگیری و یەکگرتوویی تێکڕایی، ویستو داواکانی خەڵکی وەزاڵەهاتوو دێتە دیی و شاهیدی پاشەکشەی دەسەڵاتی سەرکوتگەری ئاخوندی و هەڕەشەو تۆقاندن دێ و لە ئاکامیشدا نەتەوەکانی ئێران شاهیدی ڕوخان و کۆتایی ئەو دەسەڵاتە جینایەتکارە دەبن.
سەرکەوی خەباتی مافخوازانەی مامۆستایانی ئێران و کوردستان
بڕوخێ ڕژیمی دیکتاتۆری ئاخوندی
سازمانی خەبات ی کوردستانی ئێران
11ی ڕێبەندانی 1400 کۆچی خۆری